پێناسەیەکی نوێ بۆ فەلسەفەی حوکمڕانی و سیاسەت لە ناوچەکەدا

چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی جەزیرە
چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی جەزیرە

من سەیری چاوپێکەوتنەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ئەنجامی دابوو، چاوپێکەوتنێک کە تەنیا لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە پێناسەی سیاسەت ناکات، بەڵکو دەروازەیەک بە رووی چۆنیەتیی حوکمڕانی و داڕشتنی سیاسەت لە ناوچەیەکدا دەکاتەوە کە قەیرانە جۆراوجۆرەکان تێیدا یەک دەبڕن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, خاوەنی کاریزمایەکی هێمن و قووڵە؛ زاڵبوونی بەسەر زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیدا، توانایەکی بێبەربەستی پێدەبەخشێت بۆ پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ دەوروبەریدا، بە دوور لە بەربەست و مەوداکانی وەرگێڕان. بەڵام ئەوەی لە توانای زمانەوانییەکەی زیاتر سەرنجی راکێشام، ئەو فیکرە قووڵەی جەنابییانە، کە بریتییە لە: "مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا بە عەقڵێکی تێگەیشتوو و کراوە."

لە ناوچەیەکدا کە راهاتووە هێزی سیاسی تێیدا بە ژمارەی ئەو نەیارەتی و ململانێیانە بپێورێت کە ئەنجامی دەدات، قسەکردنی ئەو لەسەر پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی سیاسیی سادە گەورەتر دیار بوو؛ بەڵکو دەربڕینی فەلسەفەیەک بوو کە پێی وایە "دەوڵەت، پێش ئەوەی سنوور، هەژموون و بەرژەوەندی بێت، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە مرۆڤ."

ئەو باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پێگەی هەرێم لە دەوروبەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، و پێویستیی کرانەوە بە رووی جیهاندا کرد بێ ئەوەی دەستبەرداری سەروەریی وڵاتی عێراق بێت؛ ئەمەش هاوکێشەیەکی ئاسان نییە لە ناوچەیەکدا کە تێیدا جوگرافیا لەگەڵ سیاسەت، سەروەری لەگەڵ هەژموون و، بەرژەوەندیی لەگەڵ قەیرانەکاندا تێکەڵ دەبن.

رەنگە گرنگیی دیدارەکە لەوەدا بێت کە پرسیارێکی گەورەتر لە وردەکارییەکانی سیاسەتی رۆژانە دەورووژێنێت: سەرکردایەتییەکی سیاسی چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و گۆڕانکارییەکانی دەوروبەری بخوێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ناسنامە و بەها مرۆییەکانی خۆی ون بکات یان لە واقیعی ئەو وڵاتە داببڕێت کە پێوەی بەستراوەتەوە؟

بەرنامەیەکی قووڵ و شایستەی بینینە، بە تایبەت بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت دیمەنی کوردستان و عێراق لە گۆشەیەکی فراوانتر لە ناونیشانە سیاسییە باوەکانەوە ببینێت.