ئيبراهيم حاجی ساڵح
نووسەر
ئایندەی سەرچاوەکانی ئاو و ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا
دۆسیەی ئاییندهی سەرچاوەكانی ئاو و ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان له هاوكێشهی نێوان ئاڵنگارییهكانی ژینگە و سیاسەتی هەرێمایەتی بهكار هێنانی ئاو و ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له پاراستنی ئاسایشی ئاوی خۆیدا دهخولێتهوه. ئەم دۆسێیه له داهاتوودا بە گۆڕانی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت وئهمهش لە ڕێگەی دوو تەوەری سەرەکییەوە كه بریتییه له:
- ئاڵنگارییهكانی داهاتوو و سیاسەتی ئاوی وڵاتانی دراوسێ: بەنداو و پڕۆژەکانی تورکیا و ئێران لەسەر شاخ و سەرچاوەی رووبارەکان (وەک زێیهكانی زابی بچووك و سیروان). ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی سەرچاوە گرنگەکانی ئاوی ههرێمی كوردستان وەک ههردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان بە رێژەیەکی ترسناک لە وەرزهكانی وشکەساڵیدا.
- گۆڕان و گەرمبوونی کەشوهەوا: ناوچەکە چهندین ساڵه رووبەڕووی وشکەساڵی و دابەزینی باران وبەفر بۆتهوه کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی و گلدانهوهی سەرزەوی هەیە. ههروهها گەشەی دانیشتووان و شارنشینی كه بووەته هۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتووکاڵ، كه ئهمهش ژێرخانی ئاو دەخاتە ژێر فشارێكی بەردەوامەوە.
هەر لەبەر ئەم هۆیانهش و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسیانە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی داڕشت بۆ پاراستنی داهاتووی ئاو كه بریتی بوو له پڕۆسهی دروستكردنی (بەنداو و پۆندهكان)، ئهمهش له چوارچێوهی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو دێت، كه لە چارەسەری کاتییەوە ههنگاوی نا بۆ دیدێکی ستراتیژی درێژخایەن لەسەر ئهم بنچینانهی خوارهوه:
- فراوانکردنی دروستکردنی بەنداو وپۆند: گرنگیدان بە دروستکردنی دەیان بەنداوی بچووک و مامناوەند بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و لافاو. ئەم سیاسەتە نەک تەنیا یارمەتیدەر بووە بۆ بهفیڕۆ نهچوونی ئاوی سەرزەوی، بەڵکو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە رێژەی 100 مەتر له ههندێك ناوچهدا.
- بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و کشتووکاڵ: ئامانج لەم بەنداوه مۆدێرنانە، گۆڕینی ناوچە کشتوکاڵییەکانه لە پشت بەستن بە بارانی وەرزی بۆ ئاودێری بەردەوام و پاراستنی کەرتی کشتووکاڵ لە ئاستەنگەکان؛ ههروهها هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، تا ههرێم بتوانێ ببیته قوڵایی ستراتیژی یەدەگی ئاوی عێراقیش.
- وەبەرهێنانی ژینگەیی و گەشتیاری: دروستكردنی دەریاچەی دەستکردی نوێ كه بەکاردەهێنرێت بۆ هاندانی گەشتیاریی ناوخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە دەوروبەری شارە گەورەکاندا.
بەکورتی ئایندەی ئاو لە ههرێمی کوردستان پڕۆسهیهكی ئاسان نییە، بەڵام هەرێمەکە توانایهكی ژینگهیی و جوگرافیای باشی هەیە، کە بتوانێ هەرێمێکی دهوڵهمهند بێت له بواری ئاودا .
هەرێمی کوردستان و بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق و بەهۆی سروشتی شاخاوی و رێژەی بەرزی باران و بەفر بارین، خاوەنی سەرچاوەیهكی ئاوی سەرزەوی دەوڵەمەنده. بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ئاوی ههرێم و بەدەستهێنانی ئاسایشی ئاویش، ستراتیژی ئێستا و داهاتوو جەخت لەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی دهكاتهوه :
1. فراوانکردنی دروستکردنی بەنداو و دەریاچەی دەستکرد: بەنداوەکان هێڵی بەرگرین بۆ پاراستنی ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا و رێکخستنی ئاودێری. کارەکان لێرە بەسەر دوو ئاستدا دابەش دەکرێن:
- بەنداوی سەرەکی: پاراستن و پەرەپێدانی بەنداوەکانی ستراتیژی وەک بەنداوی دوکان و بەنداوی دەربەندخان و بەنداوی دهۆک بۆ زیادکردنی تواناکانیان و بەڕێوەبردنیان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن.
- بەنداوی بچووک ومامناوەند و پۆندهكان: فراوانکردنی دروستکردنی بەنداوی بچووک لە دۆڵ و ناوچە شاخاوییەکان بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی و پاڵپشتیکردنی کشتووکاڵی ناوخۆیی (بۆ نموونە بەنداوەکانی: كۆمهسپان، دێوانه، بهستۆڕه، خهنهس، ئاقوبان، تۆرهجار ).
2. مۆدێرنکردنی سیستەمی ئاودێری و کشتووکاڵی زیرەک:
- کشتووکاڵ بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی ئاو بەکاردەهێنێت و زۆربەیان پشت بە شێوازە كلاسیكییهكان دەبەستن کە ئهمهش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاوێكی زۆر.
- گواستنەوەی پڕۆسهكه بۆ ئاودێری مۆدێرن: ئهمه پاڵپشتی جووتیاران دهكات بۆ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای ئاودێری دڵۆپە و پرژاندن.
- داپۆشینی جۆگەکانی ئاودێری: کەمکردنەوەی لەدەستدانی ئاو بەهۆی دزەکردن و بههەڵمبوون لەکاتی گواستنەوەی ئاو بۆ زەوییه كشتووكاڵییهكان.
3. پاراستن و دووباره پڕکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی: ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکە (بەتایبەتی لە دەوروبەری هەولێر و سلێمانی) بەهۆی هەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی نایاسایی و کەمی باران بارین، لە هەندێک وهرزدا، یان زۆر دابهزیون یان به تهواوی وشك بوون.
- رێکخستنی هەڵکەندنی بیر: کۆنترۆڵ و بەربەستی توند لە هەڵکەندنی بیری ئاوی نوێ.
- پڕۆژەی پڕکردنەوەی دەستکرد: ئاراستەکردنی ئاوی لافاو و باران بۆ حەوزی تایبەت بهمهبهستی دزەکردنی ئاو بۆ ناو زەوی و زیندووکردنەوەی بیرەکانی ژێر زەوی.
4. چارەسەرکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی زێراب: ئاوی پاشەڕۆی چارەسەر نەکراو و پاشماوە پیشەسازییەکان هەم هەڕەشەی ژینگەین و هەم دەرفەتێکی لەدەست دراون.
- دامەزراندنی وێستگەی چارەسەری مۆدێرن لەشارە گەورەکان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک) بەمەبەستی بەکارهێنانەوەی ئاوی قوڕس و بەکارهێنانیان بۆ ئاودێری پشتێنەی سەوز و باخچە گشتییەکان و بەروبوومی ئالیک، کە ئەمەش فشار لهسەر ئاوی سازگار کەم دهكاتهوه.
5. دیپلۆماسییهتی ئاو و هەماهەنگی هاوبەش:
- لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا: بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ بەڕێوەبردن و دابەشکردنی دادپەروەرانەی پشکی ئاو لە بەرژەوەندی عێراق بەگشتی.
- لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ: چالاککردنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دڵنیابوون لە دهست گهیشتنی دادپەروەرانە و جێگیری ئاو لە رێگەی رووبارە هاوبەشەکانەوە (وەک زاب سەروو، زاب خواروو و رووباری سیروان) بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان
6. بڵاوکردنەوەی کولتووری بهكارهێنانی ژیرانه و هۆشیاری کۆمەڵگه: ناساندنی چەمک و گرنگیی سامانی ئاو لە پرۆگرامی خوێندنگاکان وچڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی میدیا بۆ کەمکردنەوەی به فێڕۆدانی ئاوی ماڵان و بەکارهێنانی سیستەمی کۆکردنەوە و پێوەری زیرەک بۆ کەمکردنەوەی زێدهڕۆیی له بهكارهێناندا.
پڕۆژە تەواوکراوەکانی پەیوەست بە ئاو
یەکەم: ژێرخانی ئاو
پڕۆژەی بەنداوه تەواوکراوهكان بۆ زیادکردنی توانای عەمبارکردنی ئاو بە بڕی 253 ملیۆن و 300 هەزار مەتر سێجا بەبڕی 265 ملیار و 700 ملیۆن دینار:

سێیەم: پرۆژەکانی ئاو
پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو بریتین لە پڕۆژە گەورەکانی وەک پڕۆژەی ئاوی "دووکان - سلێمانی 3" و پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر. دهۆک، رانیە و دەربەندخان کە تێچووی گشتی 2.26 تریلیۆن دینار و 779 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

ئاراستەكانی ئێستا و داهاتوو
كابینهی نۆ زیاتر جەخت لهسەر پڕۆژەکانی ( پۆند) دهكاتهوه بۆ خێرایی کۆکردنەوەی ئاو وەک چارەسەرێکی نەرم و هەرزان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و پاڵپشتیکردنی گوندەکان لە وەرزەکانی کەم ئاویدا.
خۆشبهختانهش، بارودۆخی ئاو لە هەرێمی کوردستانی عێراق باشبوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئهمهش بەهۆی وەرزی بارانبارینی بەخوڕ لەم دواییانەدا، کە بووەتە هۆی زیادبوونێکی دیار لە پڕبوونی زیاتر و ستراتیژی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوودا.
پلانی ستراتیژی درێژخایەن: بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو، حكوومهتی هەرێمی کوردستان بەرەو دروستکردنی 18 بەنداوی دیکە هەنگاو دەنێت. هەروەها کار بۆ داخستنی بیرە ئیرتیوازییهكان دەکات، بۆ ئهم مهبهستهش وهاوکات لەگەڵ ئەم بەنداوانە، ههردوو وەزارەتی کشتووکاڵ و شارهوانی سەرکەوتوو بوونه لە داخستنی زیاتر لە 1000 بیری ئاوی ژێر زەوی و چاوهڕوان دهكرێ له زستانی داهاتوو 380 بیری تریش دابخرێن، ئهمهش بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنان و بوژاندنەوەی ژینگەی ئاوی ژێر زەوی له رێگهی دابینکردنی سەرچاوەی جێگرەوە له ئاوی سەرزهویدا.
------------
سهرچاوه:
1.فهرمانگهی میدیا و زانیاری(2026): پوختهی پرۆژه ستراتیژییهكانی كابینهی نۆ به داتا، راپۆرتێكی بڵاوكراوه له5/7/2026 pdf.
2.عهلی رهشید(2026): بهڕێوهبردنی زیرهكانهی ئاو له ههرێمی كوردستان، دیمانهیهكی بڵاوكراوه له كهنأڵی (الشمس) به زمانی عهرهبی.
3. رائید عگێلی(2026): تێڕوانینێكی درێژخایهن بۆ بهڕێوهبردنی سامانی ئاو له ههرێمی كوردستان، راپۆرتیكی بڵاوكراوه له 12/5/2026 له رۆژنامهی سهباح به زمانی عهرهبی.
4. رهوا كهمال (2025): راگهیاندنی كاتی تهواو بوونی پڕۆژهی فریاگوزاریی ئاوی ههولێر، راپۆرتێكی بلاوكراوه له رۆژنامهی تهئاخی له13/8/2025 به زمانی عهرهبی.