نەزیر کادانی
پێشکەشکار و بێژەر
بڕیارەکانی بەغدا و مافی کوردستان
ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا لە نێوان بەغدا و هەولێر روویدا، چیتر ناکرێت وەک ناکۆکییەکی ئاسایی لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکان لێک بدرێتەوە. بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، و دواتریش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، بابەتەکەیان بردووەتە ئاستێکی ناسکتر؛ ئاستێک کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە داهاتووی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقەوە هەیە.
لە 24ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە بەپێی ئەوانە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێتە دەستی دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی. هەروەها وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی دەبێت بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو ناوچانەی لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین هەیە و لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هێزەکانی هەرێمدان، بگرێتە ئەستۆ. هەروەها هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی رێگری لێکراوە. ئەم بڕیارانە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی نایاسایی نەوت و گەندەڵی دەرکراون.
بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بازرگانیی نایاسایی پێویستی بە هەنگاوی یەکلایەنە هەیە کە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر دەسەڵات و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت؟ ئایا دەتوانرێت بە ناوی پاراستنی سامانە گشتییەکان، بنەماکانی هاوبەشی و فیدراڵیزم لاواز بکرێن؟
جورف سەخر؛ پرسیارەکانی دوای رووداوەکان
رووداوەکانی جورف سەخر و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە، پێش ئەم بڕیارانە روویان دا. گواستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و کۆتاییهێنان بە هەندێک لە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچەیە، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە بازرگانیی نایاسایی نەوت و کاریگەریی گرووپە چەکدارەکان هەبوون، بەشێک بوون لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ئەو رۆژانە.
بەڵام کاتێک ئەم گۆڕانکارییانە بەدوای خۆیاندا بڕیارەکانی سەبارەت بە نەوت، دەروازە سنوورییەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی کوردستان دەهێنن، پرسیارێکی گرنگ لەبەردەم رای گشتیی کوردیدا دروست دەبێت: ئایا رووداوەکانی جورف سەخر تەنیا مژارێکی ئەمنی بوون، یان بە شێوەیەک بوونە دەستپێکی قۆناخێکی فراوانتری فشار لەسەر کوردستان؟
تا ئێستا بەڵگەیەکی بەهێز و پشتڕاستکراو نییە کە پەیوەندییەکی پلاندانراوی راستەوخۆ لەنێوان رووداوەکانی جورف سەخر و بڕیارەکانی دواتری بەغدا بسەلمێنێت. بەڵام هاوکاتبوونی رووداوەکان و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان ئەوە دەخوازن کە سەرکردایەتیی کوردستان بە وردی و هەستیارییەوە سەیری بارودۆخەکە بکات، چونکە هیچ گومانێک نییە کە هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگیی دەسەڵات لە عێراق، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کوردستان دەبێت.
بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی؛ گۆڕانکارییەکی نوێ
لە گەشەیەکی نوێدا، ئەمڕۆ 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەربارەی دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و چاودێریی نەوت و گاز دەرکرد. بڕیارەکە کە بە داوای سەرۆکوەزیران دەرچووە، دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی لە پاراستنی سنوورەکان و چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان پشتڕاست دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەروازانە لە ناوچەکانی ژێر بەڕێوەبردنی کوردستانیشبن.
لە بابەتی نەوتیشدا، دادگا دەسەڵاتی چاودێری و پشکنینی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەبێت بە هاوبەشیی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەر بێت. بڕیارەکە بە زۆرینە دەرچووە و دوو ئەندامی دادگا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵی هاوڕا نەبوون.
ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گرنگە لە مژارەکەدا، چونکە بەغدا پشتگیرییەکی یاساییی نوێی بۆ هەنگاوەکانی خۆی بەدەستهێناوە. بەڵام ئەمە کۆتایی ناکۆکییەکە نییە؛ چونکە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن ئەم دەسەڵاتانە جێبەجێ دەکرێن، بەبێ ئەوەی بنەماکانی فیدراڵیزم و مافەکانی هەرێم لاواز بکرێن.
وەڵامی کوردستان؛ رەتکردنەوەی فشار
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیارەکانی بەغدای بە پێشێلکردنی دەستور و مافە دەستورییەکانی هەرێم داناوە و هۆشداریی داوە لە هەوڵی گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمێکی ناوەندی. حکوومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە دژی گەندەڵی و بازرگانیی نایاساییە و ئامادەیە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردانە هاوکاری بکات، بەڵام ئەوە قبووڵ ناکات کە ئەم بیانووانە ببنە هۆی کەمکردنەوەی ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەرێم هەروەها داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستوری عێراقی کردووە، بە تایبەتی ماددەی 140 کە پەیوەندی بە چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانەوە هەیە؛ ماددەیەک کە ساڵانێکی زۆرە جێبەجێ نەکراوە. داواکاریی دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵ و پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دەستوور، لە خاڵەکانی دیکەی راگەیاندراوەکەدا بوون.
لە لایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی بەغدای بە قبووڵنەکراو داناوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەتکردنەوەی زمانی هێزی سەربازی و هەڕەشە لە دژی هەرێمی رەتکردووەتەوە. سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاندووە کە کوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی نادەستوریی نابێت و بە رێگای یاسایی و دەستوری رووبەڕووی بازرگانیی نایاسایی دەبێتەوە.
یەکدەنگیی کوردی؛ هێڵێکی سوور داناوە
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی ئەم رووداوانە ئەوەیە کە دوو حزبی سەرەکیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا دژی بڕیارەکانی بەغدا وەستاونەتەوە و هێرشکردنە سەر مافەکانی هەرێمیان بە هێڵێکی سوور داناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوانیان لە ماوەی رابردوودا ئاشکرا بووە.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پاراستنی رێزداری، خاک و پێگەی دەستووریی کوردستانی بە بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەش داناوە. ئەم هەڵوێستە هاوبەشانە نیشان دەدەن کە لە ئاستی پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستورییەکاندا، دەتوانرێت جیاوازییە حزبییەکان لە دواوە دابنرێن.
بە باوەڕی من، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان بە کردەوە نیشان بدەن کە جیاوازیی بەرنامە و ئاراستەی سیاسی نابێتە هۆی جیاوازی لە پاراستنی مافەکانی گەلەکەیان. کوردستان موڵکی هیچ حزبێک نییە؛ مێژوو و خوێنی شەهیدان و خەباتی نەوەکانی ئەم گەلە پێکەوە ئەم پێگەیەیان دروست کردووە. بۆیە هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت لە سەرووی ماف و چارەنووسی کوردستانەوە بێت.
بەغدا و هەولێر؛ دەستوور بۆ هەمووانە
لە هەمان رۆژدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوای لە حکوومەتی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێم و هەموو هێزە سیاسییەکان کردووە پابەندی دەستور بن. ئەنجوومەنەکە لە راگەیاندنەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەستوورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی حزبە شیعییەکان پشتگیریی بڕیارەکانی عەلی زەیدی کردووە و داوای گفتوگۆی لە نێوان بەغدا و هەولێر کردووە.
بەڵام پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە دەستوور نابێت تەنیا ئەو کاتە بەکاربهێنرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی لایەنێکدا بگونجێت. دەستوور کۆمەڵێک ماف و ئەرکی هاوبەشە؛ ئەگەر باس لە دەسەڵاتی فیدراڵی دەکرێت، دەبێت هەمان کات باس لە مافەکانی هەرێم، هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140یش بکرێت.
هەروەها، لە هەنگاوێکی دیکەدا، پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە کە سبەی پێنجشەممە26ی تشرینی دووەم، لە کاتژمێر 10:30ی بەیانی، لە پارکی شار خۆپیشاندانێکی گشتی بۆ پشتگیری لە کوردستان و مافەکانی ئەنجام دەدرێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بابەتەکە تەنیا لە چوارچێوەی گفتوگۆی حزبی و حکوومی نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە بابەتێکی گشتی و نەتەوەیی.
کوردستان چیتر نابێتەوە بە بڕیاری یەکلایەنە
کوردستان دژی دەوڵەتی بەهێز نییە، دژی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی نییە، بەڵکو داوای دەوڵەتێک دەکات کە یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکات و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت. ئەگەر بەغدا بەڕاستی خوازیاری چاکسازی و کۆتاییهێنان بە بازرگانیی نایاسایی و گەندەڵییە، ئەوا ئەم شەڕە دەبێت بەرامبەر هەموو تۆڕ و لایەنێک بێت، نەک ببێتە هۆی فشار لەسەر هەرێمی کوردستان.
پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر بە فەرمان و هەڕەشە و بڕیاری یەکلایەنە بەڕێوە ناچێت. گفتوگۆی راستەقینە ئەوە نییە کە بڕیارێک بدرێت و دواتر لە لایەنی بەرامبەر داوا بکرێت گوێڕایەڵی بێت؛ بەڵکو ئەوەیە هەردوو لایەن لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی یەکتر رێک بکەون.
لە بەرامبەردا، هێزە سیاسییە کوردییەکانیش دەبێت لە ئاستی ئەم قۆناخەدا بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن. یەکدەنگی نابێت تەنیا لە ڕاگەیاندن و کۆبوونەوەدا بمێنێتەوە؛ پێویستە ببێتە بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان، داکۆکیکردن لە مافی بودجە و مووچە و سامانە سروشتییەکان، و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە یەک دەنگ.
ئەمڕۆ کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگدایە؛ تاقیکردنەوەی یەکڕیزی، هۆشیاریی سیاسی و توانای پاراستنی مافەکان. ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن لەم قۆناخەدا لە سەرووی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بوەستن، ئەوا دەنگی کوردستان بەهێزتر دەبێت و هیچ لایەنێک بە ئاسانی ناتوانێت لە جیاوازییەکانمان کەڵک وەربگرێت.
کوردستان نە بە فەرمانی یەکلایەنە بەڕێوە دەبرێت و نە مافەکانی دەبنە بابەتی کەمکردنەوە. دەستوور دەبێت بۆ هەمووان بێت، هاوبەشی دەبێت بە کردار بسەلمێندرێت و یەکدەنگیی کوردی دەبێت لە پاراستنی خاک و ماف و پێگەی دەستوریی کوردستاندا ببێتە هێزێکی یەکگرتوو.