د. کاروان ساڵح
نووسەر
بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان
یەکەم: دابەزینی بەهای دیناری عێراقی
دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە 1300 بۆ 1500 دینار بەرانبەر یەک دۆلار، نزیکەی هەمان بڕیاری ساڵی 2020ـی حکوومەتی مستەفا کازمییە، بەهای دیناری لە 1182 دینار دابەزاند بۆ 1450 دینار. بێگومان دابەزاندنی بەهای دینار کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵک، چونکە ئەو کاڵایەی پێشتر بە 20 هەزار دینار دەکڕدرا ئێستا هەمان کاڵا بە هەمان بڕ بە زیاتر لە 23 هەزار دینار دەکڕدرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین و کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی هاوردە، بەمەش داهاتی گومرکی کەم دەبێتەوە. حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2026 پێش دابەزاندنی بەهای دینار، رسووماتەکانی گومرکی بە شێوەیەکی گشتی زیاد کرد لەسەر کاڵا و شتومەکی هاوردە لە رێگای جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا). بە گوێرەی رێنمایی بانکی ناوەندی لە (2026/1/1)ـەوە حەواڵەی بانکی بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک راگرت لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا. ئەمەش بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار لە بازاڕ بە بەراورد لەگەڵ نرخی فەرمی بە درێژایی 10 مانگی ئەم ساڵ. هەروەها رسووماتەکانی گومرکیش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی وەردەگیرێت، لە 1320 دینارەوە بووە بە 1520 دینار، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی داهاتی گومرکی. هەروەها بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوەی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەم بارودۆخ و جەنگەی دروست بووە لەم ناوچەیە، ئەمانە هەموو کاریگەرییان دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک.
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز دەڵێت، پێویستە حکوومەت داهات زیاد بکات لە رێگای هەمەچەشنکردنی داهات و زیادکردنی گەشەی ئابوورییەوە، نەک لە رێگای دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.
هۆکارەکانی جیاوازی لە نرخی بازاڕ لەگەڵ نرخی فەرمی:
یەکەم: سیستەمی ئەسیکۆدا: پێویستە رسووماتەکانی گومرکی یەک بخرێت بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرکی عێراق و هەرێم، نەوەک عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە رسووماتەکانی گومرکی یەک بخات و بە گشتی رسووماتەکانیش بەرز بکاتەوە، هەروەها وێنەیەکیش بۆ هەرێم بنێرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی لەبەر ئەم هۆکارانە:
لە رووی ئابووری: بارودۆخی دارایی و ئابووریی خەڵکی هەرێم جیاوازە لەگەڵ عێراق، بەهۆی دواکەوتنی مووچە و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، دابەزاندنی بەهای دیناریش هێندەی دیکە بارگرانییەکە زیاتر دەکات.
رۆژژمێری کشتوکاڵی: لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران لە عێراق، حکوومەتی عێراق رسووماتی گومرکی بەرز دەکاتەوە بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان. بەڵام لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمە
کشتوکاڵییەکانی جووتیاران لە هەرێم، حکوومەتی عێراق نەک رسووماتی گومرکی بەرز ناکاتەوە، بەڵکوو رێگە نادات بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە لە شارەکانی دیکەی عێراق، بۆیە پێویستە ئەم رۆژژمێرە یەک بخرێت.
لە رووی گومرکی: ژمارەیەک لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێم تاوەکو ئێستا عێراق دانی پێدا نەناون، لە راپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێم ئاماژەی پێ دراوە بە مەبەستی دانپێدانانیان.
لە رووی داهاتەوە: پاڵپشت بە ماددەی 29 لە یاسای ئیدارەی دارایی ژمارە شەشی ساڵی 2019ـی هەموارکراو، 50%ـی داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی هەرێم، بەڵام حکوومەتی عێراق داوای 100%ـی داهاتەکە دەکات.
دووەم: بودجەی عێراق و پشکی هەرێم
حکوومەتی عێراق بڕی ئەو پارەیەی بە کردەیی خەرجی دەکات، زۆر کەمترە لە بڕی ئەو پارەیەی وەک تەرخانکراوی بودجە دیاریی دەکات لە یاسای بودجەدا. بۆ ساڵی دارایی 2027، 217 تریلیۆن دیناری تەرخان کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت خەرجییە کردەییەکەی لە 170 تریلیۆن دینار تێپەڕ نەکات، واتە زیاتر لەو 43 تریلیۆن دینارەی دەڵێن کورتێنانمان هەیە کەمتر خەرج دەکات. ئەگەر بەراوردکارییەک بکەین لە نێوان تەرخانکراوی بودجە و خەرجیی کردەیی بۆ هەر یەک لە ساڵەکانی 2023 و 2024، جیاوازییەکە لە نێوان 56 بۆ 61 تریلیۆن دینارە، وەک لەم خشتەیەی خوارەوە روون کراوەتەوە:

بەشێک لە بیرمەندانی زانستی ئابووری، هۆکاری ئەم جیاوازییەی نێوان تەرخانکراوی بودجە و خەرجیی کردەیی دەگەڕێننەوە بۆ پارتە دەسەڵاتدارەکانی عێراق. لە پێناو مانەوە و بەهێزبوونیان و زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانیان، بودجەیەکی گەورە نیشان دەدەن زۆر زیاترە لە خەرجیی کردەیی.
پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت لە کۆی خەرجیی کردەیی نەوەک لە تەرخانکراوی بودجە، لە دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان. بۆیە هەرچەند خەرجیی کردەیی فیدراڵ زیاتر بێت، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە. پشکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتیی فیدراڵی لە ساڵانی 2005 بۆ 2014 لە تەرخانکراوی بودجە دەدرا، بەڵام لە یاساکانی بودجەی گشتیی ساڵانی 2015 تاوەکو ئێستا، پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی کردەیی دەدرێت بەهۆی زیادکردنی دەستەواژەی خەرجیی کردەیی لە یاساکانی بودجەدا. ئەمەش کاریگەریی هەیە لە کەمبوونەوەی پشکی هەرێم بە رێژەی زیاتر لە 35%، وای کردووە نەتوانرێت ئەو بەرپرسیارێتی و بارگرانییەی لەسەر حکوومەتی هەرێمە لە پێدانی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دابپۆشرێت. ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 121 / بڕگەی سێیەمە لە دەستووری عێراق دەقەکەی دەڵێت: پێویستە داهاتی فیدراڵی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاکان، بە شێوەیەک دابەش بکرێت بەشی ئەو بارگرانی و بەرپرسیارێتییە بکات لەسەر هەرێم و پارێزگاکان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێداویستییەکانیان و ژمارەی دانیشتووان زیادی کردووە لە 12.67% بۆ 14.14%.
لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی کردەیی لە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2027، هاوشێوەی ساڵانی 2015 بۆ 2026، پێویستە خەرجیی کردەیی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت و خەرجیی سیادی لێ دەربکرێت، ئینجا پشکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت. چونکە بۆ ساڵی دارایی 2023 هیچ بڕە پارەیەک لە خەرجیی کردەیی حکوومەتی هەرێم لەبەرچاو نەگیرا تاوەکو پشکی هەرێم کەمتر بنێرن. بۆ ساڵی دارایی 2024 تەنیا 10 تریلیۆن دینار بۆ هەرێم تەمویل کرابوو هەژمار کرا. ئەمە لە کاتێکدا خەرجیی کردەیی حکوومەتی هەرێم زیاتر بوو لە 14,672,000,000,000 (چواردە تریلیۆن و شەشسەد و حەفتا و دوو ملیار) دینار، بۆیە هەرچەند خەرجیی کردەیی عێراق زیاتر بێت، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە خەرجیی سیادی: پاڵپشت بە یاساکانی بودجەی گشتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە کردەییەکان دیاری دەکرێت، لە دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان. بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، خەرجییە سیادییەکان بۆ ساڵی دارایی 2005 خۆی لە چەند بڕگەیەک دەبینییەوە وەک (پەرلەمانی نیشتمانی، دیوانی سەرۆکایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دەرەوە، قەرەبووی جەنگ، سوودی حەواڵەی خەزێنە، کرێی هەناردەکردنی نەوت) تەنیا دێڕێک و نیو بوو. بەڵام لە ئێستادا نزیکەی دوو لاپەڕەیە، زۆربەی وەزارەتە گەورەکان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، دەستەی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها دانەوەی قەرزەکانی حکوومەتی فیدراڵ و سوودی قەرزەکان هەمووی لە نێو خەرجییە سیادییەکان هەژمار دەکرێن. خەرجیی سیادی نزیکەی 33%ـی تەرخانکراوی بودجەی عێراق پێک دەهێنێت بۆ ساڵی دارایی 2027، ئەمەش وای کردووە پشکی هەرێم یەکجار کەم بکات، بۆیە هەرچەند خەرجیی سیادیی عێراق زیاتر بێت، پشکی هەرێم کەمتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە.
سەبارەت بە قەرز: حکوومەتی عێراق دانەوەی ئەو قەرزانەی وەری گرتووە لەگەڵ سوودەکانی لە چوارچێوەی خەرجیی سیادی پۆلێن کردووە لە خەرجیی کردەیی دەردەکرێت، ئینجا پشکی هەرێمی لێ دەدرێت. پشکی هەرێمی کوردستانی بە رێژەیەکی زۆر کەم داوە لە قەرزی وەرگیراو. لە کۆی 36 بانک و دامەزراوە قەرزی لێ وەرگرتوون، تەنیا لە وەرگرتنی قەرزی دوو بانک پشکی هەرێمی لێ داوە بە بڕی 48 ملیۆن دۆلار، ئەوانیش بانکی جایکای ژاپۆن و بانکی نێودەوڵەتین. ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 106ـی دەستووری عێراقە دەقەکەی دەڵێت: حکوومەتی عێراق ئەو قەرزانەی وەری دەگرێت، پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشی بکات بەسەر حکوومەتی هەرێم و گشت پارێزگاکانی عێراق.
جێبەجێکردنی جۆری بودجەی (بەرنامە و کارایی) لە عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027
حکوومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بەرەو جێبەجێکردنی جۆری بودجەی بەرنامە و کارایی بۆ ساڵی دارایی 2027، بە شێوەی پلەبەندی و ئەزموونی جێبەجێ دەکرێت لە هەر یەک لە (دیوانی وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا، پارێزگای دیوانییە و پارێزگای سەڵاحەدین). ئەمەش بە مەبەستی پلاندانان و پێوانەکردنی کاریگەری و رێکخستنی لەپێشینەکان، لە پێناو چاکسازی لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و بەرزکردنەوەی توانای خەرجی. جێبەجێکردنی ئەم جۆرەی بودجە تەواو جیاوازە لەگەڵ جۆری بودجەی (بەند و پشتپێبەستن) لە ساڵانی رابردوو لە عێراق جێبەجێ کراوە.
دیاریکردنی پشکی هەرێم بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان
بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی خەرجیی حکوومەت، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانە. بەو پێیەی پێویستی بە ئەمن و ئاسایشی زیاتر و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک (ئاو و ئاوەڕۆ، تەندروستی، رێگاوبان، پەروەردە و کارەبا) زیاتر هەیە. زیادبوونی خەرجیی حکوومەت بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، ئەوە ناگەیەنێت جۆر و بڕی خزمەتگوزارییەکان باشتر و زیاتر کراون، بەڵکوو هەمان بڕ و جۆرن، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوەیە. بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی ئەنجامدراو لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ـە، بەڵام رێژەی 12.67% وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە لە یاسای بودجە بە بیانووی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی عێراق و پەنابەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان. هەرچەندە ئەگەر وا دابنێین بەم شێوەیەیە، ئایا ئەم هاووڵاتییانە پێویستیان بە ئەمن و ئاسایش نییە؟ ئایا پێویستیان بە دابینکردنی ئاو، کارەبا و رێگاوبان نییە؟ ئایا ئەمانە هەمووی نابنە هۆی زیادبوونی خەرجیی حکوومەتی هەرێم؟
بەراوردکاریی دەقی یاسای بودجە بۆ بابەتە ئاماژەپێکراوەکان لە نێوان ساڵانی 2017، 2018 و 2023:
یەکەم: پاڵپشت بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2017: پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە بە رێژەی 17% لە کۆی خەرجیی کرداری، لە دوای لێدەرکردنی خەرجیی سیادی.
دووەم: پاڵپشت بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی دارایی 2018، 2019 و 2021: پشکی هەرێم لە کۆی خەرجیی کرداری بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دیاری کراوە.
سێیەم: پاڵپشت بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2023: پشکی هەرێم لە کۆی خەرجیی کرداری دیاری کراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رێژە و ژمارەی دانیشتووان بکات.
پاڵپشت بە ماددەی 121 / بڕگەی سێیەم لە دەستووری عێراق، پێویستە داهاتی فیدراڵی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەسەر هەرێم و پارێزگاکان، بە شێوەیەک دابەش بکرێت بەشی ئەو بارگرانی و بەرپرسیارێتییانە بکات لەسەر هەرێم و پارێزگاکان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی داهات و پێداویستییەکانیان و ژمارەی دانیشتووان زیادی کردووە لە 12.67% بۆ 14.14% بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی ئەنجامدراو لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، پێویستە جێگیر بکرێت لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2027.