ئەندازەی پارکەکان: رێژەی سەوزایی لەنێو هەولێر لە سەدا 20 نزیکبووەتەوە
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، رێژەی سەوزایی لەنێو شارەکە لە سەدا 20 نزیکبووەتەوە و پلانیان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو ڕێژەی چاندن و بەرهەمهێـنانی دار و گــوڵ دوو هێنـدە زیــاد بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕێژەی سـەوزایی لەنێو شاری هەولێر لە سەدا 20 نزیکبووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو پلانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەنێو شاری هەولێر بۆ ساڵی 2023 ئامادەی کردبوو، بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ماوەی ساڵی 2023، 126 هەزار و 321 دار و، 84 هەزار و 851 گوڵی جۆراو جـۆر لە 54 شوێنی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر چێندراون.
ئامانجی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوەیە بۆ ساڵی 2024 ڕێژەی چاندن و بەرهەمهێـنانی دار و گــوڵ دوو هێنـدە زیــاد بکـرێـت و پشــت بـە بەرهەمـی خــۆمـاڵی بـبـەسترێت.