یەک شەڕ و چەندین شەڕگە

یەک شەڕ و چەندین شەڕگە
یەک شەڕ و چەندین شەڕگە

با گریمانەیەک دانێین، ئەگەر هەموو ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی هەن ئامانجی خۆیان بپێکن و بەدڵی زلهێزان کۆتاییان بێت چی روودەدات؟ کام هێز براوەی سەرەکییە؟ حیکایەتی کێ کۆتایی دێت؟

بەگشتی تەواوی ئەو جەنگ و ئاڵۆزیانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرۆکی مرۆڤایەتییان گرتووە، بەپێی ستراتیج و هۆکارەکانەوە پۆلێنبەندی و پێناسەی جیا جیا هەڵدەگرن.

ئامانج و ستراتیجی رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا روونە، "رووسەکان ئامادەنین ببنە دراوسێی ناتۆ" ئەمە کرچوکاڵترین پێناسەی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیایە و تا رادەیەکی زۆریش لە مەیداندا ئەمە سەلمێندراوە، بەڵام ئایا لە کایەی رامیاری، مێژوویی و ئابووریدا تەنیا ئەمە هۆکارە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە دونیابینی رووسەکان و رۆژئاواییەکان لەڕووی تیۆریەوە پۆلێن بکەین. 

یەکێک لەو تیۆریانەی رووسیا باوەڕی پێیەتی و لەواقعیشدا بەرجەستەکاری سەرەکییەتی تیۆریی offensive realism واتە تیۆریای (واقعبینی هێرشبەر) بەپێی ئەم تێرمە رووسەکان، هێرشی پێشوەختەیان کردە سەر ئۆکرانیا وەک هۆشداریەک بۆ رۆژئاوا کە لەپێناو مانەوەی رووسیا بە بەهێزی هەر کارێک پێویستبێت دەیکەین.
وەک سۆنتزو لە کتێبی هونەری جەنگدا دەڵێت باشترین بەرگری هێرشکردنە.

1- ئۆرائاسیا Russkiy Mir، ئەمەش یەکێکی ترە لە پاڵنەرەکانی رووسیا بۆ جەنگ, تیۆرسێنی ئەم پڕۆژەیە ئەلیکسەندەر دۆگینە، کە بیرمەندێکی گەورەی رووسیایە و لە هەمان کاتدا راوێژکاری پووتینە، ئەم تیۆرییە ئیدیعای ئەوە دەکات، ئۆکرانیەکان لە هەمان نەتەوەی رووسەکانن "واتە نەتەوەی سڵاڤ" فەرهەنگ و مێژوویان یەکە، ئۆکرانیای سەربەخۆ ئامانجی رۆژئاواییەکانی لەپشتە و هەرگیز نابێت ئەوە رووبدات.

2- لەبەرامبەردا رۆژئاواییەکانیش خوێندنەوەی تیۆریان بۆ پرسەکە هەیە و پێیانوایە ئەوەی رووسیا دەیکات defensive realism واتە رووسەکان لە دەرەوە ئەم جەنگەیان دروستکردوە بۆ دیفاعکردن لە هەژموون و دەسەڵاتی پووتین لەناوەوە.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەفریقا، جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل و هاوپەیمانێتییە گەورەکانی ناوچەکە. 

لەگەڕی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ کۆشکی سپی پڕۆژەیەکیان خستە بەر باس و لە میدیاکاندا باسی لێوە کرا، ئەویش (رێککەوتننامەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو) ئەندازیاری ئەم پڕۆژەیە جارید کۆشنەری زاوای ترامپ بوو، کە لەو کاتەدا چەندین دانیشتنی نهێنی لەگەڵ ئیمارات، سودان، بەحرەین و قەتەردا کرد، کە پەیوەندیەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە ، سەرئەنجام پڕۆژەکە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپ دا لە چوارچێوەی پلان و تیۆردا مایەوە. ئەم پلانە لەلایەن ئێران و پرۆکسیەکانیەوە بەتایبەت بزووتنەوەی حەماس حساباتی گەورەی لەسەر کرا و سەرئەنجام لەسەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 کەتیبەکانی قەسام لەژێر ناوی تۆفانی ئەقسا هێرشێکی گەورە و مێژووییان کردە سەر ئیسرائیل و زیانێکی گەورەیان لێدان.

لەدوای ئەم بەروارە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەفریقا گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هات، کە هەمووان شایەتی رووداوەکانین تا ئەم ساتە.
بۆ بابەتەکەمان دەمەوێت ئامانج و ستراتیجی هەموو ئاکتەرە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕونبکەمەوە.

ئامانجەکانی ئیسرائیل لەم جەنگە لەڕووی تیۆری و دۆکترینی جەنگیەوە پۆلێن دەکرێن بۆ ئەمانە.

1- دیواری ئاسنین Iron wall: ئەم تیۆریە دەڵێت، پێویستە بەرەی بەرگریی ئیسرائیل ئەوەندە بەهێزبێت عەرەبەکان بە خەیاڵیش بیر لەوە نەکەنەوە زیانی پێبگەیەنن، عەرەب هەرگیز ئیسرائیلی قبووڵ نییە و لە ژێر جەبردا ئاشتیان لەگەڵ دەکەین.

2- دۆکترینی بەرگری و لێدانی پێشوەختە: ئەمەش جۆرێکە لە offensive realism، ئەم عەقیدە جەنگییەی ئیسرائیل دەڵێت نابێت چاوەڕێی هێرش بکەین،بەڵکو دەبێت پێشوەختە دووژمنەکانمان لە پەل وپۆ بخەین.

3- عەقیدەی بیگن begin doctrine: ئەم عەقیدەیە دەڵێت نابێت هیچ دووژمنێکی ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەبێت. بۆ نموونە لە جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا ئەمە بەڕوونی هەستی پێدەکرێت و ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەوهەردا کەمێک جیاوازە لە بارەی ئێرانەوە، ئیسرائیل کار لەسەر سفرکردنەوەی دووژمنەکانی دەکات، بەڵام ئەمریکا لە روانگەی بەرژەوەندیەوە لە بابەتەکە دەڕوانێت.

4- زایۆنیزم: ئاشتی بۆ گەلی یەهود گرنگترین ئەولەویەتە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، خاکەکەشیان پێویستە پارێزراوبێت، چونکە ئەو خاکە خاکی بەڵین پێدراوە و ئەوانیش نەتەوەی هەڵبژێردراوی خودان.

راستە ئەمانە بوون بە عەقیدە لەلای ئیسرائیلیەکان، بەڵام ئێستا بەئاشکرا ئیدیعای ئاشتی عەرەب ئیسرائیل دەکەن و هاوپەیمانێتییەکیان دروستکردووە لەگەڵ ئیمارات، یۆنان و چەند وڵاتێکی ئەفریقی بە ئاشکرا، بە نهێنیش چەند وڵاتیکی تری ئەفریقی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هاوپەیمانی ئیسرائیلن.

هاوپەیمانێتی مەککە لەنێوان پاکستان، سعودیە، تورکیا و رەنگە بەم نزیکانە میسریش بێتە ناو هاوپەیمانێتیەکەوە بەتایبەت لەدوای شەڕی یەمەن و سعودیە و مەترسیەکانی سەر بابولمەندەب، چونکە ئاڵۆزیەکانی دەریای سوور و بابولمەندەب هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆسەر کەناڵی سوێسی میسر.

دیار نییە داهاتووی ئەم هاوپەیمانێتییە ناوچەییە بەکوێ دەگات، چونکە ئەمریکا بە مەترسیەکی گەورەی دەبینێت بۆسەر ڕێککەوتننامەی ئەبراهام، هەروەها رێککەوتننامەی مەککە بە ناتۆی ئیسلامی وەسف دەکات و نایەوێت وڵاتێکی ئیسلامی خاوەن چەکی ئەتۆم و چەند وڵاتێکی کاریگەری ناوچەیی لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە.

هەموو ئەو ئاڵۆزی و جەنگانەی باسکران جەنگی ستراتیجین و ئامادەکارین بۆ "جیهانە نوێیەکە" کە زۆر کەسی کاریگەر ئەو تێرمەیان بەکار هێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانێکی گەورە لە نەزمی جیهانیدا، زۆربەی ئاماژەکانیش بۆ ئەمریکان لەسەردەمی ترامپ دا، کە تیۆرسێنی جیهانە نوێیەکەیە و دەیەوێت چیتر ئەوەی هەیە وەک خۆی نەمینێتەوە.

دەرئەنجام: لە جەنگی رووسیاوە تا شەڕە راستەوخۆ و بەوەکالەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خواست و ستراتیجی ئەمریکان.

ترامپ سیادەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو جیهانە نوێیەی دەوێت،بەم جەنگانە دەیەوێت بگاتە ئامانج و خەونە گەورەکەی، کە ئەگەر سەرکەوتووبێت جیهان دەخاتە ناو دەستەکانی.
ستراتیجی کۆنترۆڵکردنی شاڕێگاکانی بازرگانی و وزە کۆریدۆرە گرنگەکانی رۆژهەڵات تا رۆژئاوا, ئامانج لەمە سیاسەتی isolation واتە گۆشەگیرکردن یاخود کەنارگیرکردنی چین، کۆنترۆڵکردنی کۆریدۆرەکانی وزەی جیهان و قەتیسکردن و ملکەچکردنی ئەوی تر.

بۆیە شەڕەکە یەک شەڕە بەڵام لە چەندین بەرە و شەڕگەی جیاوازەوە.