د. مەحموود عەباس
نووسەر
کوردستان؛ ئەو دەوڵەتەی نەیارەکانی ناچارن دان بە قورساییەکەیدا بننێن
کوردستان بە جۆرێک دژایەتی دەکرێت و شەڕی بەرامبەر دەکرێت وەک چۆن وڵاتێکی سەربەخۆ بێت، ئەگەرچیش هێشتا سەربەخۆیی بەدەستنەهێناوە. ئەمە دەقاو دەق ئەو پێچەوانەیییەیە کە سروشتی قۆناخەکە ئاشکرا دەکات؛ وڵاتانی داگیرکەر لە وتاریاندا نکۆڵی لە بوونی دەکەن، بەڵام لە کۆبوونەوە و رێککەوتن و بڵاوبوونەوە سەربازییەکانیاندا وەک راستییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن کە توانای گۆڕینی هاوسەنگییەکانی ناوچەکەی هەیە.
ململانێکە لە راوەدوونانی کەسایەتییە کوردییەکان و لێدانی رێکخراوە سیاسییەکان تێپەڕیوە، و بووەتە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ "کوردستانی گەورە" وەک راستییەکی جیوپۆلەتیکی سەراپای ئەو سنوورانەی بەزاندووە کە دابەشیان کردبوو؛ لە تاریکایی نکۆڵیلێکردن تا ئامادەییی خۆی بەسەر هاوکێشەی ئەوانەدا بسەپێنێت کە شەڕی دەکەن.
بۆ زیاتر لە سەدەیەک، رووبەڕووبوونەوەکە لە بەئامانجگرتنی ئەو کوردەی ناوی نیشتمانەکەی دەهێنا بەرزبووەوە بۆ بەئامانجگرتنی ئەو جوڵانەوەیەی کە دۆزەکەی هەڵگرتبوو. لە قۆناخی یەکەمدا، نووسەر و رۆشنبیر و سیاسەتمەدار وەک سەرچاوەی مەترسی راوەدوو دەکران، پەرتووکەکانیان قەدەخە دەکران، دەنگیان زەوت دەکرا و دەیانویست نەبوونیان بێدەنگی بگەڕێنێتەوە. دواتر ئامادەییی کورد فراوانتر بوو، حزب و راپەڕین و دامەزراوەکان بوونە ئامانجی سەرکوتکردن و گەمارۆدان. بەڵام ئەمڕۆ، سەرکردایەتی و رێکخراوەکان دەگۆڕێن، و کوردستانی گەورە لە ناوەندی رووبەڕووبوونەوەکەدا دەمێنێتەوە. ئەم مانەوەیەش قەبارەی ئەو شتە ئاشکرا دەکات کە شەڕی لەسەر دەکرێت؛ نیشتمانێک کە ئامادەیییەکەی گەورەتر بووە لەو لایەنانەی بە ناویدا قسە دەکەن.
لە 20ی ئەیلوولی 2017، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران و تورکیا لە نیویۆڕک کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، کە بڕیاربوو لە 25ی هەمان مانگدا بەڕێوەبچێت. رەتکردنەوەی راشکاوانەی خۆیان بۆ ریفراندۆمەکە راگەیاند، و رێککەوتن لەسەر لێکۆڵینەوە لە رێکارە دژە هەماهەنگکراوەکان، و داوای هەوڵی نێودەوڵەتییان کرد بۆ ناچارکردنی سەرکردایەتی هەرێم بە هەڵوەشاندنەوەی. لێرەدا رووبەڕووبوونەوەکە لەگەڵ کردەیەکی چەکداری یان رێکخراوێکی نهێنی نەبوو، بەڵکو لەگەڵ دەنگدانێکدا بوو کە دەرگای سەروەریی دەکردەوە. سێ دەوڵەت کۆبوونەوە بۆ رێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی چوارەم.
ئەوە ساتەوەختێکی بڕیاردەر و ئاشکراکەر بوو؛ هەرکە پرسیارەکە لە مافەکانی کورد لە ناو عێراقەوە گوازرایەوە بۆ مافی دیاریکردنی ئایندهی سیاسییان، وەڵامەکە سنوورەکانی عێراقی بەزاند. ئەنقەرە و تاران بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ ریفراندۆمەکە کرد کە پرسێکە راستەوخۆ پەیوەندی بەوانەوە هەیە. لە خوێندنەوەی ئەم هەڵوێستەدا، روون دەبێتەوە کە دابەشکردنی کوردستان پەیوەندی ئەوانی لە هاوکێشەی ئەو دەوڵەتانەی دابەشیان کردووە کۆتایی پێ نەهێناوە؛ ئەوان دەترسن دانپێدانانی سەروەریی بەشێکی، بێتە نەریت و پێشینەیەک کە واتای دۆزەکە لە بەشەکانی دیکەیدا بگۆڕێت.
لە ڕۆژئاوای کوردستان، رووبەڕووبوونەوەکە بە شێوازێکی جیاواز دەرکەوت، بەڵام هەمان قورسایی جیوپۆلەتیکی ئاشکرا کرد. لە 17ی تشرینی یەکەمی 2019، رێککەوتنی ئەمریکی-تورکی سەبارەت بە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا جەختی لە راگرتنی کاتیی کردە سەربازییەکەی تورکیا کردەوە، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ کشانەوەی یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ماوەی 120 کاتژمێردا، و کۆکردنەوەی چەکە قورسەکانیان و لەکارخستنی سەنگەرەکانیان، بە مەرجێک هێزەکانی تورکیا جێبەجێکردنی رێکخستنەکانی "ناوچەی ئارام" بگرنە دەست. واشنتن و ئەنقەرە دانوستانیان لەسەر بڵاوبوونەوە و چەک و سەنگەر و کۆنتڕۆڵکردنی زەوی دەکرد، واتە لەسەر رەگەزەکانی هێزێکی ئامادە و هەبوو، نەک لەسەر پرسێکی پەراوێزی کە بتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
دوا بە دوای پێنج رۆژ، لە 22ی تشرینی یەکەمی 2019، پووتین و ئەردۆغان لە گەیشتنە یاداشتنامەیەک کە جەختی لە چوونەژوورەوەی پۆلیسی سەربازیی رووسیا و پاسەوانی سنووری سووریا دەکردەوە بۆ ئاسانکاریی دوورخستنەوەی ئەندامانی یەکەکانی پاراستنی گەل و چەکەکانیان بۆ قووڵایی 30 کیلۆمەتر، لەگەڵ رێکخستنی دەوریەکان و دەرکردنیان لە منبج و تەل رەفعەت. بەم شێوەیە ئامادەییی سەربازیی کورد بووە بابەتی رێککەوتنی نێوان سەرۆکی دوو دەوڵەت، و دووری و مۆڵەت و ئالییەتی جێبەجێکردنی بۆ دیاریکرا.
ئەم رێککەوتنانە دانپێدانانی یاسایی بە کوردستان نابەخشن، بەڵام ئاشکرای دەکەن کە ئامادەیییەکەی بووەتە هۆی سەپاندنی دانوستانی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو جوگرافیایەی کە کاریگەریی لەسەر دادەنێت. ئەوەی دەیانویست بەرتەسکی بکەنەوە بۆ "کێشەیەکی ناوخۆیی"، بووە بەندێک لە نێوان هێزە گەورەکاندا. ئەو سنوورانەشی کە دەگوترا پرسەکە یەکلا دەکەنەوە، بوونە شوێنی رێکخستنی سەربازی بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنی.
رەهەندی سیاسی بە وێنەیەکی ڕوونتر لە بەیاننامەکانی پرۆسەی ئاستانادا دەردەکەوێت. لە کۆبوونەوەی 11 و 12ی تشرینی دووەمی 2024، رووسیا و ئێران و تورکیا دروستکردنی واقعیی تازەیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا رەتکردەوە، و دەستپێشخەرییەکانی خۆبەڕێوەبەرییان خرایە خانەی نایاساییەوە، هەروەها دەستپێشخەریی هەڵبژاردنە نا
وخۆییەکانیش. هەروەک جەختیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەوە کردەوە کە ناویان نا ئەجێندای جیاکاری (ئینفیساڵی). لێرەدا رەتکردنەوەکە فراوانتر بوو بۆ سەر ئیدارە و هەڵبژاردنەکان، بۆ سەر ئەو ئامرازانەی کە ئامادەییی کۆمەڵگە دەکەنە دامەزراوەیی و توانای بەردەوامیی پێ دەبەخشن.
ئیتر تەنیا تفەنگ نەبووەتە جێی مەترسی، بەڵکو سندوقی دەنگدانیش بووەتە مەترسی. ئەمەش جیاوازییەکی زۆر بەواتایە: کاتێک ئیدارەی ناوخۆیی و هەڵبژاردن دەبنە بابەتی رەتکردنەوەی هاوبەشی نێوان دەوڵەتان، ئەوا ململانێکە چووەتە ناو نەبەردییەک لەسەر سەرچاوەکانی رەوایەتی و لەسەر شێوازی ئەو قەوارە سیاسییەی کە دەکرێت لێیانەوە بێتە ئاراوە. ئەوان رووبەڕووی ئەگەری سەروەریی لە دامەزراوە سەرەتاییەکانیدا دەبنەوە، بەرلەوەی ناوی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەڵبگرێت.
لە پەیوەندی نێوان تورکیا و عێراقدا، هەماهەنگییەکە بووەتە ئالییەتێکی ئەمنیی دووبارەبووەوە. بەپێی خستنەڕووی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حزبی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆبوونەوەی کانوونی یەکەمی 2023دا وەک "مەترسییەکی هاوبەش" تەماشاکرا، دواتر عێراق لە ئاداری 2024 وەک رێکخراوێکی قەدەخەکراو پۆلێنی کرد. لە 15ی ئابی 2024، لە ئەنقەرە یاداشتنامەیەک بۆ هاوکاری سەربازی و ئەمنی و دژەتیرۆر ئیمزا کرا. ئەم رووداوانە لە دەقەکانیاندا تایبەتن بە رێکخراوێکی دیاریکراو، بەڵام ئاشکرای دەکەن کە چۆن مەلەفی کورد دوو دەوڵەت ئاڕاستە دەکات بۆ دروستکردنی رێکخستنێک کە لە چارەسەری ناوخۆیی هەر یەکێکیان تێپەڕێت.
لە سەر تەوەرەی ئێرانی-عێراقیشدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسر کەنعانی لە 28ی ئابی 2023دا رايگەیاند کە بەغدا پابەند بووە بە داماڵینی چەکی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران و داخستنی بنکەکانیان و گواستنەوەیان پێش 19ی ئەیلوول، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی راگەیەندراو لە ئاداردا. بەمەش داواکارییەکانی تاران درێژبوونەوە بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی بوونی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ناو هەرێمی کوردستاندا، لەرێگەی ئەو پابەندییانەی خرایە سەر شانی بەغدا.
ئەم رووداوانە لە لایەنەکان و ئامانجە راستەوخۆکانیاندا جیاوازن، بەڵام بە خوێندنەوەی من، گواستنەوەیەکی یەکگرتوو ئاشکرا دەکەن: ئامادەییی کورد بووەتە فاکتەرێکی سەراپای سنوورەکان، رێککەوتنی لەسەر دەبەسترێت، ئالییەتی هەماهەنگی بۆ دروست دەکرێت، ناوچەی کشانەوە و بڵاوبوونەوەی بۆ دەکێشرێت، و بەهۆیەوە جۆرەکانی دەسەڵاتداری و نوێنەرایەتیکردن رەت دەکرێتەوە. ئەمەش واتای سیاسیی شەڕکردنە لەگەڵ کوردستان وەک ئەوەی دەوڵەتەکەی هەبێت: مامەڵەکردن لەگەڵ توانای کاریگەرییدانانی وەک هێزێک کە دەبێت گەمارۆ بدرێت، و لەگەڵ ئەگەری سەروەرییەکەی وەک واقعیەتێک کە دەبێت رێگری لە تەواوبوونی بکرێت.
کوردستان ئێستا هەیە. بوونی جیوپۆلەتیکی بەو مانایە نییە کە سەروەریی یاسایی تەواو بووە، بەڵکو بەو مانایەیە کە بووەتە ئامادە لە بڕیاری دەوڵەتاندا، ئەگەر لەسەر مێزی بڕیاردانیش دوورخرابێتەوە. کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە، بەڵام داهاتووی لە نیویۆڕک، ئەنقەرە، موسکۆ و ئاستانا تاوتوێ دەکرێت. ئەمەش پێچەوانەیی نیشتمانێکە کە وەک بابەتی دانوستان ئامادەیە، و لە مافی ئامادەبوونی وەک لایەنێک بێبەش دەکرێت.
لێرەوە کوردستان لە "دەوڵەتی شەبەح"ەوە گواسترایەوە بۆ قورسایی واقعییەتی جیوپۆلەتیکی. شەبەحەکە ناوێک بوو هەوڵیان دەدا بیسڕنەوە، بەڵام واقعییەتەکە ئامادەیییەکە کە ناتوانن پشتگوێی بخرێن. هەرچەندە هەماهەنگی بکەن بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەم ئامادەیییە، رادەی کاریگەرییەکەی لەسەر خۆیان ئاشکرا دەکەن. هەرچەندیش لە سنوورەکانیان تێپەڕن بۆ رووبەڕووبوونەوەی، نیشانی دەدەن کە ئەو سنوورانە سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵوەشاندنەوەی واتاکەی.
دوێنێ شەڕی ئەو کوردەیان کرد کە بە ناوی نیشتمانەکەیەوە قسەی دەکرد، دواتر شەڕی ئەو جوڵانەوەیەیان کرد کە دۆزەکەی هەڵگرتبوو. ئەمڕۆش شەڕی کوردستانی دەوڵەتی داهاتوو دەکەن، و مامەڵە لەگەڵ ئەگەری سەروەرییەکەی دەکەن وەک هێزێک کە لە ئێستادا کار دەکات. ئەوان لە یاسادا دانی پێدا نانێن، بەڵام ململانێیان لەگەڵیدا دانپێدانانە بە قورساییەکەی لە سەکۆی سیاستدا. ئەمەش ئەوەیە کە دەیانترسێنێت: کە کوردستانیان کە دەیانویست نەبێت، بووەتە هاوبەشێکی سەپێنراو لە هاوکێشەکانیاندا، بەرلەوەی رێگەی پێبدەن کورسییەکی لە نێوانیاندا هەبێت.