ئیسماعیل ئیبراهيم
نووسەر
قەوارەی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، نەک پڕۆژەی بازرگانیی چاڤیلاند و گوندی ئەڵمانی!
مێژووی گەلی کوردستان پڕە لە سەروەری و سەرکەشی و خۆڕاگرییو بەرگریکارانە راوەستان لەبەردەم پیلانی نەیاران، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا هەمیشە دەفتەری مێژوو لاپەڕەیەکی رەشی تەرخان کردووەبۆ تۆمارکردنی کاراکتەرە چڵکاوخۆر و کەمپەینە میدیاییە شڕەکانیان.
ئەوەی لەم چەند رۆژانەی رابردوودا لە دەمی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەزۆکی نەوەی نوێ دەبیسترێت، لەگەڵ ئەو ژاوەژاوە میدیاییە خیانەتکارانەیەی کە ماکینەی چەواشەکاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی دەکات، هیچ نییە جگە لە بەشێک لەو مۆسیقا فسفۆڕییە کۆنەی کە دەیانەوێت تەسلیمی نەیارانی ئەم خاکەی بکەن.
بەڵام لە بەرامبەردا پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان روون و بڕاوەیە: قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خوێنی پاقژی سەدان هەزار شەهیدی گەلەکەمان و ئەنفال و کیمیابارانە؛ ئەم قەوارەیە پڕۆژەیەکی تیجاریی وەک "چاڤیلاند" نییە کە شاسوار بە ئارەزووی بازرگانیی خۆی و غەریزەی پارەپەیداکردنی پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بکات!
شاسوار؛ سەرۆکی حیزب یان لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە گوندی ئەڵمانی؟!
بۆ تەواوی شەقامی کوردی، چیتر هێڵەکان تێکەڵ نین و ماسکەکان بە تەواوی کەوتوون. لێدوانەکانی ئەم دواییەی شاسوار عەبدولواحید، کە تێیدا بێشەرمانە باسی لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی دەکرد، رووکاری راستەقینەی ئەو هاوپەیمانێتییە ژێربەژێرەی دەرخست کە لە نێوان نەوەی نوێ و ئاغاکانیدا هەیە. شاسوار لەم لێدوانانەیدا وەک سەرۆکی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی سەربەخۆ قسە ناکات، بەڵکو رێک وەک ئەندامێکی بەکرێگيراوی سەرکردايەتیی یەکێتی دەردەکەوێت کە تەنیا ئەركی جێبەجێکردنی ئەجێندای تێکدەرانەیە.
کاتێک بەڕێز مسرور بارزانی بەکردەيی هەنگاوي نا دژ بە قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان، هەر ئەم پاشکۆیەتییە پێکەنیناوییە بوو کە وای کرد لەبری یەکێتی شاسوار عەبدولواحید ببێتە پارێزەر و بە پەلە دێتە سەر خەت بۆ شاردنەوەی دزی و تاڵانییەکانی سلێمانی. ئەمەیە ئەو کاراکتەرە "ئۆپۆزیسیۆنە" کارتۆنییەی کە دەیەوێت چارەنووسی گەلێک دیاریی بکات بە پيلانی دوژمنانی دەرەکی کورد!
عەقڵییەتی زیندانی و پێشکەشکردنی کورسییەکان لەسەر سینیەکی زێڕین!
وەک چۆن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە روونی پەردەی لەسەر ئەم راستییە لادا: "ئەم پیاوە کە تازە لە زیندان بەڕەڵایان کردووە، کوردستان وەک پڕۆژەیەکی بازرگانی دەبینێت، شاسوار عەبدولواحید ئازاد نەکراوە و هێشتا لە زیندانی عەقڵییەتی ژێر فشاردایە".
راستییەکە ئەوەیە، شاسوار بە جەستە هێنراوەتە دەرەوە، بەڵام لەژێرباری فشار و زۆرەملێی ئاغاکانی یەکێتیدا، ئێستا هاتووە و سەرجەم دەنگدەرانی نەوەی نوێی خستووەتە ناو زیندانێکی ناچارییەوە، ئەو ناڕاستەوخۆ بەدەمی بێشەرمی خۆیەوە دەڵێت: "من کورسییەکانم پێشکەشی یەکێتی دەکەم و ئەوان ئازادن چی لێدەکەن!".
"ئەم ڤیدیۆیەم بۆ هەڵگرن بۆ تاریخ"! مێژوو رسوای کردیت!
شاسوار هەمیشە لە چاوپێکەوتنە میدیاییە رێکلامییەکانیدا بە فیزەوە دەیگوت: "ئەم ڤیدیۆیەم بۆ هەڵگرن بۆ تاریخ"! ئێستاش شەقامی کوردی، میدیا هۆشیارەکان و هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەر هەموو ئەو ڤیدیۆ و بەڵێنە درۆینانەیان بۆ هەڵگرتووەتەوە و رۆژانە بەسەر چاویدادەدەنەوە. ئەو مێژووەی باسی دەکرد، ئەمڕۆ وەک شایەتێکی زیندوو تۆماری کردووە کە چۆن لە پێناو بەرژەوەندیی شەخسی و بازرگانیدا، بووەتە ئامرازی دەستی ماکینە میدیاییە خیانەتکارەکەی یەکێتی بۆ لێدان لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
تەنانەت ئەو رۆژنامەنووس و چاودێرانەی کاتی خۆی لەبەر ناوبانگی هەرێم بەرگرییان لێ دەکرد کاتێک لەسەر دۆسیە یاساییەکانی دەستبەسەر بوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لێی بەری بوون و دەزانن کە لێدوانەکانی ئێستای، تێکستگەلێکی نووسراون لە ژوورە تاریکەکانی زيندان بۆ دژایەتیکردنی پارتی.
هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێم و ريفراندۆمی سەربەخۆيی
ئەوانەی لە ساڵی 2017ـدا لە دژی ریفراندۆم و ئیرادەی سەربەخۆیی گەلەکەمان وەستانەوە و ناوی خۆیان لە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا نووسی، ئەمڕۆش بەم هاشوهوش و ژاوەژاوە میدیاییە دەیانەوێت هەمان کار بکەن. بەڵام با شاسوار و ئاغاکانی لە تاقمی خیانەتی ناو یەکێتی، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، باش بزانن:
"پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پشتگیریی جەماوەرە دڵسۆزەکەی و بە حیكمەت و رابەرایەتیی حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک چیای هەڵگورد و قەندیل، پیرەمەگروون، سەفين و دار بەڕوو رەگی داکوتاوە. پڕۆژە دژە نەتەوەییەکانتان بۆ لاوازکردن یان هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم تەنها خەیاڵێکی خاوە مەگەر لە خەودا بیبینن. شەقامی کوردی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لێتان بێدەنگ نابن، وەڵامی شیاوی ئەم دەم پیسی و خاکفرۆشییەش تەنیا رسواییەکی دیکەی مێژوویی دەبێت بۆ ئێوە و ماکینە ئیعلامییە چەواشەکارەکەتان."
جاش سوار، گەر کەرامەتی سیاسیی خۆت و جوڵانەوەکەت ئەوەندە سووک بێت کە پێشکەشی قاچاخچییەکانی بکەیت، دڵنیابە دەنگدەر و بەشێک لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ئەوەندە بێئیرادە نین ببنە بەشێک لەم بازرگانییە کە بەرهەمەکەی نیشتيمان فرۆشییە!
مێژوو سەلماندوویەتی کە عەقڵییەتی بازرگانی و جاشایەتی ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بشکێنێت. لافاوی چەواشەکاریی میدیاکانتان تەنیا کەفی سەر ئاوە و دەڕوات، بەڵام ئەوەی وەک تاشەبەردی نەپساوە دەمێنێتەوە، قەوارەی دەستووریی هەرێم و پێگەی پۆڵایینی پارتییە. ئەم قەڵایە خاوەنی هەیە و خاوەنەکەشی سەرۆک مسعود بارزانی و جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی.