سادق سیرینی
نووسەر
ئایا شاکارەکان لەسەر زگی برسییەکان دروست دەکرێن؟
لە قوڕتوبەوە تا هەولێر... مانیفێستێکی شارستانیی و ئەندازیاری دژی فەوزای فیکریی و کورتبینی ئابووری
گۆڕانکاریی مێژوویی لەسیمای شاردا
لەکاتی راگەیاندنی پڕۆژە ستراتیجیی و نیشتمانییە مەزنەکاندا، هەمیشە لەناو کایە گشتییەکان یان شەقام و سەکۆکان یان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتاری لایەنگرانەو سۆزدارانە سەر هەڵدەدەن بەپێچەوانەی گوتاری پۆپۆلیستیی و سۆزدارانەی رووت، لەوانەش هێنانەوەی دەستەواژەی باوی: (لُقمةٌ في بَطن جائِع خيرٌ من بِناء ألْفِ جامِع) واتە پارووە نانێک لە زگی برسییەکدا، باشترە لەبنیاتنانی هەزار مزگەوت - وەک بەڵگەیەک بۆ رەخنەگرتن و رەتکردنەوە.
نەخۆشی فەوزای فیکریی لەپشتی پەردەی ڕەخنەکانەوە
ئەم جۆرە لێکدانەوانە کاتێک پڕۆژەیەکی پێشەنگ ڕادەگەیەنرێت یان لەکاتی راگەیاندنی هەر پڕۆژەیەکی مەزندا لەزۆربەی وڵات و کۆمەڵگەکاندا سەرهەڵدەدەن، ئەگەر لەناخی هەندێک کەسدا رەنگدانەوەی خەمخۆریی و لایەنی سۆزداریی خەڵک بێت بۆ دۆخی بژێویی و ئابووریی، ئەوا لەپشتێنی ئەجێندای تێکدەران و نەیارانی قەوارەی نیشتمانیی و فەوزاچییەکاندا تەنیا ئامرازێکە بۆ چەواشەکاریی و دروستکردنی پشێوی، ئاشووب، هاندانی شەقام دژی پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە.
هەروەها گوزارشت لەجۆرێک لەنەخۆشی فەوزای فیکریی و جەهل بەمێژووی گەشەپێدانی گەلان دەکەن. بۆ بەرپەرچدانەوەی عەقلانیی و حەکیمانەی ئەم تێڕوانینانە، پێویستە گوتارەکەمان لەبازنەی ململانێی زبرو کاتی دەربهێنین و بیبەستینەوە بەحیکمەت و دانایی دەوڵەت و ستراتیجییەتی گەشەپێدانی بەردەوام.
ستراتیجییەتی دەوڵەت یان بیرکردنەوەی بەکاربەر؟
ئەم تێڕوانینە سۆزدارە لەڕووی مرۆییەوە شایستەی رێزە، بەڵام هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییە کاتییەکان و ستراتیجییەتی ئایندەسازیدا ناکات. دەوڵەت و سەرکردایەتیی سیاسی ناتوانن تەنیا لەچوارچێوەی (کۆمەڵگەی بەکاربەر)و پێداویستیی رۆژانەدا بیر بکەنەوە.
بنیاتنانی ناوەندێکی رۆحیی و شارستانیی وا زەبەلاح، خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەکی مەزنی رەخساندنی هەلیکارە بۆ سەدان گەنج، ئەندازیار، کرێکار، کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ناوخۆییەکان.
میدیاو بەربەستەکانی گەشەپێدانی فەرهەنگی
لەقۆناخی درێژخایەنیشدا، وەک مەڵبەندێکی گەشتیاریی، ناوەندێکی زانستیی و نێودەوڵەتی، دەبێتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ جووڵاندنی بازاڕو راکێشانی وەبەرهێنان و سەرمایە، کە ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە خزمەتی راستەوخۆ بەدۆخی بژێوی هەمان ئەو چینە کەم دەرامەت و کەم داهاتانە دەکات کە نەیاران وەک دەهۆڵی رێکلام بەکاریان دەهێنن و باسیان لێوە دەکەن.
گوتەی "لُقمَةٌ في بَطن جائِع..." دەربڕینێکی جوانی مرۆییە، بەڵام کاتێک دەکرێتە رێکلام و بەربەست لەبەردەم پاراستنی ناسنامەی فەرهەنگیی و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان، پەیامەکەی شێوێندراوەو کراوەتە چەکێکی ژەهراوی.
پەندی مێژوویی.. چۆن شاکارە تەلارسازییەکان مانەوە؟
لەمێژووی ئیسلامدا، شاکارە میعمارییەکانی وەک مزگەوتی قوڕتوبە، ئومەوی لەشام و شاکارەکانی ئەستانبوڵ لەکاتێکدا دروستکراون کە کۆمەڵگەکان پێویستیی زۆریان بەهاوکاریی ماددی هەبووە، ئەگەر گەڕیدە، فەیلەسوف و مێژوونووسان بەو لۆژیکە بەرتەسکە بیریان بکردبایەوە، ئەمڕۆ مرۆڤایەتی خاوەنی هیچ پێناسەیەکی شارستانیی و شاکارێکی تەلارسازی نەدەبوو کە گەلانی جیهان شانازیی پێوە بکەن.
ئەمڕۆ، پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی"، تەنیا فەزایەکی چەسپاوی پەرستش و نوێژکردن نییە، بەڵکو مەجمەعێکی فرەڕەهەندی خێرخوازی، زانستی، فەرهەنگیی و پەروەردەییە کە لەئایندەدا خۆی دەبێتە قەڵایەکی مەزن بۆ چاودێریکردنی هەژاران و نەداران لەڕێگەی ناوەندە رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیەکانییەوە.
دیدگای قورئان، یەکگرتنی رۆح و چاکسازیی کۆمەڵگە
لەم پێوەندییەدا، قورئانی پیرۆز هیچ کاتێک پاککردنەوەی رۆح و چاکسازیی ئابووریی کۆمەڵگەی لەیەکتر دانەبڕیوە. تەنانەت توندترین لۆمەی خودای مەزن لەسوورەتی (الماعون)دا هاتووە، کاتێک نکوڵیکردن لەئایین دەبەستێتەوە بەپشتگوێخستنی برسیی و هەژاران: (أرأيت الذي يُكذّب بالدّين * فذلك الذي يدُعُّ اليتيم * ولا يحُضّ على طعام المسكين). کەواتە ئەو سوجدەو پەرستشەی لەم مزگەوتە مێژووییەدا دەکرێت، خۆی ئەو بزوێنەرە ئیمانییەیە کە دەوڵەمەندو خاوەن پێداویستییەکان ناچار دەکات برسییەتی هەژار وەک مافی سەرشانییان ببینن، نەک وەک پیاوەتیی و منەتباری. مرۆڤ بە (نان) دەژیت، بەڵام بە "ئیمان" دەزانێت بۆچی دەژیت..
دوو هێلی هاوتەریب.. ئاوەدانکردنەوەی مرۆڤ و خاک
ئاوەدانکردنەوەی مرۆڤ و ئاوەدانکردنەوەی خاک، دوو هێلی هاوتەریبن و هەرگیز یەکتری رەت ناکەنەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی بەرپرسیارییەتی دابینکردنی بژێوی خەڵک و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەردەوامن و کارەکانی راپەڕاندووە، بەڵام هاوکات پاراستنی سیمای ئایینی، شارستانیی و پێگەی نێودەوڵەتی وڵات و نیشتمانیش بەئەرکی خۆی دەزانێت.
ئەم ناوەندە گەورەیە لەئایندەدا تەنیا فەزایەکی رۆحی نابێت، بەڵکو دەبێتە بزووێنەرێکی ئابووریی، زانستیی و گەشتوگوزاریی بۆ هەولێر، کە دەرەنجامەکەی بەخێری گشتی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە.
نەرمبوونی دڵەکان لەمیحڕابەکاندا
خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: پڕۆژە ستراتیجییە مەزنەکان خەرجکردنی پارە نین بەفیڕۆ یان بەهەدەردانی سامان، بەڵکو وەبەرهێنانێکی درێژخایەنن لەداهاتووی ئابووریی، رۆشنبیریی و کولتووریی وڵاتدا، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا رێگەیەکی بنەڕەتییە بۆ بنبڕکردنی بێکاریی و کەمکردنەوەی هەژاری.
کۆمەڵگەی تەندروست ئەو کۆمەڵگەیەیە کە مزگەوت بنیات دەنێت بۆ ئەوەی هۆشیاریی مرۆڤ بەرز بکاتەوە و برسییەکانیش تێر دەکات بۆ ئەوەی ژیانیان بپارێزێت، تاکو ئاوەدانکردنەوەی زەویی و ئاوەدانکردنەوەی ئاسمان لەیەک جەستەدا یەکبگرن، بەو زانینە تەواوەی کە نەرمبوون و چاکبوونی دڵەکان لەمیحڕابەکاندا، زامنی راستەقینەی تێربوونی زگەکان و گەیشتنی گەل و میللەتە بەماف، دادپەروەریی و دڵسۆزی نیشتمانیی.