رێبین رهحیم
نووسەر
شۆڕشی رووناکی و پاکیی ژینگە
کوالێت و جۆری ئەو هەوای کە مرۆڤەکان هەوای لی وەردەگرن و هەناسەی تیدا دەدەن کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان و زیندەوەران هەيە، هەوا یاخود بەرگەی هەوا لە چەند جۆر گاز پيك هاتووە لە وانە نايتروجين (N2) کە بە گەورەتریت پیكهاتەی گازی بەرگەی هەوا بە ریژەی 78% دادەنریت، گازی ئۆكسجين (O2) Oxygen کە بە دووەم گە ورەترين پيكهاتەی بەرگی هەوا دادەنریت بە ریژەی 20.946% ، هەروەها هەڵمی ئاو و دووانۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆجین و میپان هیتر بە ریژەی %1.054 بەشدارن لە پيك هاتەی بەرگەی هەوای Atmosphere، پیسبوونی هەوا بە يەكێك لەو كێشە گەورە و سەختانە دادەنریت کە لەم سە دەیەدا رووبەرووی مرۆڤایەتی بووەتەوە.
ئەو هەوایەی هەناسەی لێ دەدەین، تێکەڵەیەکە لە گازە جیاوازەکان و تەنۆلکە وردەکان (رەق و شلەکان). سەرچاوەی ئەم گازانە بەشێکیان سروشتییە و بەشەکەی تریشیان بەهۆی چالاکییە جیاوازەکانی مرۆڤەوە دروست دەبن و دەچنە نێو بەرگەهەواوە. کاتێک گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەی گاز و ئۆکسیدەکاندا دێت، پیسبوونی هەوا ڕوودەدات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و گۆڕانی ژینگە دەبێت. لە گرنگترین هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا دەتوانرێت ئاماژە بە زیادبوونی دانیشتووان، گەشەی خێرای شارەکان، چڕبوونەوەی هۆکارەکانی گواستنەوە و گەشەکردنی پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان بکرێت. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە ڕێزبەندی پێنجەمین وڵاتانی جیهاندایە کە زۆرترین گۆڕانی ژینگەیی تێدا ڕووی داوە؛ ئەمەش لە تێکچوونی کوالێتیی هەوا، ئاو و خاکدا رەنگی داوەتەوە و دەرئەنجامی زۆر خراپی لە داهاتوودا دەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێک لە کێشە گەورە و بەردەوامەکان کە لە دوای ساڵی 1992ـەوە سەری هەڵدا، کێشەی دابینکردنی کارەبا بوو بۆ هاووڵاتیان. لەو سەردەمەدا و بە مەبەستی چارەسەرکردنی کاتیی ئەم کێشەیە، پەنا بۆ دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە برا، کە لە ئێستادا ژمارەیان لە نێو شارەکاندا گەیشتووەتە هەزاران مۆلیدە. بێگومان، کارپێکردنی مۆلیدەکان بە شێوازێکی بەردەوام و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ژینگە دروست کردووە. لەم سۆنگەیەوە، پڕۆژەی "ڕووناکی" (شۆڕشی ڕووناکی و پاکیی ژینگە) بە یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاککردنی ژینگە دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیە وەرچەرخانێکی گەورەی لە ژینگەی هەرێمدا دروست کردووە، بەتایبەتی لە باشترکردنی کوالێتیی هەوای شار و شارۆچکەکاندا.
پڕۆژەی ڕووناکی کۆتایی بە جەنگێکی گەورەی تێکچوونی هەوا هێنا کە ماوەی زیاتر لە 34 ساڵ بوو ژینگەی وێران دەکرد. پێشتر، بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان ساڵانی 2021 تا 2024، شاری هەولێر وەک یەکێک لە شارە هەرە پیسبووەکانی جیهان لە ڕووی هەواوە پۆلێن دەکرا؛ بە جۆرێک ئاستی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان لە هەوادا لە نێوان (250 بۆ 450) مایکرۆگرام بوو، کە کوالێتییەکەی زۆر خراپ و ناتەندروست بوو. بڕیاری حکوومەت بۆ لابردنی مۆلیدەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ەووناکی" بە مەبەستی دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری، ئارامی و مژدەیەکی گەورەی بە هاووڵاتییان و ژینگەدۆستان بەخشی. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی رووناکی دابینکردنی کارەبای بەردەوامە، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا هەبووە. گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە بریتین لە:
1. کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی ڕۆژانەی 140 هەزار بەرمیل سووتەمەنی بۆ مۆلیدەکان لە هەرێمی کوردستان.
2. کوژاندنەوەی (7,767) مۆلیدەی گەورە و مامناوەند کە تواناکانیان لە نێوان (100 بۆ 1000) KVA دابوو.
3. داخستنی 20 بۆ 50 پاڵاوگەی نایاسایی.
4. رێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی سەدان مەتر سێجا ئاوی پاک بە شێوەی رۆژانە.
5. گۆڕینی کوالێتیی هەوا لە دۆخی ناتەندروست و زۆر خراپەوە بۆ تەندروست و زۆر باش.
6. پاراستنی تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە.
7. کۆتاییهێنان بە پیسبوونی ژاوەژاو (پیسبوونی دەنگی).
8. راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و بوژانەوەی کەرتی ئابووری و گەشتوگوزار.
9. دەرهێنانی شاری هەولێر لە لیستی شارە هەرە پیسبووەکانی جیهان لە ساڵی 2025دا.
جگە لە پڕۆژەی رووناکی، چەندین پڕۆژەی ژینگەییی دیکەی گرنگ خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بە ئامانجی دابینکردنی داهاتوویەکی سەوزتر بۆ هەرێمی کوردستان؛ لەوانە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی هەزاران دۆنم دار لە دەوروبەری شارەکە. ئەم پشتێنە سەوزە بە درێژاییی 92 کیلۆمەتر و پانیی 2 کیلۆمەتر، وەک قەڵغانێکی سروشتی هەولێر دەپارێزێت و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی تۆز و خۆڵبارین و باشترکردنی کوالێتیی هەوای شارەکە دەبێت.