با ململانێی سەر شاشەکان کۆتایی پێ بهێنین و کێشەکان لەناو پەرلەمان یەکلا بکەینەوە!

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی تەواو هاوکاتە لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت. 

ئەم پەیامە جارێکی دیکەش راستگۆیی و خەمخۆریی پارتیمان بە گشتی و رێبەر و مەرجەعمان جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بە تایبەتی دەسەلمێنێت بۆ پاراستنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان.

مێژوو و واقیعی سیاسی گەواهی ئەوە دەدەن کە پارتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی. 

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتیمان بە خستنەڕووی چەندین پێشنیاز و رێگەچارەی گونجاو، هەموو دەرگاکانی گفتوگۆی بە کراوەیی هێشتەوە، بەڵام بەداخەوە نەبوونی وەڵامی ئەرێنی لایەنەکانی تر، پرۆسەکەی گەیاندە ئەم قۆناخە سارد و نەخوازراوە.

وەکوو ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ ناوەڕۆکی ئەم راگەیاندراوە بەرپرسیارانەیە دەردەبڕم. 

منیش تەواو هاوڕام لەسەر ئەو بۆچوونە دروستەی کە دەڵێت، کاتێك مێزی گفتوگۆ و سەردانی شاندەکان بێ ئاکام دەبن، ئیتر کاتی ئەوەیە ململانێی ناو میدیاکان کۆتایی پێ بهێنین و کێشەکان ببەینە ناو دامەزراوە فەرمییەکان.

لێرەوە داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم، چ ئەوانەی کورسیی زۆریان هەیە و چ ئەوانەی کورسیی کەمتریان هەیە، فەرموون پێکەوە و کوردستانیانە کار بکەن بۆ کاراکردنەوە پەرلەمان. 

ئێمە ئەركمان زۆرە کە پێویستە لە بەغدا ئەنجامی بدەین بۆ بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی قەوارەکەی، بۆیە داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکەم لەناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرس بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، لە کۆتاییشدا هەموو لایەکمان پابەندی ئەو بڕیارە بێت کە لەژێر سەقفی پەرلەمان دەدرێت.

دۆخی پڕ لە گۆڕانکاریی ناوچەکە بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەخاتە سەر شانمان. 

کات کوشتن و درێژەدان بەم دۆخە تەنیا و تەنیا زیان بە ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمەکەمان دەگەیەنێت و کەس تێیدا براوە نابێت، بۆیە هۆڵی پەرلەمان شەرعیترین و گونجاوترین شوێنە بۆ یەکلاکردنەوەی هەموو جیاوازییەکان.