جەگەر عەزیز هەرکی
نووسەر
بۆچی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین بەس نییە؟
پرسی سووتەمەنی لە هەموو وڵاتێکدا زیاترە لەوەی تەنیا بابەتێکی بازرگانی بێت، بەڵکوو بەشێکی گرنگی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتە. هەر کاتێک دابینکردنی بەنزین دەبێتە کێشە، کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دروست نابێت، بەڵکوو کاریگەری لەسەر نرخی گواستنەوە، خۆراک، کشتوکاڵ، پیشەسازی و هەموو ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا، زۆر باس لەوە کرا حکوومەتی فیدراڵ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەم بڕە بەتەنیا دەتوانێت بازاڕی بەنزین جێگیر بکات؟
لە روانگەی زانستی و تەکنیکییەوە، وەڵامەکە نەخێرە و ئەو رێژەیە بەش ناکات.
زۆر کەس وا دەزانن 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو واتە 50 هەزار بەرمیل بەنزین، لە کاتێکدا ئەم تێگەیشتنە زانستی نییە. هەر بەرمیلێک 159 لیترە، واتە 50 هەزار بەرمیل نزیکەی 7.95 ملیۆن لیتر نەوتی خاوە، بەڵام نەوتی خاو لە پاڵاوگەدا دابەش دەبێت بۆ چەندین بەرهەمی جیاواز لە بەنزین، گازۆیل، غازی شل (LPG)، نەوتی سپی، سووتەمەنیی فڕۆکە و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان. بەپێی جۆری نەوت و ئاستی تەکنەلۆژیای پاڵاوگە، تەنیا نزیکەی 22%ـی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەنزین. واتە لە 50 هەزار بەرمیل، نزیکەی 1.8 ملیۆن لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دێت. ئەگەر تێکڕای پڕکردنەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر بێت، ئەو بڕە بەنزینە تەنیا بۆ نزیکەی 45 هەزار ئۆتۆمبێل لە رۆژێکدا بەس دەبێت. لە هەرێمێک دانیشتووانەکەی زیاتر لە 6.5 ملیۆن کەس بێت، چوار پارێزگا، دەیان قەزا و سەدان شارۆچکە و گوندی هەبێت و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش بەردەوام لە زیادبووندابێت، ئەم بڕە بەتەنیا ناتوانێت پێداویستیی رۆژانەی بازاڕ پڕ بکاتەوە.
لە هەڵسەنگاندنێکی زانستییانەدا پێداویستیی سووتەمەنی مەزەندە دەکرێت، پێداویستیی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بە بەنزین نزیکەی شەش ملیۆن لیتر بێت. ئەمە واتای ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆ تەنیا بەشێک لە پێداویستییەکان دابین دەکات و بەشە ماوەکەش ناچارە لە رێگەی هاوردەکردنەوە پڕ بکرێتەوە. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش بەهۆی جیاوازیی نێوان بەرهەمهێنان و پێداویستییەوە، پشت بە هاوردەکردن دەبەستن. بەڵام هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ناوچەی ئێمەدا تەنیا بابەتێکی بازرگانی نییە. ئاڵۆزییە جیوپۆلەتیکییەکان، مەترسیی رێگاکانی گواستنەوە، زیادبوونی کرێ و هەندێک کێشەی ئەمنی لە ناوچەکانی عێراق، هەموویان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەردەستبوونی سووتەمەنی و تێچووی کۆتایی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی بەنزین نابێت تەنیا بە نرخی نەوتی خاو هەڵسەنگێندرێت. پاڵاوتنی نەوت پرۆسەیەکی تەکنیکیی ئاڵۆزە و پێویستی بە کاتالیست (ماددەی هاندەر)، ماددە کیمیاییەکان، وزە، پارچەی یەدەگ، خزمەتگوزاریی تەکنیکی و چاودێریی بەردەوام هەیە. هەر گۆڕانکارییەک لە بازاڕی جیهانیی ئەم پێداویستییانە، لە کۆتاییدا لەسەر نرخی لیترێک بەنزین رەنگ دەداتەوە.
هەروەها جۆری نەوتی خاو خۆی کاریگەرییەکی گرنگی هەیە. هەموو نەوتێک بە یەک رادە بەنزین بەرهەم ناهێنێت. نەوتی سووک بەنزینی زیاتر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام نەوتی قورس پێویستی بە پاڵاوتنی ئاڵۆزتر و تێچووی بەرزتر هەیە. بۆیە تەنیا باسکردن لە ژمارەی بەرمیلەکان، وێنەی تەواوی دۆخەکە پیشان نادات. ئەگەر سەیری پێوانەی عێراق بکەین، رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ دەپاڵێورێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 50 هەزار بەرمیلە، واتە نزیکەی 5%. لە کاتێکدا ئەگەر بەپێی رێژەی دانیشتووان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، دەبێت ئەو پشکە نزیکەی 140 هەزار بەرمیل بێت. ئەو بڕەش دەتوانێت زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم بهێنێت و بەشێکی زۆر لە فشارەکانی بازاڕ کەم بکاتەوە.
پرسی بەنزین نابێت تەنیا بە دیدی سیاسی ببینرێت. ئەمە پرسی ئاسایشی وزەیە، پرسی توانای پاڵاوتن، دابینکردنی ماددەی سەرەتایی و پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنییە. هەر بڕیارێک لەم بوارەدا بدرێت، پێویستە لەسەر بنەمای زانست، ژمارە و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بێت، چونکە ئاسایشی وزە، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە پێویستە نوێنەرانمان لە بەغدا، بە هەموو جیاوازییە سیاسییەکانییەوە، پاڵپشتیی داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ دابینکردنی رێژەی پێویستی نەوتی خاو، چونکە ئەم پرسە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی هەموو هاووڵاتییانی هەرێم هەیە.