سیاسی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی

نووسەر

هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران هەڕەشەیە لەهەموو کورد و پێگەی هەرێم

هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران هەڕەشەیە لەهەموو کورد و پێگەی هەرێم
هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران هەڕەشەیە لەهەموو کورد و پێگەی هەرێم

هێرشکردن و بە ئامانجگرتنی نووسینگەی بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، تەنیا چالاکیەکی گێرەشێوێنی نییە، بەڵکو هەوڵێکی نەگریسە بۆ لێدان لە پێگەی هەرێم و راگرتنی کاروانی ئاوەدانی و مۆدێلی سەرکەوتووانەی حوکمڕانی لە کوردستان، ئەو لەم قۆناخە نوێنەرایەتی هەرێمێک دەکات، کە هەزارەها قوربانی لەپێناو دراوە تا بە ئیمرۆ گەیشتووە، بۆیە سەرۆکی حکوومەت تەنیا دەوڵەتمەدارێکی کاتی نییە، بەڵکو سیمبولی نەتەوەیەکی خاوەن خەبات و شۆڕشە لەپێناو مافی گەلەکەی، بۆیە لەو روانگەوە ئەو جۆرە کارە تێکدەرانە هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر شوێنێکی جوگرافی بگە لێدانە لە پێگەو سەروەری هەرێم و گەلی کورد بە تێکرا.

ئاماژەی زۆرو جیاجیای لێ دەخوێندرێتەوە، لەسەروو هەموویانەوە شێواندنی ئاسایش و لێدانە لە پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێم و چاوهەڵنەهاتنە بەو ئارامی و سەقامگیرییەی کوردستان، هەوڵێکی زۆر نامرۆڤانەو بێ ویژدانانەیە بەرامبەر گەلی کوردو بەزۆر تێوەگلاندنی هەرێم و راکێشانییەتی بەرەو ئاگری شەڕو تەڕەفگیری جەنگ و دۆخی نەخوازراو، ناردنی زیاتر لە حەوت سەد درۆن بۆ سەر کوردستان هێمایە بەوەی ئەو جۆرە گروپ و دەستە و کەس و پشتیوانانیان چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە بەر قەوارەیی هەرێم بکەوێت، لەهەمان کات بۆ دروستکردنی درزو ئاژاوەنانەوە و دژایەتی بێلایەنی هەرێمی کوردستان و شێواندنی بنەماکانی دیموکراسیی و سەروەری و سەقامگیری ناوچەکەو شکاندنی شکۆی عێراق و، پەکخستنی هەوڵەکانە لەمەڕ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمە وەرچەرخان و پێشهاتێکی مەترسیدارەو پێچەوانەی شەرع و یاساو بەزاندنی هەموو سنوورو هێڵە سوورەکانە!

بە پێی ئەزموونی رابردوو و هەموو هەنگاوە هاوبەشەکان دەرکەوتووە، کە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە نەک شەڕخواز، هەمیشە ئاشتی و دیالۆگی بەلاوە گرنگ بووە، چونکە بە پێی ئەزموون و هۆشیاری سەرکردایەتی کورد ئەو راستییە بەرچاو خراوە، کە شەڕ چارەسەر نییە و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبوردەییە؛ زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و مرۆڤدۆستی، کە لەجیاتی هێرش و هەڕەشە دەبێت هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، ئەم هەست و هەڵوێستە بەردەوام لەگوتارو تێڕوانینەکانی سەرۆکوەزیران وەک ئەندازیاری ئاوەدانی و خاوەن پرۆسەی سەرخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێم و دیبلۆماسی و پارسەنگی هاوکێشە ئاڵۆزەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە کردەیی رەنگی داوەتەوەو بنەماو ستراتیژێکی گرنگ و جێگیرە، ئەمەش وای کردووە هەرێم بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە لە ئاستێکی باش دابێت و دەستەبەری نمونەیی هەرێمێکی ئاوەدان لە نێو ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان پیشان بدات، بۆیە ئەو جۆرە کارانە گورز و پەڵەیەکی رەش دەبێت بەنێو چاوانی بکەرانییەوە، بگرە ئەم جۆرە گروپ و تاقمانە هەڕەشەو مەترسی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

گەلی کورد لایەنگری شەڕ نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کورد ستەمی قبووڵە، چونکە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی گەورەیە، بە مانایەکی دیکە گەلی کورد دەریایەک خوێنی بەخشیوە تا بە ئەمڕۆی خۆی گەیشتووە، ئێستا هەرچییەکی لەدەست بێت بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەری نیشتمان دەیکات، رێگە نادات کەسانێک ئەجێندا و ئامانجی خۆیان لە لێکەوتەو دووڕیانی جەنگدا لە مەیدانی کوردستان تاقی بکەنەوە و شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، کە بەداخەوە لە پەراوێزی ئەم جەنگەوە بە درۆن هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت گەشەو ئاوەدانی و ئابووری و ئاسایشی کوردستان و سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردی بکەنە ئامانج و هەرێم بخەنە بازنەی ململانێ و شەڕەوە.

ئەمە ناحەقییەکی گەورەیە بەرانبەر گەلی کورد دەکرێت، تەنیا بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت نییە، بەڵکو لێدانە لە هەموو کورد لەهەر کوێی کوردستان و دونیا بێت! ئەو پیلانگێڕییە لەم کاتە هەستیارە کە ناوچەکەی پێ تێپەڕ دەبێت، مەبەست لێی شکاندنی ئیرادەو راگرتنی پێشوەچوونەکان و کاروانی ئاوەدانی و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و شێواندنی سەقامگیری و ئارامی کوردستانە، کورد خوازیاری ئەو دۆخە نییە و نایەوێت پڕوشکی ئاگری بەرکەوێت، هەرچەندە ئەم هەوڵانە کردەی ناڕەواو ترسنۆکانەن، بەڵام ئیرادەو خۆڕاگری گەلی کورد زۆر لەوە گەورەترە بەو جۆرە هێڕشانە بشکێت، لەبەر ئەوەی کورد قۆناخی سەختی بەڕێکردووەو ئێستاش بۆ هەمووان دەردەکەوێت ئەم رەفتارانەی دوژمن دەبێتە فاکتەری زیاتری یەکڕیزی و خۆڕاگری نێو ماڵی کوردو بەهێزبوونی کوردستان و پتەوبوونی سەرۆکوەزیران لە سەر نەخشەڕێی ئاوەدانی کوردستان.

ئەم جۆرە هەوڵ و هێرشانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، کە رێگە نادات بێ هۆکار و بە بیانووی ناجۆر هەڕەشە لە ئەمن و ئارامی هیچ کەس بکرێت.

بە توندی سەرکۆنەو ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەی بۆ سەر هەرێم بە گشتی و نووسینگەی بەرێز سەرۆکوەزیران بە تایبەتی کرا دەکەم، لە خودای مەزن تکاکارم کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت و پیلانی ناحەزان تێک بشکێنێت..