جێریت لین
نووسەر
ئەمریکا بە تەنیا براوە نابێت: پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی کاتی جەنگ
پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
وەرگێڕان: دڵشاد عەلی
کاتێک جێیان دەهێڵین، دەمرن، ئێمەش متمانە و باڵادەستیی ستراتیژی لەدەستدەدەین. ئەمەمان لە ڤیێتنام بینی، لە سووریا شایەتحاڵ بووین، بەردەوامین لە بینینی ئەمە لە ئەفغانستان و ئێستا جارێکی دیکە رووبەڕووی مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەمان کارەسات لەگەڵ کوردی عێراق دەبینەوە.
ئەگەر لێکەوتە ئەخلاقییەکانی پشتکردنە هاوپەیمانەکانمان و سپاردنیان بە چارەنووسی خۆیان کارت لێ ناکات، ئەوا دەرئەنجامە کوشندەکانی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکات لەبەرچاو بگرن.
لە سەرەتای دامەزراندنی وڵاتەکەمانەوە، ئەمریکا نەریتێکی بونیاتناوە بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتی لەگەڵ هاوبەشە بیانییەکان، کە لە کاتی جەنگدا پێویستن و رێڕەوی مێژوو. لە ساڵانی پڕ لە خۆڕاگریی شۆڕشی ئەمریکادا، سوپای کیشوەری و میلیشیا خۆجێییەکان قارەمانانە دژی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی جەنگان. هەرچەندە زۆربەی کات، سەرچاوەی پێویستیان نەبوو، مەشقی پێویستیان نەبوو و لە بەردەوام لە ژێر گوشاردا بوون، ئەمریکییەکان بە تەنیا سەربەخۆییان بەدەستنەهێنا. فەرەنسا لە رێگەی هەزاران دەریاوان و سەرباز، هاوکاری دارایی و کەلوپەلی سەربازییەوە هاوکار بوو لە گۆڕینی هاوکێشەی جەنگەکە.
سەربەخۆیی ئەمریکا تەنیا لە رێگەی ئیرادەوە بەدەستنەهات، بەڵکو لە رێگەی ئەو هاوبەشییە ستراتیژییانەی وڵاتەکەمانی بەهێز کرد بەدەستهات. سوپای ئەمریکا پشتی بە هاوبەشە خۆجێییەکان وەک، هێزە چەکدارەکان، چەکدارانی پارتیزان و میلیشیاکان بەست بۆ برەودان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە زیاتری 170 وڵات و خاکی هاوبەشەکانی ئۆپەراسیۆن دەکەن، ئەم راستییە تا ئێستاش بەدیدەکرێت.
لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە کۆتایی ئاهەنگی 250-مین ساڵیادی سەربەخۆیی نیشتمانی، گرنگ و پێویستە دان بە یەکێک لە پتەوترین و جێگیرترین هاوبەشەکانمان لە ناوچەیەکی هەرە گرنگ بۆ ئاسایشی نیشتمانیماندا بنێین: کوردانی عێراق.
ئێمە هاوبەشێکمان جێهێشت، لە دۆخێکدا وەک پێویست ئامادە نین بۆ پاراستنی داهاتووی گەلەکەیان، یانیش پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا. هەرچەندە لە ئەیلوولی ئەمساڵ (جارێکی دیکە) سەربازەکانی ئەمریکامان لە عێراق کشاندنەوە، من داوا لە ئەمریکا دەکەم بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردنی هاوبەشە کوردەکانمان لە هەردوو رووی دارایی و کەرەستەی سەربازییەوە. کورد وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو شایستەی ئەمەن، هاوکات بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا ئەمە دەخوازن.
پەیوەندیی ئەگەری
پەیوەندی کوردانی عێراق لەگەڵ سوپای ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991. دوای دەرکردنی هێزەکانی سەددام حوسێن لە کوەیت، ناوچەی ئارام و دژە فڕین راگەیەندرا. ئەمەش زەمینەی رەخساند بۆ دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ و دیموکرات لە چوارچێوەی عێراقدا، کە نیشتمانی زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد و پێکهاتەی ئایینی جیاوازە، لە نێویشیاندا کریستیان و ئێزدی.
چەند دەیەیەک دواتر و دوای رووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەر، ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و رژێمی سەدام حوسێنی رووخاند. پێشمەرگە (ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە) لە سەرەتای قۆناخەکانی داگیرکراییەکەوە تا رەشترین رۆژەکانی هەڵمەتەکە شان بە شانی هێزەکانمان وەستانەوە.
ئەوان بەرەی باکووریان کردەوە، هەزاران شەڕکەریان دابین کرد، زانیاری گرنگ و هەستیاریان لەبارەی دەڤەرەکە و هاوکێشە خۆجێییەکان لەگەڵ هێزەکانمان هاوبەشی پێ دەکرد و لە نزیکەوە لەگەڵ هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمریکا هەماهەنگییان هەبوو. لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراق، سەدان پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا شەهیدبوون، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی شەڕەکە حکوومەتی کوردی بە سەقامگیری و ئارامی مایەوە، ببووە بە شوێنی حەوانە و ئارامی هێزەکانی ئەمریکا.
لە 2014، دوای کەمتر لە پێنج ساڵ لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (داعش) بە ناوچەیەکی فراوانی وڵاتەکەدا بڵاوبوویەوە، هەزاران کەسی مەدەنی کوشت و هەڵمەتێکی جینوسایدی دەستپێکرد. ئەمریکا گەڕایەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراق، ئەمجارەیان بۆ پارێزگاریکردن بوو لەو حکوومەتە دیموکراسییەی خۆی هاوکاریکردبوو بۆ هاتنە سەر دەسەڵات. پێشمەرگە هاوشانی هێزەکانی ئەمریکا شەڕی کرد، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە هەڵمەتی تێکشکاندنی داعش گێڕا.
زیاتر لە هەزار و 300 پێشمەرگە مەزنترین قوربانییان لەم شەڕەکە دا و گیانیان بەخشی. تا کانوونی یەکەمی 2017، داعش کۆنترۆڵ هیچ ناوچەیەکی عێراقی بەدەستەوە نەمابوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش سەرکەوتنی راگەیاند، سەرکەوتنێک بەهۆی قوربانیدانێکی گەورەی کوردەوە بەدیهات.
ئەگەر ئەخلاق و وشەی ئەمریکا مانایەکی هەبێت، خەڵکی هەرێمەکە لە کاتە سەختەکانی جەنگ، سیاسەتی ئاشتی لە پاڵ ئێمەدا وەستاونەتەوە. چەندین جار و بەردەوام سەلماندوویانە، هاوپەیمانێکی بەتوانا و بەوەفان. ئەگەر وەک مرۆڤیش هیچ بەلامانەوە گرنگ نەبن، دەبێت بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان وامان لێ بکات بووەستین پێش ئەوەی بێباکانە دەستبەرداری پەیوەندییە دەرەکییەکانمان بین.
متمانە و ئاسایش لەبەردەم مەترسیدا
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراوەی سەربازی لەخۆ دەگرێت، کە رێگە بە ئەمریکا دەدات هەژموونی خۆی لە تەواوی ناوچەکەدا پەیڕەو بکات، سەرکردەکانی ناوچەکەش بەردەوام لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکادا هاوڕابوون. لەم جەنگەی ئێستای نێوان ئەمریکا و رژێمی ئێران، هەرێمی کوردستان، بەهۆی دڵسۆزی لەمێژینەی بۆ ئەمریکا، باجێکی سەختی داوە.
زیاتر لە 600 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان لە سەرانسەر هەرێمەکە، هێرشەکان قوربانی و زیانی گەورەی ژێرخانییان لێ کەوتووەتەوە. سعوودیە، کویەت، قەتەر، بەحرەین و ئوردن ئەو وڵاتانەی دیکەن زیانیان بەرکەوتووە، قوربانییان هەبووە، لەلایەن خەڵکەکەشیانەوە رووبەڕووی فشاری زیاتر بوونەتەوە لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان و ئەو باجەی بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا دەدەن.
بارەگای سەرەکی گەشتی گەلی پێنجەممان لە دۆخێکی وێران دایە، تواناکانی لە ئاستی ستراتیژی لە لاوازبوون دایە. بنکە و فڕۆکە سەربازییەکان تێکشکاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە 81 فڕۆکەی جەنگییە، تێچووەکەیان دەگاتە سێ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار. ناتوانین بەرگەی لەدەستدانی هاوبەشەکانمان بگرین، لە کاتێکدا بەردەوام باڵادەستیی جوگرافی و کەرەستەی سەربازی لەدەست دەدەین. سەرکردە و گەلی ئەو 170 وڵات و ناوچەیەی ئێستا هێزەکانی ئەمریکایان لێیە، سەیری دەکەن دۆخەکە چۆن کۆتایی پێ دێت، ئەوان پێویستە چارەسەر ببینن نەک کشانەوە.
لە کاتێکدا گەلانی ناوچەکە رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشی مووشەک و درۆن دەبنەوە، گرنگە بۆ ئاسایشی ئەوان و ئێمەش، ئەمریکا پشتیوانییان بکات. هەموو رۆژێک ئەم وڵاتانە دەبێت لێکدانەوە بکەن بۆ سوود و زیانە ستراتیژییەکانیان بەرامبەر بەوەی لەگەڵ کێ هاوپەیمانێتی دەبەستن. کردەوەکانمان ئاماژەن، ئایا ئێمە وەک وڵات هاوبەشێکی شیاو و جێی متمانەین یاخود بەها و دەستکەوتی ستراتیژی لەوەدایە لەگەڵ سەرکردە تازە هەڵکەوتووەکاندایە، وەک چین.
لە 2027ـەوە ئەمریکا دەستدەکات بە بڕینی میکانیزمی هاوکاری دارایی بۆ هێزە کوردییەکان، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی جەنگ و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی 2026ـدا بەسەر چوو. ئەم دوو بڕیارە، توانای حکوومەتی کوردی بۆ حوکمڕانی و ئاسایش کەم دەکەنەوە. ئەمەش توانای هاوبەشەکەمان لاواز دەکات لەوەی وەک هاوبەشێکی ئەمنی بەناوی ئەمریکا کار بکات. پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی لەدایک بووە و شایەنی ئەوەیە لەبیرمان بێت، ئەمریکا هێشتا پشت بە هاوبەشە متمانەپێکراوەکانی دەبەستێت بۆ برەودان بە بەرژەوەندییەکانمان لە دەرەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەمن ئەوانەی سەلماندوویانە لە کوردانی عێراق زیاتر مایەی پشتپێبەستنن. نابێت جارێکی دیکە لەبیریان بکەین، نەوەک ئەزموونی ئەوان ببێتە پەندێکی هۆشداریدەر بۆ ئەوانەی بیر لە هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەمریکا دەکەنەوە.