پەیامنێری کوردستان24: هۆکاری تەقینەوەکەی حاجیاوە نەزانراوە

پەیامنێری کوردستان24 لە راپەڕین: بەهۆی تەقینەوەیەک لە ماڵی هاووڵاتییەک لە حاجیاوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربوونە.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی تەقینەوەکە زیانێکی زۆر بەر خانووی ماڵەکە کەوتووە و بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی پەیامنێری کوردستان24، ناردوویەتی ئاگرێکی زۆر لە خانووەکە کەوتووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە و هەروەها کەسێکی دیکەش نادیارە.

تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکییان لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرا نەکردووە.

هەروەها رۆژی هەینی 24ـی تەممووزی 2026، لە گوندی دێرێی سەر بە ناحیەی سەرکەپکان لە قەزای رانیە، بوتڵێکی گاز لە ناو ماڵێکدا تەقییەوە، بەپێی راگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین، لەو رووداوەدا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان گیانی لەدەست داوە و پێنج کەسی دیکەی خێزانەکەش بریندار ببون.

زانیارییەکان نوێکرانەوە

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لەبەردەم پزیشکی دادی رانیە رایگەیاند: تەقینەوەکە لە گوندی "کوفرە دۆل" روویداوە کە دەکەوێتە نێو سەنتەری قەزای حاجیاوا. ئەو ماڵەی تەقینەوەکەی لێ روویداوە، پێش دوو ساڵ باوک و دوو کوڕی خێزانەکە لەسەر رێگەی رانیە-دوکان لەرێگەی درۆنەوە کرابوونە ئامانج و گیانیان لەدەستدابوو.

بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەوە، سێ کەس کە دراوسێی ئەو ماڵە بوون و پێکهاتبوون لە ئافرەتێک و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا، هەروەها دوو ئافرەتی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد کە تەقینەوەکە زیانی ماددی زۆری بە خانووەکانی دەوروبەری گەیاندووە.

لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بە چڕی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەهۆی هەستیاریی شوێنەکەشەوە، ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نادرێت لە ماڵەکە نزیک ببنەوە بۆ رووماڵکردنی وردەکاریی زیاتری رووداوەکە.