جەنان جەبار
نووسەر
لە یادی رۆژی شەهیدی کلدان و کۆمەڵکوژی گوندی 'صوریا' كلدانى
هەندێک رۆژ لە مێژوودا تەنیا بە رۆژژمێر ناناسرێن، بەڵکو بە خوێن، فرمێسک و بیرەوەریی نەتەوەکان دەنووسرێن. 16ی ئەیلوولی 1969 یەکێکە لەو رۆژانە؛ رۆژێک کە گوندی ئارام و جوانی 'صوریا' بووە شانۆی تاوانێکی دڕندانە، و خوێنی کلدان و کورد لەسەر خاکی کوردستان تێکەڵ بوو.
صوریا، گوندێکی کلدانی لە دەڤەری سلێڤانی و نزیک زاخۆ، نموونەیەکی بچووک، بەڵام جوانی ئەو ژیانە هاوبەشە بوو کە لە کوردستاندا لە نێوان کلدان و کورد و پێکهاتە جیاوازەکاندا لە سەدان ساڵەوە هەبووە. خەڵکی گوند بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەژیان و، وەک زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچەیە، ژیانیان لەسەر بنەمای هاوسایەتی، میوانداری و پێکەوەژیان دامەزرابوو.
لە بەیانی 16ی ئەیلوولی 1969، ئەو ئارامییە شکێندرا
دوای تەقینەوەی مینێک لەسەر رێگای هێزێکی سەربازی عێراق لە نزیکی گوند، کە بە گەورەترین ئیحتیمال هەر بە خۆیان دایانناوە پێشتر، لەبری ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی بکرێت و بەرپرسی راستەقینەی رووداوەکە دیاری بکرێت، دانیشتووانی بێتاوانی صوریا بوونە قوربانیی تۆڵەسەندنەوەیەکی کۆمەڵی.
هێزە سەربازییەکان گەڕانەوە بۆ گوند و خەڵکیان کۆکردەوە؛ پیر و گەنج، ژن و پیاو و منداڵ. لەنێویاندا قەشە حەننا قاشا هەبوو، کە وەک پیاوێکی ئایینی و شوانی رۆحیی کەنیسەی کەلدانی و خەڵکەکەی خزمەتی دەکرد، تا دوا سات لەگەڵیان مایەوە وشەهید بوو.
لەو رۆژەدا، چەک لە دژی هاووڵاتیانی بێچەک بەکارهێنرا و خوێنی بێتاوانان رژا. بەڵام ئەوەی صوریا لە زۆر کارەساتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، تەنیا ناسنامەی قوربانییەکان نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە لەو رۆژەدا خوێنی کلدان و کورد لە یەک خاکدا تێکەڵ بوو.
لەبەر ئەوە، صوریا تەنیا چیرۆکی ئازاری کلدان نییە؛ صوریا بەشێکە لە بیرەوەریی هاوبەشی کوردستان.
لەوێدا کلدان و کورد پێکەوە دەژیان، پێکەوە نانیان دەخوارد، پێکەوە کێڵگەکانیان دەکێڵا و لە رۆژی کارەساتیشدا پێکەوە خوێنیان رژا.
ئەمە مانایەکی قووڵی هەیە
ئەگەر مێژوو هەوڵی داوە بە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی دابەشمان بکات، صوریا بە خوێنی شەهیدەکانی فێرمان دەکات کە چارەنووسمان زۆرجار یەک بووە. کاتێک ستەم هاتووە، نە پرسیوە کێ کلدانە و کێ کوردە؛ و کاتێک بەرگری و خۆڕاگری هەبووە، ئەویش زۆرجار لەسەر هەمان خاک و بۆ هەمان ئازادی بووە.
بۆیە یادی شەهیدانی صوریا بۆ من تەنیا وەفاداری بە شەهیدانی گەلە کلدانەکەم نییە، بەڵکو وەفادارییە بەو پەیمانە مێژووییەی کە لەنێوان پێکهاتەکانی کوردستاندا بە خوێن نووسراوە.
شەهیدانی صوریا شاهیدی ئەو راستییەن کە کلدانەکان میوانی ئەم خاکە نین. ئێمە رەگ و ریشەمان لەم خاکەدایە؛ گوند و کەنیسە و گۆڕستان و بیرەوەری و خوێنی شەهیدانمان لێرەیە. هەروەها مێژووی ئێمە لە کوردستان، تەنیا مێژووی ئازار نییە، بەڵکو مێژووی هاوبەشی، خۆڕاگری و پێکەوەژیانە.
لەبەر ئەوە، 16ی ئەیلوول نابێت تەنیا رۆژێک بێت بۆ فرمێسک رشتن بەسەر رابردوودا. دەبێت رۆژێک بێت بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنمان بە داهاتوو؛ بەڵێن بەوەی هیچ تاوانێک لە دژی مرۆڤ بەهۆی ناسنامە، نەتەوە یان ئایینەکەی دووبارە نەبێتەوە؛ بەڵێن بە پاراستنی فرەڕەنگی و پێکەوەژیان؛ و بەڵێن بەوەی ناسنامە و ماف و بوونی هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی ئەم وڵاتە بپارێزرێت.
یادکردنەوەی صوریا هەروەها بانگەوازێکە بۆ دادپەروەریی مێژوویی. تاوانەکان بە تێپەڕبوونی ساڵان نامرن، ئەگەر بیرەوەریی قوربانییەکان زیندوو بێت. نەتەوەیەک کە شەهیدەکانی لەبیر بکات، بەشێک لە ناسنامەی خۆی لەبیر دەکات؛ بەڵام نەتەوەیەک کە شەهیدەکانی بپارێزێت، بناغەی داهاتووی خۆی بەهێز دەکات.
ئەمڕۆ، لە یادی شەهیدانی صوریا و رۆژی شەهیدی کلداندا، بە رێز و شکۆوە سەر دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو بێتاوانانەی کە لەو رۆژە رەشەدا خوێنیان رژا.
یادی قەشە حەننا قاشا و هەموو شەهیدانی صوریا بۆ هەمیشە لە ویژدانی ئێمەدا زیندوو دەبێت.
صوریا فێرمان دەکات کە ئازار دەتوانێت ببێتە بیرەوەری، بیرەوەری دەتوانێت ببێتە هێز، و خوێنی هاوبەش دەتوانێت ببێتە پەیمانی برایەتی.
لە صوریا، خوێنی کلدان و کورد تێکەڵ بوو؛ بۆ ئەوەی مێژوو بنووسێت: ئێمە لەم خاکەدا پێکەوە ژیاوین، پێکەوە ئازارمان چەشتووە، و پێکەوەش داهاتوومان دروست دەکەین.
رێز و نەمرێتی بۆ شەهیدانی صوریا، رێز بۆ شەهیدانی کلدان، و رێز بۆ هەموو ئەوانەی خوێنیان بۆ ئازادی، کرامەت و پێکەوەژیانی کوردستان رشتووە.