بە وێنە؛ سەرۆکوەزیران بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پرۆژەکەی بە "یەکێک لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان" ناو برد و گوتی، "بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت".