پەیامی شانازیی سەرۆک بارزانی گەیشتە دڵی ئەوروپا

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

لە ساڵیادی دامەزراندنی رەوەندی کوردستانی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و دیاریکردنی کاک شیفا بارزانی بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو ئەرکە، پەیامی شانازی، یەکڕیزی و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی لە دڵی ئەوروپا پێ بەخشین.

ئێستا کوردان لە ئەوروپا بەهۆی فیدراسیۆنی رەوەندی دەرەوەی کوردستانی، خاوەنی یەک ناسنامە، یەک ئاڵا و یەک کوردستانن.

لە نێو ئەو ئەرکەدا شیفا بارزانی سەرکردەی بوێر و ئەرکە قورسەکان بوو، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە هەوڵ و ماندووبوونێکی بەردەوام توانی گەشەیەکی بەرچاو لە کار، چالاکی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکەی دروست بکات. 

هەوڵەکانیان کاریزمای بۆ رەوەندی کوردستانی دروست کرد و توانای پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک و نزیکبوونەوەی لە گەنجان، وای کردووە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر پەیامی یەکڕیزی و ناسنامەی کوردی و کوردستانی بگەیەنێت. 

رەوەندی کوردستانی هەوڵی داوە بۆ بەهێز راگرتنی ناسنامەیەکی نیشتمانی بۆ ئەوەی بتوانێت جیاوازییەکان تێپەڕێنێت و هەمووان لە ژێر چوارچێوەی پرۆژەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بۆ یەکڕیزی و ناسنامەی کوردستانی کۆبکاتەوە.

چوار ساڵە هەڵوێستی روونی کۆنفیدراسیۆن لە چوارچێوەی ئەو رۆڵە مێژووییانە دێت، وەک ناوەندێکی نەتەوەیی بۆ یەکخستنی دەنگی کورد و پشتیوانیکردن لە هەر چوار پارچەی کوردستان گێڕاویەتی.

هەر هەوڵێکیش داویەتی وەک ناوەندی بەرگری لە کورد و کوردستان، هاوتەریبە لەگەڵ پێداگریی بەردەوامی سەرۆک بارزانی لەسەر پاراستنی گەلی کوردستان و پاراستنی شکۆ و ژیانی هاووڵاتییان لە هەر شوێنێکی جیهان بن.

رەوەندی کوردستانی لە چوار ساڵی رابردوو کاری کرد بۆ گەیاندنی دەنگی کوردانی سووریا و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی مافی زمان و بوونی نەتەوەییان، هاوکات شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی لە کاتی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە، چەندین جار رۆڵی لۆبی و سەرکردەیەکی دیپلۆماسیی بینیوە بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری دەستدرێژی و سنووربەزاندنی وڵاتانی هەرێمی ناوچەکە بۆ سەر سەروەریی خاکی کوردستان.

هەر لەو ماوەیەدا بۆ بەهێزکردنی خوێندنی کوردی لە دەرەوەی وڵات، یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی واژۆ کرا، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی بۆ دەرەوەی وڵات کراوەتەوە، ئەمەش یەکەم جار بوو لە مێژووی کورددا بە فەرمی رۆڵێکی ئاوا بۆ زمانی کوردی ببینرێت.

ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە رەوەندی کوردستانی توانیویەتی کۆکەرەوەی نێوماڵی کورد بێت و لۆبییەکی باوەڕپێکراویش بێت بۆ نەتەوەی کورد و کوردستانیانی هەر چوار پارچەی وڵات.

خەونی ئایندە ئەوەیە لە زۆرترین وڵاتانی جیهان دەنگی کورد لەرێگەی زانست و داهێنانی گەنجانەوە و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان زیاتر بکرێت و ئامانجی گەورەتر بپێکین.

ناوەندی رەوەندی کوردستانی، رێکخراوێکە لە رووی سیاسی و ئایینییەوە بێلایەنە، کار و چالاکییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئاشتی، ئازادیی رادەربڕین، پێکەوەژیان و یەکسانی دەبێت.

دژی هەموو جۆرە تووندوتیژی، دەمارگیری و نەتەوەپەرستییە، چەتری کۆکەرەوەی هەموو تاک، کۆمەڵە، رێکخراو، مەڵبەند، فیدراسیۆن و پێکهاتەیەکی تری رەوەندی کوردستانییە لە تاراوگە، بەتایبەتی ئەوانەی باوەڕیان بە خاک، نەتەوە و ئاڵای کوردستان هەیە.

پردێکی پتەوی پەیوەندی دەبێت لە نێوان تاراوگەی کوردستانی و وڵاتی دایک (کوردستان) و بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد هەیە.

کار و ئامانجی هەرە سەرەکی بریتییە لە هەوڵ و کۆششی بێوچان لەپێناو یەکڕیزی و کۆکردنەوەی چین و توێژە جیاجیاکانی رەوەندی کوردی لە ژێر چەترێکی نەتەوەیی و لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، یەکسانی، پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ.

گەشەپێدانی کولتوور، زمان و فۆلکلۆری کوردی و گرنگیدان بە مێژووی کوردستان، کارکردن بۆ دیاریکردنی ژمارەی هاونیشتمانییان لە دەرەوەی وڵات، بە میکانیزمێکی گونجاو، لەوانە دروستکردنی ماڵپەڕێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە.

دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی پتەو لەگەڵ کۆمەڵە، سەنتەر، رێکخراو، فیدراسیۆن و لایەنەکانی تری رەوەندی کوردستانی لەپێناو یەکڕیزی و کاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا و لەپێناو خزمەتی هەرچی زیاتری بەرژەوەندییەکانی رەوەندی کوردستانییە.

سازکردنی کۆڕ، کۆبوونەوە، سیمینار و چالاکیی هونەریی جۆراوجۆر، بۆ زیاتر ناساندنی مێژوو، جوگرافیا، کولتوور و فۆلکلۆری نەتەوەکەمان بە جیهانی دەرەوە.

هاندان و پشتیوانیکردنی قوتابیان و گەنجان بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێن بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی چالاک و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و گەشەکردنی ئەو کۆمەڵگەیانە، لەو رێگەیەوە زیاتر خزمەتی دۆزی رەوای نەتەوە و نیشتمانەکەیان بکەن.

رێکخستن و کۆکردنەوەی توانا مرۆییە زانستی، هونەری، رۆشنبیری، ئەدەبی، کولتووری، بازرگانی و وەرزشییەکان لە ناوەندێکی تایبەتدا.

کۆکردنەوە و رێکخستنی چالاکوانانی کوردی چالاک لە بواری سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکان، بۆ ئەوەی ببنە بەردی بناغەی لۆبییەکی بەهێز و کارامەی کورد لە ناوەندەکانی بڕیاردانی دەرەوەدا.

یەکخستن و کۆکردنەوەی تواناکانی راگەیاندنکارانی تاراوگە بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵێکی باش و کاریگەریان هەبێت لە پێناسەکردنی بارودۆخ، هەواڵ و رووداوەکانی کوردستان.

کارکردن بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی میدیایی تایبەت بە رەوەندی کوردی، تێیدا کەناڵە بینراو، بیستراو و نووسراوەکان لەخۆ بگرێت.

پاڵپشتی و هاوکاریکردنی کۆمەڵە و رێکخراوەکانی کوردانی ئێزدی، عەلەوی و یارسان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئایینەکانیان.

دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان لەو وڵاتانەی کورد تێیاندا نیشتەجێیە، بۆ ھاوکاری و پاڵپشتیی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.