کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
لۆرد ئاشکرۆفت: کوردستان مێرگێکی ئارام و مۆدێرنە لەنێو گێژاوی ناوچەکەدا
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لۆڕد مایکل ئاشکرۆفت، سیاسەتمەدار و بازرگانی ناوداری بەریتانی، لە وتارێکی لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا، کورد لە عێراق پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، لەنێویاندا بەریتانیا، بنیات ناوە. لە ساڵی 1991 و لە میانی جەنگی یەکەمی کەنداودا، جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا، رۆڵێکی مێژوویی بینی لە سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین، کە بووە هۆی دروستکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کوردانەی لەژێر هەڕەشەی کۆمەڵکوژی و دڕندەییەکانی هێزەکانی سەدام حوسێندا بوون؛ تەنانەت لە شاری هەولێر، شەقامێک بە ناوی شەقامی سێر جۆن مەیجەرەوە کراوە وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو هەڵوێستەی.
هەرچەندە کورد گەلێکی نیشتمانپەروەری سەربەرزن و زۆربەیان لە ناخیاندا ئاواتی هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دەخوازن، بەڵام سەرکردایەتییە سیاسییەکەیان لە هەرێمی کوردستان بەوپەڕی وریایی و حیکمەتەوە لەبارەی سەربەخۆییەوە دەدوێت؛ چونکە دانانی وادەیەکی دیاریکراو بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە، ناکۆکی و کاردانەوەی زۆرێک لە یاریزانە سەرەکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێدەکەوێتەوە.
لە ساڵی 2017دا، گشتپرسییەک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە تێیدا 92%ـی خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام وەڵامی ئەو ئەنجامە بە نمایشکردنی هێزی سەربازی لەلایەن بەغدای پایتەختەوە درایەوە؛ لە هەولێر بێمتمانەیی و نیگەرانییەکی زۆر بەرامبەر حکوومەتی عێراق هەیە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بۆرییە پڕداهاتەکەی نەوتی کوردستان لەگەڵ داهاتەکەیدا، لە پاڵ بڕینی بەشێکی گەورەی بودجەی هەرێم کە وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستووری 2005 لێکدەدرێتەوە.
بۆ کێشەیەکی لەم جۆرە، هیچ چارەسەرێکی ئاسان لە ئارادا نییە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێی گوتم: سوننەکان ترسیان لە رابردوو هەیە، شیعەکان ترسیان لە داهاتوو هەیە، بەڵام کورد لە رابردوو، ئێستا و داهاتووش دەترسن!.
گەلی کورد لەگەڵ ئەو مێژووە درێژەی لە شەڕ و ململانێدا هەیەتی، هەمیشە پەنای بۆ زنجیرە چیا سەرکەشەکانی زاگرۆس بردووە بۆ خۆپاراستن لە دەستی دوژمنەکانی؛ پەندی کۆنی «کورد بێجگە لە چیاکان، هیچ دۆستێکی دیکەی نییە» پەندێکی یەکجار ناسراوە. زاگرۆس هەمان ئەو پەناگەیەیە کە ژمارەیەکی بێشوماری کوردانی باشوور لە کۆتایی هەشتاکاندا بۆی رایانکرد، کاتێک رژێمی دڕندەی سەدام حوسێن نەک تەنیا هەزاران گوندی سووتاند، بەڵکو هێرشی کیمیاییشی کردە سەر خەڵک و بووە هۆی شەهیدبوونی تا پێنج هەزار کەس.
بە هەمان شێوە، ئەو چیایانە لە ساڵی 2014دا بوونە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ کورد کاتێک چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر رووبەرێکی فراوانی کوردستاندا گرت، تا دواجار هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانییان بە پاڵپشتیی رۆژئاوا لە ساڵی 2017دا ئەو گرووپە پەڕگیرە تێکبشکێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ، تەنانەت لە کاتێکدا جەنگێکی گەورە لەنێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرساوە، کوردستان هەوڵ دەدات ببێتە بەردێکی پۆڵایین بۆ ئەوەی سەقامگیریی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر بنیات بنرێت.
بەڵام ئەو ئاواتانە هەفتەی رابردوو تووشی پاشەکشەیەک هاتن، کاتێک ئەمریکا دوایین کاروانی هێزەکانی لە هەولێری پایتەخت کشاندەوە لە چوارچێوەی بەڵێنەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگانەی بە جەنگە بێکۆتاکان ناوزەندیان دەکات. ئەم هەنگاوە کۆتایی بە مانەوەی سەربازیی 23 ساڵەی ئەمریکا لە عێراق هێنا، لە دوای لەشکرکێشیی ساڵی 2003 بۆ رووخاندنی سەدام حوسێن.
ئەم پێشهاتە جێگەی نیگەرانییە؛ چونکە سەرباری ئەوەی کوردستان هەوڵی داوە خۆی لە جەنگی ئێران بەدوور بگرێت، بەڵام لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەری کە زۆربەیان لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە بوون، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەسی دیکە.
هەفتەی ڕابردوو، سەردانی هەولێرم کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە بارودۆخی ئەم هەرێمە نیمچە سەربەخۆیە تێبگەم. پێش گەیشتنم، دەمزانی کورد نەتەوەیەکن بە نزیکەی 45 ملیۆن کەس کە بەسەر عێراق، تورکیا، ئێران و سووریادا دابەش بوون؛ ئەوان یەکێکن لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکانی جیهان کە خاوەنی خەونێکی دێرینن بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. وەک بە هەموو ئەو کەسانەشم گوت کە چاوم پێیان کەوت، ئامانجی سەردانەکەم گوێگرتن و فێربوون بوو.
تەنیا لە چەند خولەکی یەکەمی گەیشتنمدا، تێڕوانینم بۆ ناوچەکە بە تەواوی گۆڕا: کۆمەڵێک باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بازرگانیی مۆدێرنم بینی کە زۆربەیان تەمەنیان لە 20 ساڵ کەمترە، لە هەموو لایەکیش نیشانەکانی دەوڵەمەندی و بوژانەوەی ئابووری بەدی دەکران. زۆر زووش ئەوەم بۆ دەرکەوت کە کوردستان بە شایستەییەوە بە لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی فرەپێکهاتەیی لە رووی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و کلتوورییەوە ناسراوە.
لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە دەوروبەری هەولێر، بە گەرمی لەلایەن سەرکردەی مێژوویی و ناودار، سەرۆک بارزانی پێشوازیم لێکرا؛ ئەو کەسەی لە ژیانە پڕ لە رووداوەکەیدا ئازار و ئاژاوەی بە قەبارەیەکی بێوێنە بینیوە. سەرۆک بارزانی، بە جەمەدانییە سوور و سپییەکەی و بە دەنگێکی هێمن کە وشەکانی بە وردی هەڵدەبژارد، سوپاسی ئەمریکا و رۆژئاوای کرد، بە بەریتانیاشەوە، بۆ هاوکارییەکانی رابردوویان.
لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە چەکدارانی توندڕەو لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە کوردستان بدەنەوە؛ سەرۆک بارزانی پێی گوتم: دەترسم سیناریۆی هاتنی داعشی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە. وەک هەموو ئەو سەرکردە سیاسییانەی لە ماوەی چوار رۆژدا چاوم پێیان کەوت، جەنابیان ئاشتیی پێ باشترە لە جەنگ، بەڵام ناکرێت هیچ کەسێک ئازایەتی و خۆڕاگریی کورد و هێزە تۆکمەکەی پێشمەرگە کەم تەماشا بکات؛ گوتیشی: ئەگەر ناچار بین بەرگری لە خۆمان بکەین، تا کۆتا سات دەجەنگین.
هەروەها چاوم بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوت، ئەویش هاوشێوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی درۆن و مووشەکەکاندا بە کراوەیی ماوەتەوە؛ بەتایبەت لە مانگی ئابدا شوێنی حەوانەوەی خۆیشی بە درۆن کرابووە ئامانج.
سەرۆکوەزیران پێی گوتم حکوومەتی عێراق نە بەرگریی ئاسمانیی پێویست بۆ کوردستان دابین دەکات و نە رێگەش دەدات خۆیان بیکڕن، و گوتی: ئێمە داوای خێر و بەخشین یان هێنانی هێزی سەربازیی سەر زەوی ناکەین، بەڵام لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا بەتەواوی بێدەسەڵات و بێبەرگرین.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، کە بەهۆی کارەکەیەوە وەک رۆژنامەنووس و دیپلۆماتکار بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا و ئەمریکا ژیاوە، زۆر بە باشی نرخی جەنگ و ئاڵۆزییەکان دەزانێت؛ باوکی ئەو کە ئەوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بوو لەگەڵ برایەکی، لە ساڵی 2004 لە هێرشێکی تیرۆریستیی سەر بە رێکخراوی قاعیدە لە هەولێر لەگەڵ زیاتر لە 100 کەسی دیکەدا گیانیان لەدەستدا.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، کە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە و راوێژکاری باڵای سەرۆکوەزیرانە، پێی گوتم: دراوسێکانمان هەندێک جار کێشەمان بۆ دروست دەکەن؛ بەڵام وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە، ئێمەش ناتوانین خۆمان دراوسێکانمان هەڵبژێرین، بۆیە تێدەکۆشین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەبێت.
لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە رێنمایی هاووڵاتیانیان دەکەن کە تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت سەردانی کوردستانی عێراق نەکەن، ئەم جۆرە رێنماییانە بێگومان وەبەرهێنەرە دەوڵەمەندەکان سارد دەکاتەوە؛ کەچی لە راستیدا مەرجەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان لەوە لەبارتر نابێت، چونکە رێگە بە بیانییەکان دەدرێت بە رێژەی 100% خاوەندارێتیی بازرگانییەکانیان بکەن و لێخۆشبوونی گەورەی باجیشیان پێدەدرێت. نیگەرانییە ئەمنییەکانیش گەشتیاران دوور دەخەنەوە، لە کاتێکدا دەرفەتەکانی گەشتوگوزار و شاخەوانی لە کوردستاندا بێسنوورن.
سەردانی قەڵای ناوداری هەولێرم کرد لە بەشە دێرینەکەی شارەکە، کە بە کۆنترین شاری جیهان دادەنرێت ژیان بەردەوام تێیدا مابێتەوە بە مێژوویەکی زیاتر لە شەش هەزار ساڵ. هەروەها سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانم کرد، کە گوزارشت لە ئازار و قوربانیدانی گشتیی گەلی کورد دەکات.
هاوڕێکەم ستیڤن هارپەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا کە لە ساڵی 2015 سەردانی هەرێمی کردبوو، کاتێک زانیبووی دەچمە کوردستان پەیامێکی بۆ ناردم و نووسیبووی: "هەرێمی کوردستان خۆش دەوێت... ئەوان مێرگێکی ئارام و سەوزن لەنێو ئەم گێژاوەدا".
منیش هەمان ئەو هەستە گەرمە دووپات دەکەمەوە و ئومێدەوارم کوردستان و خەڵکەکەی، لە کات و ساتی گونجاودا، بگەنە ئەو نیشتمانە خاوەن سەروەرییەی کە شایستەی ئازایەتی، خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوانە. بە هیوای گەیشتن بەو خەونە مەزنەی سەربەخۆیی، وتارەکەم بە پەندێکی کوردی کۆتایی پێدەهێنم: "داو بە داو دەبێتە مافوور".