دیار مەلا خدر
نووسەر
زمانی هەڕەشە ئیرادەی هەرێمی کوردستان ناشکێنێت
لە کاتێکدا ناوچەکە و عێراق لە بەردەم دۆخێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵنگاریدان و پێویستییان بە سەقامگیریی سیاسی و رێزگرتن لە بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە هەیە، بڕیار و هەڵوێستی هەڕەشە ئامێز لە دژی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڕیارەکانی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (عەلی زەیدی) سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان، هاوکات لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەڵوێستی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەغدا، نەک تەنیا خزمەت بە سەقامگیری و پڕۆسەی سیاسیی عێراق ناکەن، بەڵکو زیان بە بنەماکانی پێکەوەژیان و متمانەی نێوان پێکهاتەکان دەگەیەنن.
لە روانگەی زانستە سیاسییەکان و مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداوە، سەقامگیری و دەوڵەتداریی بەردەوام لەسەر بنەمای سەرکوتکردن، گوشاری سیاسی و سەپاندنی ئیرادە بونیاد نانرێت، بەڵکو پێویستی بە پابەندبوونی راستەقینە بە دەستوور، هاوسەنگی و سازان هەیە. گەلی کورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی زۆرترین زوڵم، پەراوێزخستن و گوشاری ئابووری و سیاسی بووەتەوە، بەڵام هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکیی ئارامی، پێکەوەژیان و چارەسەری ئاشتیانە مامەڵەی کردووە و هیچ کاتێک بە زمانی هەڕەشە و لێدوانی توند چۆکی دانەداوە.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و رەخنەی جدییە ئەوەیە کە لە زۆر وێستگەدا مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی بودجە و مووچە، کراونەتە کارتی گوشاری سیاسی و ململانێ، لە کاتێکدا حکوومەتی فیدراڵی و لایەنەکانی بەغدا خۆیان دەیان ماددە و بڕگەی دەستوورییان جێبەجێ نەکردووە کە تایبەتن بە ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە ماددەی 140ـی دەستوور بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بە روونی مەزڵومییەتی ئەو ناوچانە و پشتگوێخستنی بڕگە دەستوورییەکان دەردەخات، هاوتەریب لەگەڵ دەرنەکردنی یاسای نەوت و گاز و کاراکردنی ئەنجوومەنی فیدراڵی. هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان یان دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە بە ناوی یاسا و دەستوورەوە، لە کاتێکدا بنەما دەستوورییەکانی ماف و شایستەکانی هەرێم جێبەجێ نەکراون، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەنیا دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتێکی درێژ و قوربانیدانێکی بێشوماری گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی شەهیدانە، بە هەوڵ و بڕیار و لێدوانی هەڕەشە ئامێز لاواز ناکرێت.
لەم قۆناخەدا ئەوەی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی تۆکمەتر و کاریگەرتر رووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییانە ببێتەوە، پێویستە بە شێوەیەکی جدی و خێرا کار بۆ دوو خاڵی بنەڕەتی بکرێت:
- پاراستن و قووڵکردنەوەی یەکڕیزیی ماڵی کورد، لەبەر ئەوەی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی ناوخۆیی، بەهێزترین قەڵغانە بۆ بەرگریکردن لە قەوارە و دەستکەوتەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە بەرامبەر هەر گوشار و هەڕەشەیەکدا.
- خێراکردن و سەرخستنی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، زیاتر بەهێزکردنی دامەزراوەکان، تا بە شێوازێکی کاریگەرتر پارێزگاری لە ماف و شایستەکانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکان بکات.
لە کۆتاییدا، پەیامی هەرێمی کوردستان روون و جێگیرە، زمانی هەڕەشە ئیرادەی گەلی کورد ناشکێنێت و مافە رەوا و دەستوورییەکانی ناسڕێتەوە. هەرێمی کوردستان بە رەوایەتی مافەکانیی و بە یەکڕیزیی گەلەکەی و بە ئیرادەی دەوڵەتداریی حکوومەتەکەی بۆ بەرگریی لە مافەکان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.