رەنجدەر رزگار
نووسەر
رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بنیاتنانی حکوومەتی دیجیتاڵ و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان
لە سەردەمی ئێستادا، تەکنەلۆژیا و گەشەی سیستەمە دیجیتاڵییەکان بوونەتە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوە حکوومییەکان، زۆربەی وڵاتان هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان خێراتر، وردتر و شەفافتربکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی جددی پڕۆژەی حکوومەتی دیجیتاڵی دەستپێکردووە و ژمارەیەک سیستەمی نوێی ئەلیکترۆنی و پۆرتاڵی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و دامەزراوەکان جێبەجێکردووە، ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ستراتیژی گەورەی چاکسازیی حکوومی و ئاسانکردنی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان.
یەکێک لە دیارترین پڕۆژەکان، سیستەمی KRD Pass ـە کە وەک ناسنامەی دیجیتاڵی بەکاردێت، ئەم سیستەمە رێگە بە هاووڵاتی دەدات بە یەک هەژمار بچێتە ناو ژمارەیەک خزمەتگوزاریی حکوومی، ئەم کارە هەم کاتی هاووڵاتیان دەپارێزێت و هەمیش بارودۆخی کارکردنی دامەزراوە حکوومییەکان باشتر دەکات.
لە هەمان کاتدا، حکوومەت سیستەمی Government IDی پێشکەش کردووە کە ئامانجی دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتوو بۆ بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییە حکوومییەکانە، ئەم ناسنامە دیجیتاڵییە لە داهاتوودا دەبێتە بنەمای هەموو مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان و دەکرێت لە هەموو وەزارەت و فەرمانگەکاندا بەکاربهێنرێت، بەهۆی ئەم سیستەمە، بەڕێوەبردنی زانیارییەکان رێکخراوتر و پاراستنی داتاکان باشتر دەبێت.
هەروەها، سیستەمی E-Visa بۆ داواکاریی وەرگرتنی ڤیزای ئەلیکترۆنی هەنگاوێکی گرنگ بوو لە نوێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی هەرێم، لە رابردوودا داواکاریی ڤیزا پێویستی بە زۆر بەڵگە و سەردانی دامەزراوە جیاوازەکان هەبوو، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەو پرۆسەیە بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن، ئەمە هەم کات و تێچوو کەم دەکاتەوە و هەمیش وێنەیەکی مۆدێرنی هەرێمی کوردستان لەبەردەم جیهاندا نیشان دەدات.
لە بوارەکانی ناوخۆی حکوومەتدا، سیستەمی DMS (Document Management System) بۆ بەڕێوەبردنی بەڵگەنامەکان و نامە فەرمییەکان بەکاردێت، ئەم سیستەمە وایکردووە زۆربەی بەڵگەکان بە شێوەی دیجیتاڵ هەڵبگیرێن و گواستنەوەی نامەکان لەنێوان وەزارەت و دامەزراوەکان بە خێرایی و بێ کاخەز ئەنجام بدرێت. ئەمەش بۆ پاراستنی بەڵگە فەرمییەکاندا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت.
حکوومەت هەروەها پۆرتاڵی تایبەت بە کار و خزمەتگوزاریی کارمەندان، پۆرتاڵی سکاڵا، سیستەمی ناونیشانی مووچە، پۆرتاڵی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، سیستەمی تۆمارکردنی زانکۆ و خوێندکاران، دەروازەی حەج و ژمارەیەکی تر لە سیستەمە دیجیتاڵییەکانی جێبەجێکردووە، ئەم پڕۆژانە هەموویان ئامانجیان ئەوەیە کە خزمەتگوزارییەکان لە شوێنی یەکگرتوو کۆبکرێنەوە و هاووڵاتی بەتەنیا بە مۆبایل یان کۆمپیوتەر بتوانێت زۆربەی کارەکانی ئەنجام بدات.
رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژانەدا تەنیا لە دروستکردنی سیستەم نییە، بەڵکو لە گۆڕینی بیرکردنەوەی کارگێڕی حکوومیشدا دەردەکەوێت، لە رابردوودا زۆربەی مامەڵەکان پێویستیان بە کاخەز، مۆر، واژۆ و سەردانی چەندین فەرمانگە هەبوو، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدرێت زۆربەی ئەو پرۆسانە ئۆتۆماتیکی بکرێن و بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبچن. ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خێرایی خزمەتگوزاری، کەمکردنەوەی هەڵەی مرۆیی، باشترکردنی شەفافیەت و زیادکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە حکوومییەکان هەیە.
لە ئاستی ئابووریشدا، سیستەمە دیجیتاڵییەکان دەتوانن تێچووی حکوومەت کەم بکەنەوە، بەرهەمهێنانی کار زیاد بکەن و هەلومەرجێکی باشتر بۆ وەبەرهێنان دروست بکەن، کاتێک تۆمارکردنی کۆمپانیا، وەرگرتنی مۆڵەت، پارەدان و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام بدرێت، وەبەرهێنەران متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەمەش بە گەشەی ئابووری یارمەتیدەر دەبێت.
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە دیجیتاڵیانە هەوڵدەدات خزمەتگوزارییە حکوومییەکان نوێ بکاتەوە و کارگێڕییەکی هاوچەرخ دروست بکات، ئەگەر ئەم پڕۆژانە بە بەردەوامی پەرەپێبدرێن و هاوکات گرنگی بە پاراستنی زانیارییەکان، یاسا و شەفافیەت بدرێت، دەتوانن ببنە بنچینەی حکومەتێکی مۆدێرن کە هاووڵاتی لە ناوەندی هەموو خزمەتگوزارییەکاندا دادەنێت و متمانەی گشتی زیاتر بەدەست دەهێنێت.