كۆده‌نگی شه‌قامی كوردستان له‌گه‌ڵ گوتاری مه‌سروور بارزانی

كۆده‌نگی شه‌قامی كوردستان له‌گه‌ڵ گوتاری مه‌سروور بارزانی
كۆده‌نگی شه‌قامی كوردستان له‌گه‌ڵ گوتاری مه‌سروور بارزانی

كاتێك به‌رێز مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كرد كه‌ كوردستان یه‌كپارچه‌یه‌ و هیچ هیزێك ناتوانێت پارچه‌ی بكات، ئه‌م گوتاره‌ له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ر پشتیوانی فراوانی لێكرا، زۆرێك له‌و هه‌وڵانه‌ی ویستیان كوردستان پارچه‌ بكه‌ن ده‌رئه‌نجامی پشتیوانی خه‌ڵك له‌ گوتاری سه‌رۆك وه‌زیران (پرۆژه‌ی له‌تكردنی كوردستان)، به‌مردوویی له‌دایك بوو و له‌ناو خه‌ڵكیشدا نه‌یانتوانی ئه‌و متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنن كه‌ هه‌وڵیان بۆدا، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ پشتیوانیه‌ی له‌گوتاری سه‌رۆكوه‌زیران هاوشێوه‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و زۆر پرسی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌یه‌ك به‌ره‌بوون بۆ پشتیوانی له‌ پاراستنی قه‌واره‌ی كوردستان، به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو جۆرێك له‌ هێرشی راگه‌یاندنی رێكخراو بۆ سه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان هه‌بوو، ئامانج له‌و هێرشانه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌ڵك سه‌رقاڵبكرێت به‌پرسی لاوه‌كییه‌وه‌ و بیریان بچێته‌وه‌ مه‌سروور بارزانی چی كردووه‌، چونكه‌ ده‌سكه‌وتنی به‌شێك له‌هێزه‌ سیاسییه‌كان ره‌نگه‌ له‌وه‌دابێت كه‌ ئارامی سیاسی نه‌بێت و به‌وهۆیه‌وه‌ خه‌ڵك وه‌ك بانقی ده‌نگدان سه‌یری بكرێت و ده‌نگی خه‌ڵك بقۆزرێته‌وه‌ بۆ هێنانی كورسی و ده‌سكه‌وتی حزبی.

ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه نه‌یارانی مه‌سروور بارزانی بیزانن، كه‌ دروستكردنی متمانه‌ له‌نێوان حكوومه‌ت و خه‌ڵك ده‌رئه‌نجامی سه‌دان پرۆژه‌ی گرنگی ستراتیژییه‌، كه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵكی كوردستانكراوه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش له‌دواین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پارتی زیاتر له‌ له‌یه‌ك ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌شێكی زۆری له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌بوو له‌م كابینه‌یه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو له‌ئاستی ناوچه‌كه‌ نه‌بووه‌، هیچ لایەنێک له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م كاره‌بای 24 كاتژمێری بۆ خه‌ڵك دابین بكات، و سیسته‌می بانكی له‌كاشه‌وه‌ بۆ دیجیتاڵی بگۆرێت، رێگاوبانی خۆی به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ببه‌ستێته‌وه‌، ئه‌م نموونانه‌و سه‌دان نموونه‌ی دیكه‌ شایه‌تی ئه‌وه‌ن كه‌ به‌ده‌نگی به‌رز بڵێین به‌ڵێ؛ بۆ پشتیوانی ئه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌ی ئاسته‌نگی كرده‌ ده‌رفه‌ت و قه‌یرانی گۆڕی بۆ سه‌ركه‌وتن، ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر سه‌رۆكوه‌زیران زیاتر وه‌ك به‌ئامانج گرتنی كه‌سی ده‌بینرێت بۆیه‌ ده‌بێت به‌گومان بین له‌وه‌ی راستی له‌م بابه‌ته‌دا هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رۆكوه‌زیران كراوه‌ته‌وه‌ ئامانج ئه‌وه‌نده‌ قسه‌له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت نه‌كراوه‌، ئێستاش وه‌ك جاری جاران نییه‌ خه‌ڵك له‌رێگای پروپاگه‌نده‌ی سیاسی و راگه‌یاندنه‌وه‌ بریار بده‌ن، خه‌ڵك چاوكراوه‌ بووه‌ و ئاستی رۆشنبیری سیاسی گه‌شه‌ی كردووه‌، خه‌ڵك ده‌پرسێت له‌وانه‌ی كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌وه‌ به‌رهه‌م و كاروكرده‌وه‌ی مه‌سروور بارزانییه‌، كه‌ چۆن خزمه‌تی خه‌ڵكی كردووه‌ ئه‌ی ئێوه‌ كێن؟ چیتان كردووه‌ بۆ خه‌ڵك ؟و چۆن ده‌توانن وه‌ڵامی كرداری سه‌رۆكوه‌زیران بده‌نه‌وه‌، كاتێك وه‌ڵامیان نییه‌ و په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر ئاستی نزمی زمانی راگه‌یاندن ئیتر خاڵی ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی په‌یامێكیان هه‌بێت و خه‌ڵك لێیان وه‌ربگرێت.

هه‌ڵبژاردنی كوردستان زۆر دیموكراتیانه‌و روون و ره‌وان بووه‌، پێویست به‌ هه‌ولی لابه‌لاو بابه‌تی دیكه‌ی ده‌ست شكانه‌وه‌ی سیاسی ناكات، فه‌رموون ئه‌گه‌ر نیه‌تیان باشه‌ وه‌رنه‌ پێشه‌وه‌ په‌رله‌مان كارایه‌و و پشتیوانی بكه‌ن و مه‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م كاره‌كانی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر ناتوانن پشتیوانی بكه‌ن هه‌وڵ مه‌ده‌ن رێگری بكه‌ن دواجار خۆتان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و خه‌ڵكی خۆتان ده‌تان خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاری گه‌وره‌وه‌.