شەپۆل فاخر مێرگەسۆری
نووسەر
مامۆستا بنەمای گۆڕانکاریی کۆمەڵگەیە
بەپێی ئەزموونی دەیان ساڵەم لە بواری پەروەردە لە وڵاتی سوید وەک مامۆستا و وەک بەڕێوەبەری کۆمەڵگە لە کوردستان و بەشداریکردنم لە دەیان کۆنفراسی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، هەروا سەردانی زۆر وڵات بە مەبەستی شارەزابوونم لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە، ئەو دەرئەنجامە بەڵگەنەویستەی کە پێی گەیشتم، مامۆستا لەناو پرۆسەی پەروەردە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا.
نهێنیی سەرکەوتن و پێشکەوتنی ئەو وڵاتانە لە بنەڕەتدا لە گرنگیدان بە سیستەمی پەروەردە و بەرزکردنەوەی پێگەی مامۆستادا خۆی دەبینێتەوە. بۆ نموونە، لە وڵاتێکی وەک فینلەندا، بەرزترین پێوەری زانستی بۆ وەرگرتنی قوتابی لە کۆلێژی پەروەردە دادەنرێت و شایستە داراییەکانیشی لە لووتکەدایە، لە کۆریای باشوور و سینگاپوورەشدا، بناخەی هەموو گەشەسەندنێک لەسەر رێزلێنان و قووڵکردنەوەی پێگەی مامۆستاوە بونیات نراوە.
هەروا لەسەرەتای دوو هەزارەکانەوە سوید گرنگییەکی تایبەتی بە کۆلێژی پەروەردە و گۆڕانکاری لە مەنهەج و پرۆگرامی کۆڵێژی مامۆستایان دا و لە هەمان کاتدا بەشێوەیەکی بەرچاو مووچەی مامۆستایان بەرزکرایەوە، کەواتە مامۆستا تەنیا کەسێک نییە زانیاری بگوازێتەوە، بەڵکو بونیاتنەری کەسایەتی، گەشەپێدەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پارێزەری گەورەترین سەرمایەی مرۆییە.
مامۆستا لە هەموو سەردەم و قۆناخەکانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ڕۆڵی جیاوازی هەبوو. ئەوانەی چیرۆک، داستان دەگێڕایەوە دەم بەدەم و کەلەپووری نەتەوەیان دەپاراست، و لە سەردەمی یۆنانی کۆندا شێوازی سۆکراتیک و پرسیارکردن داهێنرا کە ئەمڕۆ بووەتە بناخەی زانستی مۆدێرن و گومانی تەندروست.
پاشان لە سەردەمی ناوەڕاست و ئایینیدا کڵێسەکان و دواتر حوجرە و مزگەوتەکان لانکەی فێربوونی تێکستە ئاینییەکان هۆکاری بڵاوبوونەوەی خوێندەواری، نووسین و زانست بوون.
لەم سەردەمەی ئێستاماناندا سەردەمی مۆدێرندا، پێگەی مامۆستا لە دەسەڵاتداریی سەنتەری پۆلەوە گۆڕا بۆ رێنیشاندەر؛ ئەو کەسەی قوتابی دەخاتە وێستگەی پرسیارکردن و بەدواداچوون بۆ گەیشتن بە راستییەکان. مێژوو شایەتحاڵە کە هەر شارستانییەتێک رێزی لە مامۆستا گرتووە لە لووتکەی دەسەڵات و هێزدا بووە و پشتگوێخستنی ئەم توێژە سەرەتای داڕمانی هزری بووە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کەسێک هەبوو رۆڵی مامۆستای هەبووە.
لێرەدا دەمەویت ئاماژە بە کاریگەری مامۆستا بکەم لە پێگەیاندنی کەسایەتییەکی بەهێزی نەوە یەک لەدواییەکان. کاریگەریی مامۆستای سەرکەوتوو لە چەند رەهەندێکی سەرەکیدا دەردەکەوێت، چونکە لە ڕێگەی رەخساندنی دۆخێکی ئارام لە پۆلدا فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە و دەرفەت دەدات بە مێشک بۆ داهێنان و بڕیاردان، هاوکات ئاراستەی قوتابی لە وەرگرێکی بێدەنگەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەرێکی داهێنەر و چارەسەرکاری کێشەکان و دروستکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەکات.
کاتێک باس لە مامۆستای کوردستان دەکەین، باسی رەمزێکی گەورەی فیداکاری و نەبەردی فیکری دەکەین؛ چونکە مامۆستای کورد لە درێژەی مێژووی پڕ لە زوڵم و ستەمدا، تەنیا وانەبێژی زانست نەبووە، بەڵکو سەنگەری پاراستنی زمان، کولتوور و کەرامەتی مرۆڤ بووە. لە هەموو سەردەمەکاندا هەڵگری مەشخەڵی فیکری بووە و لەم ساڵانەی دواشدا لەبەردەم قەیرانی دارایی، پاشەکەوت و دواکەوتنی مووچەدا، سەرەڕای قورسی باری دەروونی، بە دڵسۆزییەکی بێوێنە ئەرکەکانی خۆیان وەک لێپرسراوێتییەکی نیشتمانی بەجێهێناوە.
لە دەرئەنجامدا مامۆستایان لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، سامانی نەتەوەیی بێوێنەن.
رێزلێنانی راستەقینە لە مامۆستا تەنیا درووشمی گەرموگوڕ نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردەدا، تاوەکو هەمیشە شکۆ و پێگەی شایستەی خۆی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت.
بۆیە لە کوردستانیش کاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێک لە پێگە و شایستەدارییەکانی مامۆستایان بدرێتەوە. لەهەمان کاتدا گرنگی بە مەنهەج و پرۆگرامی کۆلێژی پەروەردە بدرێت و گۆڕانکاری تێدا بکرێت، کە بگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و تەکنەلۆژیا.