پێگەی مەسرور بارزانی لە هاوکێشەی هێزدا: بکەری سیاسی لە نێوان "ئیرادەی خۆڕاگری" و "گوشاری مێتافیزیکی"

پێگەی مەسرور بارزانی لە هاوکێشەی هێزدا: بکەری سیاسی لە نێوان "ئیرادەی خۆڕاگری" و "گوشاری مێتافیزیکی"
پێگەی مەسرور بارزانی لە هاوکێشەی هێزدا: بکەری سیاسی لە نێوان "ئیرادەی خۆڕاگری" و "گوشاری مێتافیزیکی"

بۆ شیکردنەوەی پێگەی مەسرور بارزانی وەک کارەکتەرێکی سیاسی لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکەی شەوی (١٧ی ئابی ٢٠٢٦) بۆ سەر نوسینگەکەی، پێویستە لە دەرەوەی چوارچێوەی باوی لێکدانەوەی سەربازی سەیری بابەتەکە بکەین. لە فەلسەفەی سیاسیدا، کاتێک سەرکردەیەک ڕووبەڕووی هێرشێکی هێمایی و مێتافیزیکی لەم شێوەیە دەبێتەوە، پێگەی ئەو لە "کارەکتەرێکی ئیداری"یەوە دەگۆڕێت بۆ "سوبجێکتی بەرگری" (Subject of Resistance). ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ کار لەسەر تاقیکردنەوەی پێکهاتەی دەروونی و فەلسەفەی حوکمرانیی ئەو دەکات و پێگەکەی دەخاتە ناو قۆناغێکی نوێی مێژووییەوە. قۆناغێك کە ئیدی ئەو کاراکتەرە لە پێگەی ناوخۆییەوە دەپەڕێتەوە بۆ پێگەی دەرەوەی سنوورەکان (هەرێمی و نێودەوڵەتیی).

لە ڕوانگەی فەلسەفەی هێزی مەکیاڤێلی و کانتەوە، دەکرێت پێگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانەدا لەچوارچێوەی سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت:

·  رەهەندی ئیرادەی خودموختار

مەسرور بارزانی لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران (کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩)ەوە، هەمیشە جەختی لەسەر چەمکی "کوردستانێکی بەهێز" و پاراستنی سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان کردووەتەوە. بە جۆرێك فەلسەفەی حوکمڕانی لەسەر بنەمای ئەم پایە سەرەکییە دەستی پێکردووە و هەنگاوی گرنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی هوێشتووە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان. ئەم تێڕوانینە لە رووی فەلسەفییەوە لەگەڵ چەمکی "خۆدەرخستنی نیشتمانی" یەکدەگرێتەوە. هێرشە درۆنییەکەی ئەمشەو بۆ سەر نوسینگەکەی، هەوڵێکە بۆ شکستپێهێنان و لێدان لەم پرۆژە فکرییە. تاران دەیەوێت نیشانی بدات کە ئیرادەی سیاسیی ئەو وەک سەرۆک وەزیران ناتوانێت لە دەرەوەی فەزای هەژموونی هەرێمی بڕیار بدات. لێرەدا، پێگەی ئەو دەبێتە هێمایەک بۆ پاراستنی "خودموختاریی بڕیاری کوردی"؛ خۆڕاگریی ئەو لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا، پێگەی سیاسیی ئەو وەک سەرکردەیەکی ستراتیژیی خاوەن پرۆژە جێگیرتر دەکات، لە کاتێکدا پاشەکشەکردنی دەکرێت وەک پاشەکشەی تەواوی قەوارەی هەرێم لێک بدرێتەوە.

·  رەهەندی "فەلسەفەی ترس"

ناردنی درۆنە خوکوژکییەکان بۆ سەر مەرکەزی بڕیاردانی مەسرور بارزانی، بەکارهێنانی تیۆری ترسی سیاسییە بۆ ناچارکردنی بە سازش. بەڵام وەک مەکیاڤێلی لە پەرتووکی "میر"دا ئاماژەی پێدەکات، کاتێک هێزێکی دەرەکی هەوڵدەدات لە ڕێگەی ترسەوە سەرکردەیەک بشکێنێت، ئەگەر سەرکردەکە بتوانێت سەقامگیریی دەروونی و سیاسیی خۆی بپارێزێت، ئەو ترسە دەگۆڕێت بۆ "سەرمایەیەکی ڕەمزی" (Symbolic Capital) بۆ سەرکردەکە. پەیامە خێراکەی مەسرور بارزانی کە هێرشەکەی وەک "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" پێناسە کرد بەبێ ئەوەی پاشەکشە لە مواقیفە فەرمییەکانی بکات، نیشان دەدات کە ئەو دەیەوێت ئەم هەڕەشە مێتافیزیکییە بگوێزێتەوە بۆ دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی و توندکردنی پێگەی دیپلۆماسیی خۆی وەک "پارێزەری سەقامگیریی ناوچەکە".

·  رەهەندی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و شەرعییەتی "بوونی نیشتمانی"

لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا، شەرعییەتی ڕاستەقینەی سەرکردە لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا تاقیدەکرێتەوە. بە ئامانجگرتنی هاوکاتی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و ماڵی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش و هەواڵگری، نیشانی دەدات کە نەیارانی هەرێم پێگەی مەسرور بارزانی وەک "چەقی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی" دەبینن. ئەمە وادەکات کە پێگەی سیاسیی ئەو لە سنووری حیزبی و حکوومیی باو دەربچێت و ببێتە پێگەیەکی سیادیی نیشتمانی. لێرەدا، وەڵامدانەوەی ئەو تەنیا وەڵامێکی ئیداری نابێت، بەڵکو دەبێتە داڕشتنەوەی نەخشەی "بەرگریی ستراتیژی" بۆ پاشەڕۆژی کوردستان.

کەواتە؛ مەسرور بارزانی لە بەرامبەر ئەم گوشارە مێتافیزیکی و درۆنییانەدا، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە کە تێیدا "کارەکتەری سیاسی" دەگۆڕێت بۆ "سیمبۆلی رووبەڕووبوونەوە". پێگەی ئەو ئێستا لە لوتکەی هاوکێشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەدایە؛ سەرکەوتنی ئەو لە گۆڕینی ئەم هێرشە هێماییانە بۆ یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری، پێگەی ئەو وەک سەرکردەیەکی مێژوویی لە یادەوەریی سیاسیی کورددا جێگیر دەکات.