نیان عومەر تۆفیق
نووسەر
کاتێک بازرگانێکی مایەپووچ باسی شکۆ دەکات!
وەڵامێک بۆ شاسواری بەتاڵ و حەتاڵ؛ لەم دواییانەدا، شاسوار عەبدولواحید، ئەو سەرۆک حیزبە شکست خواردووەی کە مێژووی لەسەر فێڵکردن لە خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند و فێڵە بازرگانییەکان بونیاد ناوە، جارێکی تر گرێ دەرونییەکانی خۆی تەقاندەوە. ئەم زاتە بە زمانێکی بازاڕی و نزم کە تەنها شایەنی ئاستی خۆیەتی، سووکایەتی بە یەک ملیۆن مرۆڤی تێکۆشەری ئەم نیشتمانە کردووە و بە شێوازی "کورتان" باسی کەرامەتی گەورە پیاوانی ئەم وڵاتە دەکات.
لێرەوە بە روونی بە شاسوار دەڵێین کاتێک تۆ باسی "کورتان" دەکەیت، ئێمە سەرزەنشتت ناکەین، چونکە مرۆڤ هەمیشە بەپێی ئەو ژینگەیەی تێیدا پەروەردە کراوە و ئەو دەستەواژانەی کە هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندیەکانیدا چەندین ساڵە بەکاری هێناوە ، قسە دەکات!
هەمووان دەزانن کە تۆ ئێستە لەژێر فشار و دۆخێکی دەروونی خراپدایت بەهۆی ئەوەی بەسەردا هات ، خەڵک دەزانن تۆ یەکیەتی سڕی کردویت بەڵام پەلاماری پارتی دەدەیت، تۆ کە قسە دەکەیت لەسەر پارتی و سەرکردەکانی ئایە زانیوتە ئەم حزبە 80 ساڵ تەمەنی خۆی لە شاخ و لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کەرامەتی ئەم گەلەدا بەڕێ کردووە، پێویستە ئاوێنەیەک بخەیتە بەردەم خۆت جیاوازیی نێوان خۆت و سەرکردایەتی پارتی، جیاوازیی نێوان کێوی سەفین و گردێکی خۆڵە ببینیت، ئەم حزبە تەمەنێکە ڕابەرایەتی شۆڕش و مێژووی گەلەکەیەتی، ئەی تۆ ؟ تۆ تەمەنێکە پێشەوای فێڵکردن و مامەڵەی بە دەنگدەر و هاووڵاتیانەوە!!
تۆ دەڵێیت لەمەودوا عەسران بەتاڵم و بە ئێوە ڕادەبوێرم بەڵێ، تۆ دەبێت بەتاڵ بیت! تۆ هیچت نەماوە تا سەرقاڵ بیت تۆ کە ئەو پیاوە بیت کە بە شەق و سەرشۆڕی ١٥ کورسیی پەرلەمانت لێ بستێنن، توش لەپێناو ئازادیی خۆت لە زیندان و پاراستنی پڕۆژەکانت، مامەڵە بە هەموو شتێکی حیزبەکەت و دەنگی خەڵکەوە بکەیت و تەسلیمی ئیرادەی یەکیەتی بکەیت، چاوەڕێی ئەوەشت لێ دەکرێت حەتاڵ و بەتاڵ ببیتە تیکتۆکچی و لە پشت شاشەی مۆبایلەکەتەوە عەسران دانیشیت و گرێی حەسانەوەی زیندانەکەت بە جنێودان بە خەڵکی سەربەرز بڕێژیت.
ئێستە تۆ لە زیندانی کۆنکرێتی ڕزگارت بوو، بەڵام بۆ هەمیشە چوویتە ناو زیندانی سەرشۆڕی و ڕێککەوتنی ناچاری و زۆرەملێی ژێربەژێر، شاسوار جگە لەوەی دەنگدەرەکانی خۆی بۆ هەمیشە دۆڕاند بە سووکایەتیەکانیشی هێندەی تر سەنگ و قەبارەو ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخستووە. هەرچەندە پارتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دانابەزنە ئەو ئاستە بازاڕیەی شاسوار ، بەڵام خۆ شاسوار و هاوئاوازەکانی لە هەرێمێکدا دەژین کە یاسا و دادگا بونی هەیە و بەپێی یاسا توندەکانی عێراق و هەرێم دەبێت ڕێکاری یاسایی لە دژی بگیرێتە بەر، تۆمەتبارکردن و ناوزڕاندن و تەشهیرکردن لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە باجی قورسی یاسایی هەیە.
روونکردنەوەی یاسایی تاوانەکە بۆ هاووڵاتییان
ئەم شێوازە لە تەشھیر و بڵاوکردنەوەی بێڕێزی لە سۆشیال میدیادا لەلایەن بەڕێوەبەری حیزبێکەوە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر بڕگەکانی یاسای سزایی عێراقی و یاساکانی هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە:
1-یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان (ژمارە 6ـی ساڵی 2008) ئەم یاسایە توندترین سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو کەسانەی سۆشیال میدیا بۆ ناوزڕاندنی گشتی یان شەخسی بەکاردەهێنن. بەپێی ماددەی (1): "هەر کەسێک بە شێوەیەکی خراپ ئامێری تەلەفۆن، مۆبایل، ئینتەرنێت، یان سۆشیال میدیا بۆ مەبەستی تۆمەتبارکردن، جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی دەستەواژەیەک بەکاربهێنێت کە ببێتە هۆی شێواندنی ناوبانگ یان ناوزڕاندنی کەسێکی تر یان لایەنێک..." سزاکەی: بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەی دارایی قورس (1بۆ 5 ملیۆن دینار).
2- یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 111ـی ساڵی 1969) - ماددەکانی 433 و 434. ماددەی 433 (تەشھیر/القذف): جەخت دەکاتەوە لەوەی هەر کەسێک تۆمەتێک بخاتە پاڵ هەر کەسێک یان لایەنێک بەمەبەستی سوکایەتی و ناوزڕاندن سزا دەدرێت بە حبس و غەرامە وە ئەگەر لە ڕێگەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە، ئەوا تاوانەکە دەبێتە (ظرف مشدد) واتە حاڵەتی توندکراو، کە سزای بەندکردنی هەیە و ناتوانرێت وەک کێشەیەکی ئاسایی سەیر بکرێت.
ماددەی 434 (جنێودان و سووکایەتی ): ئاڕاستەکردنی ئەو دەستەواژە نزم و سووکانە (وەک کورتان و سووکایەتی بە پێگەی سەرکردایەتی حزب بە تاوانی ئاشکرا دادەنرێت و سزای حەبس و غەرامەی توندی لەسەرە.
میکانیزمی جێبەجێکردن
پێویستە بە فەرمی لە دادگای لێکۆڵینەوە سکاڵا تۆمار بکرێت بە پشت بەستن بەو ڤیدیۆ و پۆستانەی بڵاوکراونەتەوە چ لە لایەن شاسوار خۆی یان دەزگا میدیایەکەی تا چیتر ڕێگە نەدرێت بە کەسانی شکستخوارد و دۆڕا و ڕق و قینی دڵی خۆیان لەژێر پاساوی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی میدیایی بڕێژن ئەمە جگە لەوەی ئەم پۆست و فیدیۆ ئاست نزمانە دەشبنە ئەرشیف لە مێژووی هەرێمەکەمان.