مەلا بەختیار
سیاستمەداری دیاری کوردستان
مەلا بەختیار: ھێرشکردنە سەر بارەگای سەرۆکوەزیران؛ زەنگێکی مەترسیدارە!
مەلا بەختیار، سیاستمەداری دیاری کوردستان، لەبارەی هێرشە سرۆنییەکەی ئێران بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و ئۆفیسی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، رایگەیاند، ئەم هێرشانە زەنگی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، مەلا بەختیار، سیاستمەداری دیاری کوردستان، دەڵێت:"ئەم بەیانییە، بەپێی لێدوانە رەسمییەکانی حکوومەتی ھەرێم و بروسکەی لایەنە سیاسییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران دوو درۆنی گرتووەتە ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و ئۆفیسی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. ئەمکارەش، دەستبەجێ کاردانەوەی فراوانی لێکەوتۆتەوەو زۆربەی حزبەکانی عێراق و کوردستان و کەسایەتییەکان، سەرکۆنەیانکرد. ئێمەش پێمانوایە، ئەم دوو درۆنە، دوو بارەگای ھەستیاری رەسمی ھی سەرۆک وەزیران و ئاژانسی پاراستن، دوو درۆنن زەنگی مەترسیداری راستەوخۆن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. بەتایبەتی لەمانگی رابردووەوە، کۆماری ئیسلامی، باروتخانەی تاسڵوجەو تۆپخانەی تەگەران و فەرماندەیی و قەڵاچوالانیشی دابێژاوە. ئێستاش دوو بارەگای سەرەکی حکوومەت.
بێگومان ھەتا ئەمکارە ناڕەوایە سەرکۆنە بکرێت، دەیسەلمێنێت پشتیوانی ھەرێمی کوردستان فراوانە و مایەی دڵخۆشییە، بەڵام کێشەکە لەوە مەترسیدارتر و چارەنووسسازترە. تەنھا دڵمان بە بروسکەکان و پشتیوانییەکان خۆشنەبێت، چونکە ئەم رووداوانە لە سلێمانی و ھەولێر، پێشتریش لە دەڤەرەکانی دیکە، لەخۆڕا روویاننەداوە. بەتایبەتی کاتێک دەبینن، کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیتا پەیتا دەوڵەتە دۆستە عەرەبییەکانی خۆشی، بەھۆی بونی بنکەی ئەمریکاوە درۆن و موشەکباران دەکات، کە ئەوانە ھەموو دەوڵەتانی دانپێدانراوی نەتەوە یەکگرتوەکانن و کاریگەریی ناوچەکەن، ئیتر دەبێت ئێمە بزانین، ھەرێمی کوردستان، ھێشتا سەربەخۆ نییەو بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، لە عێراقیشدا شیعە ـدۆست و پشتیوانی ئێران- حاکمن، حەشدی شەعبی و فەسائیلیش دەوڵەتی قوڵن، دیارە لەبەر ئەو ھۆکارانەی لە دەوڵەتانی عەرەبی دەدرێت، لە روانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ ھەمان ئامانج ھەرێمیان لێدەرنەھاویشتووە. گەرچی حکوومەتی ھەرێم و دەشتوانم بڵێم زۆربەی حزبە سیاسییەکان، ھەڵوێستێکی ھاوسەنگ و بەرپرسیارانەشیان لەم جەنگە ناڕەوایەی ئێران و ئەمریکادا ھەبووە. جگە لە پەیوەندی دێرینی پارتی و یەکێتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەتا ھەنوکەش.
دوێنێ، میدیای عەرەبی و کوردی بڵاویانکردەوە، گوایە لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان بەڕێز نێچیرەڤان بارزانی و ئاغای وەحیدی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، بۆ دڵنیابونی ئەمریکا لە نییەتی گفتوگۆی ئێران و ناوبژیکردنی نێوانیان، ئاغای وەحیدی وتویەتی: پێمانخۆشە لە ھەولێر درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین، بەڵام دەترسین ئیسرائیل وەفدەکەمان تیرۆربکات. ئەگەر ئەم وەڵامەی ئاغای وەحیدی راست و دروستبێت، کەواتە: ئێران سورە لەسەرئەوەی ھەولێر مۆڵگەی گوماناوی ئیسرائیلە. لەمەوە، ھەتا دەگاتە بونی ھێزەکانی ئەمریکا و لایەنە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، ئیتر تێبگەین بەپێی زانیارییەکانی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی پاسداران، ئێران چۆن سەیری کوردستان دەکەن!. بۆچی ئێران لەم کاتەدا، کە ئەمڕۆ ئاخیر کەینوبەینی 60 رۆژ راگرتنی جەنگە، دوو درۆن دەگرێتە دوو بارەگای ڕەسمی؟! خۆ دەیانتوانی چەند رۆژێکیتر ھەمانکردەوە ئەنجامبدەن. دوورنییە ئێران وەکو ئۆڵتەماتیمی عەسکەری، پەیامی گەیاندبێتە ھەرێم و پێیانبڵێت: ئەگەر گەڕی چوارەمی جەنگ ھەڵگیرسایەوە، جەنگێکی فراوانتر و کوشندەتر دەبێت. چونکە ئەمریکا بە تەمایە گەمارۆی پۆڵاین بسەپێنێتە سەر ئێران! گەڕی چوارەمی جەنگەکە دوای ئەم گەمارۆیە، بێگومان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە گەڕەکانی تری جەنگەکە ترسناکتر دەبێت.
بۆئەوەی ئەو بۆچونەشمان پاڵپشتبێت بە رووداوەکان، دەڵێین: بەکردەوە جەنگ رانەوەستاوە، ئێران یەکێک لە مەرجەکانی بۆ کۆتاییپێھاتنی جەنگ، پاراستنی حیزب اللەو کۆتاییپێھاتنی کێشەی باشوری لوبنانە. کەچی ئیسرائیل بە راشکاوی دەیڵێن: ئێمە بە قسەی سەرۆکی ئەمریکا ناکەین و تا حزب اللە داماڵەخاسی چەک نەکرێت، ھەر پەلاماریدەدەین. تەنانەت لە غەززەش ناکشێنەوەو چاوەڕوانن دواچەک و تونێلی حەماسەکان ڕادەستبکرێت. بۆئەوەی ئەو فشارە لەسەر حزب اللەو حەماس کەمبێتەوە، دەبینین حوسییەکانی یەمەن لە دوو قۆڵەوە، شەڕگەکانیان گەرمکردووە. قۆڵی سعودییەو قۆڵی ناو یەمەن. کەواتە کوا جەنگ وەستاوە؟ ئەمریکا یەک پاپۆڕی نەکشاندووەتەوە. کارخانەکانی راسپاردووە دەبۆی چەکە قورسەکانی پڕ بکەنەوە. بەشە ھەرە گرنگەکەی حەشدی شەعبی عێراقیش، ئامادەنین چەک رادەست بکەن. بەڵکو ھادی عامریش ھاتەسەر ھێڵی گەرم و ھەڕەشەی لە جەنابی زەیدی کرد. ھەرێمی کوردستان، پێویستە لەناو کۆی ئەو دۆخەی ناوچەکە و عێراق و مەترسییەکانی ئێران سەیری رووداوەکان بکات. ئەم لێدانە ناڕەوایەش، لە دوو بارەگای رەسمی سەرۆک وەزیران و ئاژانسی پاراستن، ھەردەچێتە ناو ھەمان چوارچێوەی دۆخەکەوە. بەڵکو زەنگێکی مەترسیداریشە بۆ ھەرێم، بۆ سلێمانی و ھەولێر، کەلە ئەگەری بەرپاکردنەوەی جەنگدا، چۆن دەست لە قەتەر و سەڵتەنەتی عوممان ناپارێزن، ئاواش دەست لە ھەرێم ناپارێزرێت. بەڵکو گەیاندییانە ھێڵی سوریش. کەوابێ: کۆماری ئیسلامی ئێران، لەم جەنگە چارەنووسسازەیدا ھەموو سنورەکان دەبەزێنێت.