كهنعان بههادین
هەواڵساز
پڕۆژەی ئاوی هەولێر لە سەنحاریبەوە تاوەکو مەسرور بارزانی
"من سەنحاریبم، شای جیهان و وڵاتی ئاشوور، سێ رووبارم لە چیاکانی خانی هەڵکەندووە، ئەو چیایانەی کەوتوونەتە هەورازی شاری هەولێرەوە، ئاوی کانیاوەکانی لا دەستە چەپ و راستی ڕووبارەکانیشیم تێکەڵی پڕۆژەکە کردووە، بەنداوێکیشم هەڵکەند، بەهۆیەوە ئاوم گەیاندە ناوەڕاستی شاری هەولێر نیشتمانی خوداوەندی مەزنی عەشتار".
پادشا سەنحاریب، ئەمەی لەسەر تاشەبەردێک لە نزیک بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی سەنحاریب نووسیوە، لە ساڵی 1933 بۆ یەکەمجار بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری مووسڵ لەلایەن شوێنەوارناس یۆردان راوێژکاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەو تاشە بەردە دۆزرایەوە و ناوی سەنحاریبیشی لەسەر نووسرابوو.
ئەم پڕۆژەیە بەیەکەمین پڕۆژەی گەیاندنی ئاو لە عێراق دادەنرێت، لە دووری 55 کم، لە سەدەی حەوتەمی پێش زاین لە سەردەمی پاشا (سەنحاریب) سەردەمی ئاشوورییەکان (2500-612 پ.ز) ئاو هێنرایە قەڵای هەولێر.
دوای سەدان ساڵ، پارێزگای هەولێر فراوانییەک و پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینی و لە چوار پێنج گەڕەکەوە بۆ 138 گەڕەک فراوان بوو.
بۆیە هەولێر دووچاری قەیرانێکی گەورەی کەمئاوی بووەوە، کابینەی نۆیەم بە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو کە بۆ ماوەی 30 ساڵ کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارەسەر دەکات، راگەیاند.
مەسرور بارزانی بۆ ئەم پڕۆژەیە رایگەیاند، " پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو، قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تا نزیکەی 30 ساڵی دیکە، کێشەی کەمئاوی لەم شارە نامێنێت. دا وام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆییی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێکبخرێتەوە، تاکوو تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بگەیەندرێتە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر".
بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە ئاو گەیەندرایە تەواوی گەڕەکەکانی هەولێر، هەندێک گەڕەک کە دەیان ساڵ بوو بەدەستی کێشەی کەمئاوییەوەوە دەیانناڵاند، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە گرفتەکەیان بۆ چارەسەر کرا.
قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە گوژمەکەی نزیکەی 480 ملیۆن دۆلار بوو، لە ماوەی کەمتر لە 550 رۆژ جێبەجێکرا و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بە رێژەی 100% چارەسەر کرد.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە رۆژێکدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر کاتژمێرێک 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەنێرێت.
پڕۆژەکە بە چوار هێڵی سەرەکی لە نێوان گەڕەکەکانی شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەکرێت، پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پرۆژەکە لە زێی گەورە دەست پێدەکات و پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەکە و فلتەرکردن و کلۆرکردنی ئاوەکە، بە ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 کیلۆمەتر بۆڕیی سپایڕۆڵ بەکار هاتووە و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ بەستنەوەی پرۆژەکە بە گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەکار دێت. رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەکانی شاری هەولێر دەنێرێت.