کوردستان لە نێوان مێژوو و بەرپرسیارییەتی ئەمڕۆدا

کوردستان لە نێوان مێژوو و بەرپرسیارییەتی ئەمڕۆدا
کوردستان لە نێوان مێژوو و بەرپرسیارییەتی ئەمڕۆدا

مێژووی خەباتی کورد لە باشووری کوردستان، لە شۆڕشی ئەیلوولی 1961ـەوە تا راپەڕینی 1991 و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مێژووی قوربانیدان، دەستکەوتی هەمەلایەنە، بەردەوامی و كۆڵنەدان، یەکڕیزییە. ئەو قەوارەیەی ئەمڕۆ دەستکەوتێکی نەتەوەییە و بە ساڵانێک خەبات و قوربانیدان بەدەست هاتووە؛ بۆیە پاراستنی بەرپرسیارییەکی مێژووییە لەسەر شانی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان. شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی نەمر، دۆزی کوردی لە عێراق کردە بابەتێکی گرنگی سیاسی و نێودەوڵەتی.

ساڵی 1975 خاڵێکی وەرچەرخان بوو. دوای رێککەوتنی جەزائیر و کۆتاییهاتنی پاڵپشتینەکردنی ووڵاتانی دراوسێ لە کورد ، شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆی دەستی دوژمنانی کورد بوو. لێرەدا کوردستانیان کۆڵیان نەدا لە خەباتکردن و لە 1976ـەوە شۆڕشی گوڵان بە رابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکردەوە. دوای ساڵانێکی زۆر لە بەرخودان، لە 1986–1987ـدا نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و دامەزراندنی بەرەی کوردستانی پردێکی نیشتیمانی بوو بۆ هاوکاری و هەماهەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و رەخساندنی دەرفەتی نیشتیمانی زیاتر. 

راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 خاڵێکی تری وەرچەرخان بوو؛ دوای قوربانییەکی زۆر و شەهیدبوونی سەدان رۆڵەی کوردستان، بناخەی قۆناخێکی نوێ دانرا. لە 19ـی ئایاری 1992ـدا، یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و حکوومەتی هەرێم شێوەی یاسایی و دامەزراوەیی وەرگرت. ئەو قۆناخە، کە بە خەبات و رابەرایەتیی هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان و بە تایبەتی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەست هات، نیشانی دا کە جیاوازیی حزبی دەتوانێت لە چوارچێوەی سیاسەتدا بوونی هەبێت و سوودمەندیش بێت، بەڵام نەوەک ببێتە ناکۆکیی نیشتیمانی. سەرەڕای ئاڵەنگارییە سیاسییەکان، هەوڵەکانی نزیکبوونەوە و رێککەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئەم ئەزموونە مێژووییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە. دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2024، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتی بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان هێشتا بە ئاڵۆزی ماوەتەوە. بەڵام ئەمە تەنیا کێشەی نێوان دوو حزب نییە؛ پەیوەندیی راستەوخۆی بە متمانەی هاووڵاتییان و توانای دامەزراوەکانی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک هەیە. لەو بارودۆخەدا، رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک رابەری کورد رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە خاڵی هاوبەشدا؛ بە تایبەتی لە قۆناخێکدا کە کوردستان پێویستییەکی زۆری بە هەماهەنگی و یەکڕیزی نیشتیمانی هەیە.

لە قۆناخێکی هەستیاردا، بنەمای رێککەوتن دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە کوردستان لەسەرتۆپی هەموو حزبەکان بێت و بەرژەوەندیی نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی بێت. گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسیی درێژخایەن، تەنیا کێشەی پۆست و دەسەڵات چارەسەر ناکات؛ بەڵکوو دەتوانێت متمانە بە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی هەرێمیش بەهێزتر بکات و دەرفەتی دەستوەردانی دەرەکی کەم بکاتەوە.

ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە و تێڕوانینێکی مێژوویی هەیە. مێژوو تەنیا یادەوەریی رابردوو نییە؛ بەڵکو چرایەکە کە رێگامان بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو روون دەکاتەوە. ئەم ساتە، ساتی بڕیارە؛ بڕیارێک لە نێوان بەرژەوەندیی نیشتیماندا بێت. با لە پەڕەکانی داهاتووی مێژوودا بنووسرێت کە لە ساتی بڕیارداندا، هەموومان کوردستانمان لە سەرووی حزب دانا، دەست لەناو دەست بەرژەوەندیی نەتەوەییمان بە هاوبەشی پاراست؛ تا ئەو قەوارەیەی بە خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدان بەدەست هاتووە، بە یەکڕیزی و بەرپرسیاریەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێبهێڵین.