بە وێنە؛ هاووڵاتییانی سۆران دژی هێرشەکانی سەر هەولێر خۆپیشاندنیان کرد
K24 - هەولێر
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەوروبەری، وەک نەڕەزایەتییەک بەرامبەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندانیان کرد.
هاووڵاتییان لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوایان کرد چیدیکە هەرێمی کوردستان بە هەندێک تۆمەتی بێ بنەما نەکرێتە ئامانج و خەڵکی سڤیل نەکوژرێت. ئاماژەشیان بەوە کرد، ئامانجی یەکەمی ئێران لەو هێرشە مووشەکییانە، تێکدانی ئاسایش، سەقامگیری و ئارامی کوردستانە.
بەشێکی دیکەی هاووڵاتییانیش باسیان لەوە دەکرد، ئێران چاوی بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و دەیەوێت لە رێگەی بە ئامانجگرتنی وەبەرهێنەر و سەرمایەداران؛ رێگری لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بکات.