د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
گوێ لە ئامۆژگاریی گەورەکان بگرن
کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق چیتر وەک هەواڵ نامێنێتەوە، بەرواری راگەیەنراوی تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە 30ی ئەیلوولی 2026ە و پڕۆژەی کشانەوەش لەو شوێنانەی هێزە ئەمریکی و هێزەکانی هاوپەیمانان تێیدا بوون، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، دەستیپێکردووە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە نییە دوا سەربازی ئەمریکی کەی عێراق جێدەهێڵێت، بەڵکو پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: دوای ئەو رۆژە چی روودەدات؟
عێراق بە قۆناخێکی هەستیار گوزەر دەکات، ناوچەکە هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە و لە ناوخۆی عێراقیش کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئەمنی هەن چارەسەرێکی بنەڕەتییان بۆ نەدۆزراوەتەوە، بۆیە نابێت کۆتاییهاتنی بوونی سەربازیی ئەمریکا تەنیا وەک گۆڕانکارییەکی سەربازی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بۆ عێراق لێک بدرێتەوە.
لێرەدا هەڵوێست و ئامۆژگارییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی پازدە ساڵ لەمەوبەر گرنگیی تایبەتی خۆیان وەردەگرن.
لە ساڵی 2011، کاتێک بەغدا و واشنتۆن سەرقاڵی گفتوگۆ بوون لەسەر داهاتووی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سەرۆک بارزانی تەنیا لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی هێزە ئەمریکییەکان قسەی نەدەکرد، بەڵکو لە پشت ئەو پرسەدا پرسیارێکی قووڵتری هەبوو ئەویش ئەوە بوو : ئایا عێراق توانای پاراستنی ئاسایش و سنوورەکانی خۆی و رێگرتن لە گەڕانەوەی ملمڵانێی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی هەیە؟
لە 6ی ئەیلوولی 2011، سەرۆک بارزانی لە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی ئەوکاتی عێراق دوا، لە هەمان کاتدا جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی و راهێنانی هێزە عێراقییەکان کرد،
واتە، لە دیدی سەرۆک بارزانی کێشەکە تەنیا بوونی هێزی ئەمریکا نەبوو، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە بوو ئەگەر ئەو هێزانە دەربچن کێ بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە؟
رووداوەکانی دواتر گرنگیی ئەو پرسیارەیان زیاتر کرد، تەنیا سێ ساڵ دوای ئەوە لە حوزەیرانی 2014، موسڵ کەوت و داعش توانی بەشێکی فراوان لە خاکی عێراق بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، هێزە ئەمریکییەکانیش دووبارە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق گەڕانەوە.
بێگومان هۆکاری لاوازیی هێزە عێراقییەکان بەرامبەر داعش تەنیا یەک هۆکار نەبوو، کێشەی دامەزراوەیی، سیاسی و ئەمنی کاریگەرییان هەبوو، بەڵام ئەزموونی 2014 نیشانی دا بۆشایی ئەمنی دەتوانێت بە خێرایی ببێتە کێشەیەکی گەورەتر بۆ سەلامەتی و یەکپارچەیی وڵات.
ئەمڕۆ، دوای دوازدە ساڵ لەو رووداوانە، بارودۆخەکە گۆڕاوە، داعش وەک ساڵانی پێشوو نییە ، بەڵام لێرەو کەوێ بون و هێزی هەیە ، لەبەرامبەردا دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقیش ئەزموونی زۆرتریان بەدەستهێناوە، بەڵام ئە پرسیارەی پێویستە بکرێت ئەوەیە : ئایا دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن بەبێ پشتگیریی راستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ هەموو هەڕەشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە مامەڵە بکەن؟
ئایا هێزە فەرمییەکانی عێراق بەتەنیا دەتوانن بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکەنەوە؟
وەگرنگتر لە هەموویان، ئایا عێراق دەتوانێت کۆی چەک و هێزی سەربازی لە ژێر چەتری دامەزراوە فەرمییەکانی خۆیدا کۆبکاتەوە؟
ئەم پرسیارانە تەنیا پرسیاری تیۆری نین، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی بوونی سەربازیی ئەمریکا، پرسی چەک و گرووپە چەکدارەکان جارێکی تر بووەتە بابەتێکی هەستیار، هەندێک راپۆرتیش رایانگەیاند، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان هێشتا ئامادە نین بە ئاسانی دەست لە چەکەکانیان هەڵبگرن.
بۆیە تاقیکردنەوەی عێراق دوای کشانەوەی ئەمریکا تەنیا تاقیکردنەوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی توانای سیاسی و دامەزراوەیی دەوڵەتیشە.
پرسیارێکی دیکەش لە ئارادایە: ئایا دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەتوانن فرەیی ناوەندەکانی هێز بەڕێوەببەن؟ ئایا دەتوانن یاسا بە یەک شێوە جێبەجێ بکەن و بڕیاری نیشتیمانی لە بواری ئاسایشدا بپارێزن، بەبێ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆکاری دروستبوونی کێشەی ئەمنی؟
دیارە هەرێمی کوردستان لەم هاوکێشەیەدا حساباتی تایبەتی خۆی هەیە، کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە کاتێکدا روودەدات کە هەڕەشەی مووشەک و دڕۆن لە ناوچەکە بە تەواوی نەوەستاوە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و تواناکانی هاوپەیمانانیش لە ساڵانی رابردوودا بەشێک بوون لە هاوکێشەی ئاسایشی هەرێم.
بەپێی راگەیاندنە فەرمییەکانی دامەزراوەکانی هەرێم، ژمارەی هێرشەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار هێرش، لە هەمان کاتدا بەغدا باسی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی توانای بەرگریی ئاسمانیی عێراق دەکات.
لێرەدا بەرپرسیارێتی بەغدا بەرامبەر هەولێر گرنگیی تایبەتی دەبێت ، چونکە هەرێمی کوردستان بە پێی دەستووری عێراق هەرێمێکی دەستوورییە و ئاسایشی هەرێمیش لە چوارچێوەی ئاسایشی عێراق جیا ناکرێتەوە.
ئەگەر عێراق بەرەو قۆناخێک بچێت کە ناونیشانەکەی «سەروەری» بێت، ئەوا سەروەری تەنیا بە دەرچوونی هێزە بیانییەکان پێوانە ناکرێت، سەروەری ئەوەیە دەوڵەت توانای پاراستنی ئاسمان، سنوور، شار و هاووڵاتییەکانی خۆی هەبێت و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی بە بڕیارێکی روونی نیشتیمانی کار بکەن.
هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەم هاوکێشەیە، هەر کێشەیەکی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکاندا دەتوانێت لە سنووری هەرێم تێپەڕێت و کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق و تەنانەت ناوچەکە دابنێت.
لەبەر ئەوە، پێویستە گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و ئەو دۆسییانەی هێشتا چارەسەر نەکراون، پێش ئەوەی کەڵەکە ببن و بگۆڕێن بە قەیران چارەسەر بکرێن.
لە نێوان بەغدا و هەولێر کۆمەڵێک بابەتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی هەن کە پێویستیان بە گفتوگۆی جددی و رێککەوتنی درێژخایەن هەیە، چارەسەرکردنی ئەم کێشانە تەنیا بۆ هەرێم گرنگ نییە، بەڵکو بۆ سەقامگیریی عێراقیش گرنگە.
دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا نابێت بە مانای کۆتایی هەموو پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا بێت.
دەتوانرێت پەیوەندییەکان لە بوونی سەربازیی راستەوخۆ بگۆڕدرێن بۆ هاوکاریی ئەمنی، راهێنان، ئاڵوگۆڕی زانیاری، پاڵپشتیی تەکنیکی و هاوبەشیی ئابووری و سیاسی.
ئەم شێوەیە لە پەیوەندییەکاندا جیاوازییەکی گرنگ هەیە، بوونی سەربازیی راستەوخۆ کەم دەبێتەوە، بەڵام هاوکاری و پەیوەندییەکان دەتوانن بەردەوام بن.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم قۆناخە تەنیا بە واشنتۆن پەیوەندیدار نییە، بەرپرسیارێتیی سەرەکی لەسەر شانی خودی عێراقە.
نە ئەمریکا دەتوانێت لە شوێنی عێراقییەکان دەوڵەتی عێراق بنیاد بنێت، نە هیچ وڵاتێکی دیکە دەتوانێت جێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرێتەوە، لە هەمان کاتدا، بەغدا ناتوانێت بە تەواوی سەقامگیری بپارێزێت، ئەگەر کێشە ناوخۆییە سەرەکییەکان هەروا بەبێ چارەسەر بمێننەوە.
هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ بەغدا هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی توانای خۆی لە بواری ئاسایش و پاراستن و رێکخستنەوەی پەیوەندییە ناوخۆییەکان، هەموو ئەمانەش دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستور و پەیوەندییە دەستوورییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
لە ساڵی 2011 پرسیارەکە ئەوە بوو: دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چی بەسەر عێراق دێت؟
ئەمڕۆ، لە ساڵی 2026، پرسیارەکە هەمان شتەب، بەڵام لە چوارچێوەیەکی نوێدا.
جیهان گۆڕاوە، ناوچەکە ئاڵۆزتر بووە و شێوازەکانی هەڕەشەش گۆڕاون، بەڵام جەوهەری پرسیارەکە هێشتا لە شوێنی خۆیدایە :
ئایا عێراق خۆی بۆ رۆژی دوای کشانەوە ئامادە کردووە؟
لێرەدا تاقیکردنەوەی راستەقینەی سەروەری دەستپێدەکات، سەروەری تەنیا ئەوە نییە هێزی بیانی لە خاکی وڵاتدا نەبێت، سەروەری ئەوەشە کە دەوڵەت بتوانێت ئاسایش دابین بکات، سنوورەکانی بپارێزێت، یاسا جێبەجێ بکات و ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکات، نە بە شێوەیەکی ئەمنی.
ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵی 2011 ئاگاداری لێ دەکردەوە، تەنیا پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو پرسی توانای عێراق بوو بۆ بەڕێوەبردنی خۆی دوای ئەو کشانەوەیە، ئەزموونی ساڵانی دواتر نیشانی دا کە ئەو پرسیارە بە ئاسانی نابێت پشتگوێ بخرێت.
ئەمڕۆ کە عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ دەچێت تەنیا پێویستی بە ووتاری سەرکەوتن نییە، بەڵکو پێویستی بە کاراکردن و بەهێزکردنی دامەزراوەکانیشە، کشانەوەی هێزە بیانییەکان دەتوانێت بۆ عێراق دەرفەتێک بێت، بەڵام ئەو دەرفەتە تەنیا ئەوکات بەرهەمی دەبێت کە بەغدا و هەولێر بتوانن لەسەر کێشە سەرەکییەکان گفتوگۆ بکەن، بڕیارە نیشتیمانییەکان بەهێز بکەن و بۆشاییەکان بە دامەزراوە بکەن، نە بە ناوەندە جیاوازەکانی هێز.
لە کۆتاییدا، رەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوە نەبێت کە ئایا ئەمریکا چووە دەرەوە؟.
بەڵکو پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: ئایا عێراق بۆ ئەو رۆژەی ئەمریکا دەڕوات، بە راستی خۆی ئامادە کردووە؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە لە رۆژی کشانەوەدا دیاری نابێت، بەڵکو لە رۆژانی دوای کشانەوەدا، لە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی خۆی و چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی، دەردەکەوێت.