ئەمین ساڵح کەکشار
نووسەر
درۆن و گۆڕانی چەمکی هێز لە جەنگی هاوچەرخدا
“لە ئوکرانیا تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .لێکدانەوەیەکی سەربازی–جیۆپۆلیتیکی”
پوختە
رۆژ بۆ رۆژ ڕۆڵی درۆنەکان (Drones) و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (UAVs) وەک ئامێری گۆڕانی شێوازی جەنگی هاوچەرخ و هاوسەنگی هێز زیاتر بەدەر دەکەوێت. لێرەدا مەبەست تەنیا باسکردنی درۆن وەک چەکێکی تاکتیکی نییە؛ بەڵکو تێگەیشتنە لێی وەک فاکتەرێکی سەربازی–جیۆپۆلیتیکی(Military-Geopolitical) کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر وێنەی مەیدانی جەنگ، لۆجیستیک، بەرگریی ئاسمانی، ئاسایشی ژێرخان، بازاڕی وزە و بڕیاری سیاسی هەبێت .لەمبارەیەوە وتارەکەمان پشت بە دوو نموونەى زیندوو دەبەستێت:
یەکەم: شەڕی رووسیا – ئوکرانیا کە درۆنەکان تێیدا بوونەتە کارەکتەرێکى بەردەوامى چاودێری، دیاریکردنی ئامانج، هێرش و بەرگری.
دووەم: گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەت شەڕى ئێران–(ئەمریکا و ئیسرائیل) کە تێیدا درۆنەکان زیاتر وەک ئامرازی گوشار، ماندوو کردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی (Air- Defence Saturation) و کاریگەری جیۆئابووری (Geo-Economic) دەرکەوتوون.
لە کۆتاییدا، وتارەکە وانەکان بۆ نەتەوە و وڵاتە بچووکەکان، بە تایبەتی کورد، دەخاتەڕوو و جەخت لەسەر گرنگیی زانست، تەکنۆلۆژیا، یاسا، داتا و سەرمایەی مرۆیی دەکات.
پێشەکی
جەنگ هەمیشە لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیا گۆڕانکارى بەخۆیەوە بینیوە. لە رابردوودا، هێزی سەربازی زۆرجار بە ژمارەی سەرباز، تانک، فڕۆکە، مووشەک، کەشتی و چەکی قورس پێوانە دەکرا، بەڵام لە جیهانی هاوچەرخدا، ململانێکان زیاتر بە سیستەمی زانیاری(Information Systems)، مانگە دەستکردەکان (Satellites)، ئۆپەراسیۆنی سایبەری (Cyber Operations)، زیرەکی دەستکرد (Artificial Intelligence)، جەنگی ئەلیکترۆنی (Electronic Warfare) و تەکنۆلۆژیای سەربەخۆ و خودکار شێوەدەگرن.
لە نێو ئەم گۆڕانکارییانەدا، درۆنەکان بوونەتە یەکێک لە دیارترین ئامرازەکانی جەنگ. ئەوان ئیتر سنووردار نین بە سوپای پێشکەوتوو و پڕۆگرامە گرانبەهاکان. ئەمڕۆ درۆنەکان دەتوانرێت بە ژمارەی زۆر بەرهەم بهێنرێن، بە خێرایی دەستکاری بکرێن بۆ مەبەستی جیاواز؛ لە چاودێری و ناسینەوەوە تا راستکردنەوەی رەسەدى ئاگری تۆپخانە، هێرشی ئامانجدار و ورد ، هێرشی دوورمەودا و گوشارى دەروونی .لێرەدا دەمانەوێت وەڵامی دوو پرس بدەینەوە: یەکەم، درۆنەکان چۆن مەیدانی جەنگ و هاوسەنگی هێز دەگۆڕن؟ دووەم، ئەم گۆڕانکارییە چ وانەیەکى بۆ وڵات و نەتەوە بچووکەکان، بە تایبەتی کورد، تێدایە؟
واتای نوێی جەنگی جیهانی و درۆن وەک فاکتەری سەربازی–جیۆپۆلیتیکی
لە رابردوودا، واتای جەنگی جیهانی و جەنگی گەورە زۆرجار پەیوەندیدار بوو بە بەشداری ڕاستەوخۆی سوپای زۆر، کۆکردنەوەی جەماوەری، پیشەسازی قورس و جەنگی پێشوەختە راگەیەندراو، بەڵام ئەمڕۆ ململانێیەک دەتوانێت بە تەکنۆلۆژیا، هێرشی دوورمەودا، سیستەمی سایبەری، تۆڕەکانی دابینکردن، گوشار لەسەر ژێرخان و کاریگەری لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکان فراوان ببێت، بێ ئەوەی پێویستى بەوەبێت بە شێوەی جەنگی کۆنی نێوان سوپاکان ئەنجام بدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، درۆنەکان تەنیا ئامێری فڕین نین، بەڵكو بەشێکن لە سیستەمێكی گەورەتر کە داتا، سیگناڵ، نەخشە، پەیوەندی، فەرماندەیی، بەرهەمهێنان و بڕیاردانی خێرا تێکەڵ دەکات و تەنانەت ئەو لایەنەی خاوەنی هێزی ئاسمانی گەورە نییە، دەتوانێت بە درۆن بەشێک لە توانای چاودێری، دیاریکردنی ئامانج و هێرشی ورد بەدەست بهێنێت. ئەمەش واتا سەرلەنوێ داڕشتنەوە و پێناسەکردنەوەى چەمکى (جەنگی جیهانی) و (هێز)ـە.
سەربارى تەواوى ئەمانەش، هەڵەیە ئەگەر درۆنەکان وەک چارەسەری سەربازی هەمیشەیی و یەکلاکەرەوە وێنا بکرێن. هەر چەکێک سەرەنجام دژە-چەکی خۆی دروست دەکات و جەنگی ئەلیکترۆنی، بەرگری ئاسمانی، دژە-درۆن(Anti-Drone)، ئامرازی شاردنەوە (Concealment) و تاکتیکی نوێ دەتوانن کاریگەری درۆن کەم بکەنەوە. بۆیە گرنگی سودبینینى درێژخایەن لە تەکنۆلۆژیاى درۆنى لەوەدایە کە نموونەیەکى خێرا و کاریگەربێت بۆ هەنگاونان بەرەو سیستەمە سەربەخۆ و خۆبەرێوەبەرەكان (Autonomous)،سیستەمی ڕۆبۆتیک (Robotics) و دیجیتاڵی. ئەو لایەنەی بتوانێت زانیاری، بەرهەمهێنان، سەرمایەی مرۆیی، فەرماندەیی و گونجانی خێرا بەیەکەوە ببەستێتەوە، دەتوانێت بەشێک لە کەموکوڕی کە لە دەرەنجامی بچووکی قەبارە ، هەڵکەوتی جوگرافی، سەرچاوەی مرۆیی،دارایی و هتد... دروست بووە قەرەبوو بکاتەوە.
رۆڵی ستراتیژی درۆن لە جەنگی هاوچەرخدا
درۆنەکان لە جەنگدا چەند ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە. ئەم ڕۆڵانە پێکەوە کاریگەری دروست دەکەن و دەبنە بەشێک لە بازنەیەکی بەردەوامی گونجاو لەنێوان هێرش و بەرگریدا. لێرەدا گرنگترین ڕۆڵە ستراتیژییەكانی درۆن پوخت دەكەینەوە :
· باشتر بینینى وێنەی مەیدانی جەنگ: درۆنە چاودێرەكان دەتوانن جووڵەی سەرباز، ئۆتۆمبێل، تۆپخانە، سەنگەر و هێزى پشتیوانى باشتر ببینن، ئەمەش شاردنەوەی هێز و لۆجیستیک قورستر دەکات.
· دیاریکردنی ئامانج و راستکردنەوەی ئاگری تۆپخانە: ئەو وێنە و داتایانەى لە درۆنەکانەوە دەگەن دەتوانن بڕیاری فەرماندەکان خێراتر و وردتر بکەن و بەکارهێنانی بێسوودی تەقەمەنی کەم بکەنەوە.
· هێرشی ورد و هێرشی دوورمەودا: درۆنی FPV، درۆنە خۆکوژەکان وفرۆکەی بێفرۆکەوانە دوورمەوداكان، دەتوانن ئامانجی تاکتیکی، لۆجستیکی و ژێرخانەکان بکەنە ئامانج.
· ئامرازی بارگرانکردنی سیستەمی بەرگری و فریودان: ژمارەی زۆری درۆن یان درۆنی فریودەر، دەتوانن ڕادار، سیستەمی مووشەکی بەرگری و سیستەمی دژە-درۆن ماندوو بکەن.
· گوشارخستنی دەروونی و سیاسی: هەستی بینینى بەردەوام لە ئاسمانەوە، و هێرشی دوورمەودا بۆ سەر شار یان ژێرخانەکان، کاریگەری لەسەر سەرباز، کۆمەڵگە و بڕیاری سیاسی دروست دەکات.
· پەرەسەندنی جەنگی ئەلیکترۆنی: لەگەڵ ئەوەى درۆنەکان تواناى شەڕکردنى نوێ و پیشکەوتوویان لەگەڵ خۆ هێناوە، لە هەمان کاتیشدا کۆکردنەوەى سیگناڵ، پاراستنى هێڵەکانى پەیوەندی و رێکارەکانى فریودانیشیان تۆکمەتر و خێراتر کردووە.
شەڕی رووسیا – ئوکرانیا : لە بەکارهێنانی تاکتیکییەوە بۆ سیستەمی نیشتمانی درۆن
– درۆن و مەیدانی شەڕ: شەڕی رووسیا – ئوکرانیا ، یەکێکە لە روونترین ئەو نموونانەى کە پێشانمان دەدات درۆن لە ململانێی هاوچەرخدا چۆن گۆڕانکاری دروست دەکات. لە سەرەتای ساڵی 2022 ـەوە هەردوو لایەن جۆرە جیاوازەکانی درۆنیان بەکارهێناوە: درۆنە بازرگانییە بچووکەکان، درۆنی FPV، درۆنی ناسینەوە، درۆنی خۆکوژ، درۆنی دەریایی و درۆنی هێرشی دوورمەودا.
بەپێی داتاکانى وەزارەتی بەرگری ئوکرانیا، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا 17ـی تەمموزی 2026، هێزەکانی بەرگریی ئوکرانیا زیاتر لە یەک میلیۆن هێرشی پشتڕاستکراوەیان دژ بە ئامانجەکانی دوژمن تۆمار کردووە و هەمان سەرچاوە دەڵێت؛ درۆنەکان زیاتر لە %90ی ئامانجە دیاریکراوەکانیان پێک هێناوە. ئەم داتایانە دەرخەرى ئەوەن کە درۆن بۆتە بەشێکی بنەڕەتی لە ئۆپەراسیۆنەکان.
رووسیاش بە شێوەیەکی فراوان پشتی بە درۆنی دوورمەودا و شاهید Shahed/ Geran بەستووە. بەپێی شیکاری ناوەندی Institute for Science and International Security ، رووسیا لە مانگی ئایاری 2026دا 8,161 درۆنی جۆری شاهید و هاوشێوەکانی بەکارهێناوە، لەوانە نزیکەی 5,181 درۆنی هێرشی شاهید و درۆنە فریودەرەکان و جۆرەکانی ترن. ئەمە تاکتیکی بارگرانکردنی(ماندوو کردنی) سیستەمی بەرگری و فشارخستنەسەر ژێرخان نیشان دەدات.
– ئوکرانیا و گۆڕان بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێنەری درۆن: ئەزموونی ئوکرانیا نیشانی دا کە درۆن نابێت تەنیا وەک ئامێرێکی ئامادە بۆ کڕین سەیر بکرێت؛ بەڵکو دەبێت وەک بەشێک لە سیستەمێکی فراوانی نوێکاری، بەرهەمهێنان و وەرگرتنی فیدباک لە مەیدانی شەڕ لێی بڕوانرێت. ئوکرانیا لە سەرەتای شەڕدا خاوەنی پیشەسازییەکی گەورەی درۆن نەبوو، بەڵام تا ساڵی 2026 توانی ئەم بوارە بکاتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی توانای بەرگریی خۆی.
بەپێی زانیاریەکانى وەزارەتی بەرگری ئوکرانیا ، ئەو وڵاتە لە 2026 دا پلانی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 7 ملیۆن درۆنی هەیە. هەروەها وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاندووە کە ٩٥٪ی ئەو درۆنانە لە ناوخۆی ئوکرانیا بەرهەم دەهێنرێن. لە کەمتر لە پێنج مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا ٤٨٥,٠٠٠ درۆن و کەرەستەی پەیوەندیدار بە بەهای ٧٠٠ سەد میلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ڕێگای DOT-Chain Defence گەیەندراوەتە هێزەکانیان.
ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی مۆدێلێکی دابەشکراوی نوێکاری بەرگری ڕوویدا: کۆمپانیا بچووکەکان و تازە دامەزراوەكان، ئەندازیاران، پڕۆگرامسازان، زانکۆکان، خۆبەخشەکان، کەرتی تایبەت و پڕۆگرامە حکومیەکان بەیەکەوە بوونەتە ئیکۆسیستەمی نیشتمانی درۆن. ئەم ئیکۆسیستەمە ڕێگە دەدات درۆن بە خێرایی دیزاین، تاقی، دەستکاری، و بەرهەم بهێنرێت بەپێی فیدباکی ڕاستەوخۆی هێڵی پێشەوە.
– قەیرانی سیگناڵ و بازنەی خۆگونجاندن: لە قۆناغی نوێی شەڕدا، ڕکابەرییەکە تەنیا درۆن ناگرێتەوە بەڵکو بەهێزکردنى ئامێرەکانی دژە-سیگناڵیش دەگرێتەوە. لە 8ی تەمموزی 2026دا رووسیا هەوڵیدا لە ڕێگای جۆراوجۆر Starlink کە بۆ درۆنەکانی ئوکرانیا بەکار دەهێنرێن لە کار بخات، یەکە درۆنییەکانی ئوکرانیا هەندێک لەو سیستەمانەیان کردووەتە ئامانج. نموونەیەکی تری ئەم بازنەی خۆگونجاندنە، بڵاوبوونەوەی درۆنی فایبەر-ئۆپتیکەFiber Optic Drone)) کە بۆ تێپەڕاندنی جەنگی ئەلیکترۆنی بەکار دەهێنرێت.
درۆنی فایبەر-ئۆپتیک، پیشان دەدات کە تاکتیک و تەکنۆلۆژیا چەند بە خێرایی بەرامبەر بە یەکتر دەگونجێن. ئەم جۆرە درۆنانە لە ساڵی 2024 ـەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرەکانی جەنگ دەرکەوتن. گرنگی ئەم نموونەیە لەوەدایە کە هەر کاتێک بەرگرییەک پەرە دەسێنێت، هێرشیش ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە.
بۆیە دەبینین شەڕی درۆن شەڕی یەکجارە نییە، بەڵکو بازنەیەکی بەردەوامی فێربوونە. ئەو لایەنەی زووتر فێر دەبێت، زووتر بەرهەم دەهێنێت و زووتر گۆڕانکاریی مەیدانی دەکات و بەردەوام باڵادەستی کاتی بەدەست دەهێنێت.
جەنگی ئێران– (ئەمریکا و ئیسرائیل): درۆن و گوشارى هەرێمی
ئەگەر شەڕی رووسیا – ئوکرانیا بەیانگەری ئەوە بێت کە درۆن چۆن مەیدانی شەڕی وشکانی و لۆجیستیک دەگۆڕێت، شەڕى ئێران–(ئەمریکا و ئیسرائیل) نیشاندەرى ئەوەیە کە درۆنەکان چۆن دەتوانن لە بەرگری ئاسمانی، ئاسایشی دەریایی، بازاڕی وزە و هاوسەنگی هەرێمی ڕۆڵ ببینن. لەم جۆرە ململانێیانەدا، درۆنەکان تەنیا وەک چەکی هێرش بەکار نایەن؛ بەڵکو دەبنە ئامرازی گوشار، تاقیکردنەوەی بەرگری، ماندووکردنی سیستەمی دژە-درۆن ، دژە موشەک و ناچارکردنی دوژمن بە بەکارهێنانی بەرگری گرانبەها. ئەمە لە ڕووی ئابووریشەوە گرنگە، چونکە تێچووی هێرش و تێچووی بەرگری هەمیشە یەکسان نییە.
بەپێی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، لە چوار رۆژی یەکەمی شەڕدا، ڕاپۆرتەکانی بەحرەین، کوەیت، سعوودیە و ئیمارات 930 درۆن و 269 مووشەکیان تۆمار کرد کە نزیکەی نیوەی کۆی ڕاپۆرتکراوی هێرشەکان بوو؛ هەمان شیکاری ئاماژە دەکات کە کۆی راپۆرتکراوەکان لەو ماوەیەدا زیاتر لە 2,000 درۆن و 500 مووشەکی بالیستیکی بوون. ئەم ژمارانە شێوازی “گوشار بە ژمارە” نیشان دەدەن: مەبەست تەنیا پێکانی ئامانج نییە، بەڵکو ماندووکردنی دوژمن لە رووی دارایی، تەکنیکی، شەڕى دەروونی و ستراتیژییەوەیە.
لە لایەکی ترەوە هەرووی هورموز ئەم رۆڵەی درۆنەکانى زیاتر جیۆپۆلیتیکی کرد. بە پێی ڕاپۆرتی Reuters گەرووی هورموز ڕێڕەوی نزیکەی یەک لە پێنجی نەوت و LNGی جیهانە. بۆیە هەڕەشەی درۆنی لەم ناوچەیەدا تەنیا بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخى وزە، بیمەی کەشتیوانی، بازرگانی نێودەوڵەتی و بڕیاری سیاسی وڵاتەکان هەبێت. ئینستیتوتی واشنتن (Washington Institute) ئاماژە دەکات کە درۆنە خۆکوژەکانى ئێران ئامرازێکی گونجاو بوون بۆ فشارخستن و دروستکردنی کاریگەری سەربازی و سیاسی، تەنانەت دوای زیانی گەورەش دەتوانن بەردەوام تێچوو و گوشار لەسەر دوژمن دروست بکەن.
ئاڵنگارییەکان: دژە-درۆن، جەنگی ئەلیکترۆنی و پرسیارە یاسایی–ئەخلاقیەکان
بڵاوبوونەوەی خێرای درۆنەکان ئاڵنگاری جدی دروست کردووە. چونکە درۆنەکان بە ئاسانی دەتوانرێن بکڕدرێن، دەستکاری بکرێن و بەکاربهێنرێن. ئەمە بۆ ئاسایشی فڕۆکەوانی و ئاسایشی گشتی مەترسی دروست دەکات.
لە بواری سەربازیدا، هەر باڵادەستیەکی درۆن بە پەرەسەندنی دژە-درۆن و جەنگی ئەلیکترۆنی بەرەنگار دەبێتەوە. ناتۆ لە تەمموزی 2026 دا رایگەیاند کە هاوپەیمانان زیاتر لە 40 ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ تواناکانی دژە-درۆن تەرخان دەکەن و ئامانجیانە ژمارەی بەكارخەرانی درۆن(Drone Operator) تا کۆتایی 2027 پێنج قات زیاد بکەن. ئەمە نیشان دەدات کە ئەم ئامێرانە بوونەتە بەشێکی ناوەندی لە بیرکردنەوەی بەرگری جیهانی.
لە رووی یاسایی و ئەخلاقیەوە، یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی درۆنی چەکدار بە شێوەی گشتی قەدەغە ناکات، بەڵام بەکارهێنانیان دەبێت پابەندی هەمان بنەماکان بێت کە بۆ هەموو چەکەکان لە شەڕدا دەستنیشان کراون: جیاکردنەوەی ئامانجی سەربازی و مەدەنی، ڕێژەیی بوون و وەرگرتنی ڕێكکاری گونجاو بۆ کەمکردنەوەی زیانی مەدەنی. پرسیاری قورستر لە داهاتوودا ئەوەیە کە ئەگەر سیستەمە سەربەخۆ و خودكارەكان بڕیارەکانی ناسینەوە، دیاریکردنی ئامانج و هێرش بە کۆنتڕۆڵێکی کەمتر لە مرۆڤ ئەنجام بدەن، کێ بەرپرسیاریەتی یاسایی و ئەخلاقی هەڵدەگرێت؟
وانەیەک بۆ نەتەوە و وڵاتە بچووکەکان: نموونەی کورد
ئەزموونی ئوکرانیا وگرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وانەیەکی گرنگ دەدەن بە وڵات، نەتەوە و کۆمەڵگە بچووکەکان کە لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی ئەمنی و جیۆپۆلەتیکیدا دەژین. وانەکە ئەوە نییە کە درۆن بە تەنیا جیاوازی هێز لەنێوان لایەنێکی بچووک و هێزێکی گەورەدا دەسڕێتەوە. وانەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە زانیاری، تەکنۆلۆژیا، ڕێکخستن، خوێندن، توێژینەوە و توانای گونجانی خێرا دەتوانن بەشێک لە کەموکوڕی ژمارە، قەبارە، هەڵکەوتی جوگرافی، سەرچاوە مرۆیی،دارایی و هتد... قەرەبوو بکەنەوە.
کورد و کۆمەڵگەی کوردی، پێویستە لە چارچێوەی یاسایی، مەدەنی، زانستی و بەرپرسیارانە لەم وانەیە تێبگەین. دەستپێک نابێت لە چەک و شەڕەوە بێت. بنەمای یەکەم دەبێت پەرەپێدانی زانست، ئەندازیاری، ڕۆبۆتیک، زیرەکی دەستکرد، نەخشەسازی، ئاسایشی سایبەری و بەکارهێنانی یاسایی درۆنەکان بێت. هەر بۆیە دەکرێ سەرنج بەم وانانەی خوارەوە بدەین:
· بەکارهێنانی مەدەنی و یاسایی: درۆن دەتوانێت بۆ نەخشەسازی، چاودێری کشتوکاڵی، پاراستنی ژینگە، بەدواداچوونی کارەساتە سروشتییەکان، فریاکەوتن، چاودێری ژێرخان و پشتیوانی پەیوەندی بەکاربهێنرێت. بەرنامەی جیھانی خۆراک WFP ئاماژە دەکات کە درۆنەکان دەتوانرێت بۆ ئاسایشی خۆراک، هەڵسەنگاندنی زیانەکانى کارەسات و پشتیوانی پەیوەندی لە دۆخی فریاکەوتندا بەکاربهێنرێن.
· داتا و پەیوەندی: داهاتووی درۆن تەنیا لە ئاسماندا نییە؛ لە داتا، نەخشە، پەیوەندی، سیستەمی کۆنترۆڵ و ئاسایشی سایبەری دایە. لەم سەردەمەدا هێز و توانای نوێ نەتەوە بریتیە لە کۆکردنەوە، بەدەست هێنانی و پاراستنی داتا و زانیاری و دواتر بڕیاردان لە دروستی بەکارهێنانی.
· چوارچێوەی یاسایی و ئەخلاقی: تەکنۆلۆژیا بە بێ یاسا دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی مەترسی. پێویستە بەکارهێنانی درۆن لە بواری مەدەنی، بازرگانی، فریاکەوتن و پاراستنی ژێرخان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنمایی و پاراستنی تایبەتمەندی و بە مۆڵەت و بەرپرسیاری ئەخلاقیدا ڕێکبخرێت.
· خوێندن وتوێژینەوە: بۆ کورد پێویستە کارکردن لە بواری سیستەمە سەربەخۆ و خودکارەکان، درۆن، ڕۆبۆتیک، زیرەکی دەستکرد، GIS و سایبەر سیکیوریتی بە جدی کار بکرێت. ئەم بوارە نابێت تەنیا وەک بابەتێکی خوێندن و توێژینەوە لە زانکۆ و ناوەندە ئاکادیمییەکان سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک ئامانجێکی ستراتیژیی نیشتمانی لێی بڕوانرێت. ناوەندە زانستییەکان و بەشەکانی ئەندازیاری و کۆمپیوتەر دەتوانن کۆرس، تاقیگە و ناوەندی توێژینەوە بۆ فرۆکەی بێفرۆکەوان و ڕۆبۆتیک دابمەزرێنن، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە. پێویستە لە چوارچێوەی دامەزراوە بەرگری و سەربازییەکانیشدا بەش یان ناوەندێکی تایبەت بۆ توێژینەوە، تاقیکردنەوە، ڕاهێنان، یاساکردن و بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی ئەم تەکنۆلۆژیایانە دابمەزرێت، تاکو ئەم زانستە لە ئاستی تیۆرییەوە بگوازرێتەوە بۆ توانای راستەقینەی ناوخۆیی.
· لە کڕینەوە بۆ توانای ناوخۆیی: کڕینی ئامێری ئامادە بە تەنیا توانای ستراتیژی دروست ناکات. پێویستە زنجیرەیەکی ناوخۆیی لە فێرکاری، توێژینەوە، چاککردنەوە، پڕۆگرامسازی، بەڕێوەبردنی داتا، ئاسایشی سایبەری و یاسای بەکارهێنان دروست بکرێت.
کۆی ئەم هەنگاوانە دەتوانێت بەکارهێنانی درۆن لە ئاستی کڕینی ئامێری ئامادەوە بگوازێتەوە بۆ دروستکردنی توانای ناوخۆیی و دامەزراوەیی. بەم شێوەیە، کۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت لە چوارچێوەیەکی یاسایی، زانستی و بەرپرسیارانەدا لە تەکنۆلۆژیا نوێکان سوود وەربگرێت.
بەرەو سەردەمی سیستەمە خودکار و سەربەخۆکان
درۆنەکان یەکێکن لە دیارترین نیشانەکانی گۆڕانی جەنگی هاوچەرخ، بەڵام کۆتایی ئەم گۆڕانکارییە نین؛ بەڵکو دەروازەیەکن بەرەو سیستەمە نیمچەسەربەخۆ و سەربەخۆکان، ڕۆبۆتیک، زیرەکی دەستکرد و فەرماندەیی دیجیتاڵ. شەڕی رووسیا – ئوکرانیا نیشانی دا کە درۆن دەتوانێت چاودێری، دیاریکردنی ئامانج، لۆجیستیک و هێرشی دوورمەودا بگۆڕێت؛ ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەریانخست کە ئەم تەکنۆلۆژیایە دەتوانێت بەرگری ئاسمانی، ئاسایشی دەریایی، بازاڕی وزە و بڕیاری سیاسی بخاتە ژێر فشار.
لە دەرئەنجامدا، گرنگترین وانە بۆ کورد و هەموو نەتەوە و وڵاتە بچووکەکان ئەوەیە کە هێزی داهاتوو تەنیا لە کڕینی چەک یان زیادکردنی ژمارەی سەربازدا نییە؛ بەڵکو لە توانای فێربوون، گونجان، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پاراستنی داتا، پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و بەکارهێنانی یاسایی و بەرپرسیارانەی تەکنۆلۆژیادا دایە.
سەرچاوەکان:
Ministry of Defence of Ukraine. “The Defence Forces of Ukraine have hit more than 800,000 enemy targets with drones since the beginning of the year.” 22 June 2026. https://mod.gov.ua/en/news/the-defence-forces-of-ukraine-have-hit-more-than-800-000-enemy-targets-with-drones-since-the-beginning-of-the-year
Ministry of Defence of Ukraine. “Sergiy Boyev at OFDEF conference: air defense, drones, and extended-range munitions among Ukraine’s top priorities for 2026.” 26 January 2026. https://mod.gov.ua/en/news/sergiy-boyev-at-ofdef-conference-air-defense-drones-and-extended-range-munitions-among-ukraine-s-top-priorities-for-2026
Institute for Science and International Security. “Monthly Analysis of Russian Shahed 136 Deployment Against Ukraine.” June 2026. https://isis-online.org/isis-reports/monthly-analysis-of-russian-shahed-136-deployment-against-ukraine
Ministry of Defence of Ukraine. “95% of drones procured for the Defence Forces are Ukrainian-made.” 22 June 2026. https://mod.gov.ua/en/news/95-of-drones-procured-for-the-defence-forces-are-ukrainian-made
International Committee of the Red Cross. “Frequently Asked Questions: International humanitarian law and the use of drones in armed conflict.” 10 December 2025. https://www.icrc.org/en/article/faq-international-humanitarian-law-drones-armed-conflict
International Institute for Strategic Studies. UAVs: ISR, Deterrence and War. Strategic Dossier, 2026. https://www.iiss.org/publications/strategic-dossiers/2026/uavs-isr-deterrence-and-war/introduction/
World Food Programme. “WFP Drones.” https://www.wfp.org/wfp-drones
U.S. Government Accountability Office. “Drones: Opportunities, challenges, and policy considerations.” GAO-23-105189. https://www.gao.gov/products/gao-23-105189
Center for Strategic and International Studies. “Assessing the Air Campaign After Three Weeks: Iran War in Numbers.” 25 March 2026. https://www.csis.org/analysis/assessing-air-campaign-after-three-weeks-iran-war-numbers
Reuters. “US attacks Iranian coastal sites after Iran launches drones in latest flare-up.” 6 June 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/us-attacks-iranian-coastal-sites-after-iran-launches-drones-latest-flare-up-2026-06-06/
The Washington Institute for Near East Policy. “Iran’s Drone Strategy (Part 1): Wartime Performance and Adaptations.” 22 May 2026. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/irans-drone-strategy-part-1-wartime-performance-and-adaptations
Reuters. “Fifth Qatari-controlled LNG tanker exits Hormuz strait.” 8 June 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/fifth-qatari-controlled-lng-tanker-exits-hormuz-strait-2026-06-09/
Reuters. “US strikes Iran in response to attack on cargo ship in Strait of Hormuz.” 27 June 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/iran-insists-right-control-shipping-strait-hormuz-after-ship-hit-near-oman-2026-06-26/
Reuters. “Russia tries to jam Musk’s Starlink systems to counter Ukrainian drones.” 8 July 2026. https://www.reuters.com/business/aerospace-defense/russia-tries-jam-musks-starlink-systems-counter-ukrainian-drones-2026-07-08/
Atlantic Council. “Fiber-optic drones have emerged as critical kit for both Russia and Ukraine.” 24 February 2026. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/ukrainealert/fiber-optics-drones-have-emerged-as-critical-kit-for-both-russia-and-ukraine/
NATO. “NATO Allies invest 40 billion dollars in counter-drone capabilities and drone training.” 7 July 2026. https://www.nato.int/en/news-and-events/articles/news/2026/07/07/nato-allies-invest-40-billion-dollars-in-counter-drone-capabilities-and-drone-training.