داڕمانی فێرکردن؛ تاوانێک گەورەتر لە دزینی سەروەت و سامان

وێنە: ژیریی دەستکرد
وێنە: ژیریی دەستکرد

جۆرێک لە دواکەوتوویی هەیە کە لە دەستپێوەڕاگواستن و دەستەوسانییەوە لەدایک دەبێت: کەمیی سەرچاوەکان، لاوازیی ئەزموون و رەقوڕەقیاسیی جوگرافیا؛ بەڵام جۆرێکی دیکەی دواکەوتوویی هەیە کە لە ئیرادە و ویستەوە لەدایک دەبێت، ئەمەیان وەک کارەساتەکان بەسەر کۆمەڵگەدا تێناپەڕێت، بەڵکو وەک چۆن کۆت وزنجیر دروست دەکرێت، ئاوا بۆی دروست دەکرێت، وەک پڕۆژەکان بەڕێوە دەبرێن، وەک چۆن قالبەکان دادەڕێژرێن، نەسل و نەوەی پێ دادەڕێژرێت. جۆری یەکەم بە گەشەپێدان و تێپەڕبوونی کات چارەسەر دەکرێت، بەڵام جۆری دووەم هیچ شتێک چارەی ناکات مادام دروستکەرەکەی کلیلی دەسەڵاتی لەدەستدا بێت؛ ئەوە ئەو دواکەوتووییەیە کە دەگاتە لوپکەی خۆی کاتێک نەزانی و نەخوێندەواری دەبنە مامۆستا، و نەزانین و  خۆنەزانکردن دەبێتە قوتابخانەیەک کە خاوەنی پڕۆگرام، دەرچووان و پاسەوانانی خۆیەتی.

ئێمە لەو وڵاتانەی گەندەڵی پەکی خستوون، راهاتووین زەرەر و زیانەکان بە زمانی ژمارە بژمێرین: ملیاران دۆلاری قاچاخکراو بۆ دەرەوە، گرێبەستی بەخشراو بە خزم و نزیکەکان، و بوجەی بەهەڵمبوو؛ ئەم حساباتە، سەرەڕای گەورەیی و قورسییەکەی، هەر بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، چونکە پارەی دزراو رەنگە رۆژێک لە رۆژان بە بڕیارێکی دادگا، رێککەوتنێکی سیاسی یان بەئاگابوونەوەیەکی درەنگوەخت بگەڕێندرێتەوە، هەروەها ئەوەی لە پرد و نەخۆشخانەکانیش تێکچووە سەرلەنوێ بپوژێنرێتەوە و دروست بکرێتەوە، بەڵام تەمەنی نەوەکان ناگەڕێندرێتەوە. چۆن ساڵانی گەنجیی کەسانێک بگەڕێنینەوە کە بڕوانامەیان هەڵگرتبوو بەڵام مەعریفەیان هەڵنەگرتبوو، تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەیان بەباشی دەزانی بەڵام فێری تێگەیشتن لە ژیان نەبووبوون؟ چۆن قەرەبووی کۆمەڵگەیەک بکەینەوە کە ببووە پێوەر بۆ پێوانی زانست بە پەڕەی مۆرکراو نەک بەو عەقڵەی کە پرسیار دەکات، و پێوانی لێهاتوویی بە پلە و نازناو دەکرێت نەک بەوەی خاوەنەکەی ئەنجامی دەدات؟

لێرەدایە مەترسیدارترین دیمەنی گەندەڵی دەردەکەوێت؛ چونکە ئەو گەندەڵییەی تەنیا بە دزینی سەروەت و سامانەوە ناوەستێت، لانیکەم بۆ کۆمەڵگە ئەو چاوەی کە دەبینێت و ئەو زمانەی کە حسابی پێ دەکات دەهێڵێتەوە، قوربانییەکە توانای دەمێنێت بزانیت کە دزی لێکراوە و ناوی دزەکەشی ببات. بەڵام کاتێک گەندەڵی درێژ دەبێتەوە بۆ قوتابخانە و زانکۆکان، ئەو ئامرازە لە خەڵک دەسێنێتەوە کە ئەسڵەن دزییەکەی پێ ئاشکرا دەکەن؛ دزیلێکراو بە بێدەنگییەکەی دەبێتە بەشدار، نەک لەبەر ئەوەی رازییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی فێر نەکراوە پرسیار بکات، و راهێنانی پێنەکراوە کە ماف لە ساختە و چەواشەکاری جیابکاتەوە، چونکە ئەو کەسەی تاڵانی کردووە هەر ئەو پەرتووکەی بۆ نووسیوە کە لێیەوە فێر بووە.

داڕمانی پەروەردە و فێرکردن لە زۆربەی وڵاتانماندا رێکەوتێکی بێتاوان نەبوو، و تەنیا کاریگەرییەکی لاوەکیی جەنگ و گەمارۆکان نەبوو؛ بەڵکو ئەو بڕوانامانەی بێ شایستەیی دەبەخشرێن، ئەو زانکۆیانەی وەک دووکان زۆر دەبن و نازناوەکانیان بەوانە دەفروشن کە پارە دەدەن، ئەو نمرانەی بە  دڵسۆزی دابەش دەکرێن، ئەو کورسییانەی بە پشک پشکێنە دەبڕدرێن، ئەو پڕۆگرامانەی لەسەر ئەندازەی عەقیدەی دەسەڵاتدار نووسراون نەک لەسەر ئەندازەی سەردەم، و ئەو مامۆستایەی لەبەردەم هەژاریدا جێهێڵدراوە تا وانە تایبەتەکانی بفروشێت بۆ ئەوەی بژێت؛ هەموو ئەوانە نیشانەی کەمتەرخەمی نین، بەڵکو ئامرازی حوکمڕانین. چونکە هیچ شتێک بۆ بەڕێوەبەرانی دیمەنەکە بەسوودتر نییە لە جەماوەرێک کە ئەزبەر دەکات و تێناگات، گوێڕایەڵ دەبێت و گفتوگۆ ناکات، و هۆشیاری و ئاگاداری بە خۆشگوزەرانی یان تۆمەت دەبینێت.

بڕوانامەی ساختە

عێراقیش لەم دیمەنە دوور نییە، بەڵکو رەنگە بەئازارترین نموونەی بێت؛ ئەو وڵاتەی رۆژێک لە رۆژان زانکۆکانی رووبەری فێرخوازانی ناوچەکە بوون، پزیشک، ئەندازیار و مامۆستاکانی بە ناو لە پایتەختە نزیک و دوورەکاندا داوا دەکرا، ئەمڕۆ لە فەرمانگەکانیدا ژمارەی بڕوانامە ساختەکان دەژمێرێت، و باسی قوتابخانەی قوڕ و قوتابخانەکانی سێ دەوامی دەکات، هەروەها باسی دەیان هەزار دەرچوو دەکات کە لەبەردم وەزارەتەکاندا خۆپیشاندان دەکەن بۆ داواکردنی هەلیکی کار کە پەروەردەکەیان بۆ هیچ شتێکی دیکە ئامادەی نەکردوون. ئەمە قەدەرێک نەبوو لە ئاسمانەوە دابەزی بێت، بەڵکو دیکتاتۆرییەتێک یەک لە دوای یەک بەسەریدا هات کە قوتابخانەی کردە سەربازگە بۆ چاندنی وەلائی، جەنگ و گەمارۆکان مامۆستایان هەژار و زەلیل کرد، دواتریش سیستەمی پشکپشکێنە وەزارەتەکانی وەک دەستکەوتی جەنگ لە نێوان هێزەکاندا دابەش کرد، کەواتە پەروەردە هەرزانترین دەستکەوت و ئاسانترینیان بوو بۆ تاڵانکردن. لە هەر قۆناخێکدا، باجەکە بەرلەوەی لە گیرفان بدرێت، لە عەقڵ دەدرا.

قورسترین شت لەم قوتابخانەیەدا ئەوەیە کە تەنیا نەزان و نەخوێندەوار بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو نەزانانێک بەرهەم دەهێنێت کە سیفەتی "زاناکان"یان هەڵگرتووە. چونکە ئەو نەخوێندەوارەی دەزانێت کە ناوەستێت و ناڕوات، هێشتا ئامادەییی فێروبوونی تێدایە، بەڵکو فێرخوازە ساختەکە بە بڕوانامەکەی بەرامبەر پرسیارکردن بەرگریی پەیدا کردووە، دواتریش بەو بڕوانامەیەوە سەردەکەوێت بۆ پۆست و پلەکان، لەوێشەوە بڕیار دەدات، یاسا دادەنێت و بە نۆرەی خۆی فێر دەکات، ئینجا بازنەکە خولێکی فراوانتر دەخواتەوە. کاتێک پاداشتی نەزانی دەدرێتەوە و سزای کۆشش و هەوڵدان دەدرێت، نەوەی نوێ تاقە وانەی راستەقینە فێر دەبێت: کە رێگای گەیشتن بە وەزیفەی شایستە و پێگە لە حیزب، عەشیرەت و تایفەوە تێپەڕ دەبێت، نەک لە پەر تووکەوە. لەو کاتەشدا کۆچی بێدەنگ دەستپێدەکات: زۆرزان و زیرەکەکان کۆچ دەکەن، و ئەوانەی خۆیان گونجاندووە دەمێننەوە، بەمەش وڵات دوازدە جار عەقڵەکانی لەدەست دەدات؛ جارێک کاتێک بەباشی فێری نەکردن، و جارێکی دیکەش کاتێک بەباشی نەیتوانی بیانهێڵێتەوە.

نەتەوەکان تەنیا بە هەژاری ناکەون، چەندین گەلی هەژار بە عەقڵی رۆڵەکانیان هەستانەوە، و چەندین وڵاتی دەوڵەمەند سەروەت و سامانیان بەفیڕۆ دا چونکە بەرلەوه مرۆڤەکانیان بەفیڕۆ دابوو. نەتەوەکان کاتێک دەکەون کە پەروەردە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە، و مەعریفە دەبێتە مەترسی بۆ سەر خاوەن دەسەڵاتەکان، مامۆستا دەبێتە فەرمانبەرێکی ستەملێکراو، و قوتابیش دەبێتە ژمارەیەک لە تۆماری دەرچوواندا.

لەبەر ئەوە، چاکسازیی پەروەردە گەورەترە لە نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکان، نوێکردنەوەی بیناکان و دابەشکردنی کۆمپیوتەر، هەروەها گەورەترە لە کۆنگرەگەلێک کە بە راسپاردەیەک کۆتاییان دێت کە هیچ کەسێک نایانخوێنێتەوە. ئەوە نەبەردییەکی سیاسی و ئۆخلاقییە لە یەک کاتدا: کە رێز و ئیعتیبار بۆ مامۆستا بگەڕێندرێتەوە، راستگۆیی بۆ بڕوانامە، حورمەت بۆ پرسیار، و قوتابخانەش لە حزبەکان بگەڕێندرێتەوە وەک چۆن زەوی لە داگیرکەر دەستێنرێتەوە. ئەوە نەبەردییەکە بۆ گەڕاندنەوەی عەقڵ لەوانەی نەزانڕاگرتنیان کردووەتە هۆکارێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان. بێ ئەوەی چووبینە ناو ئەو نەبەردییەوە، بەردەوام دەبین لە گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە دزراوەکان، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوەی زۆر بەنرخترە لەدەست دەدەین: مرۆڤی تێگەیشتوو، پرسیارکردن و حسابکردن.