مەسرور بارزانی: پلانە ستراتیجییەکەمان لە بواری ئاودا، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە
دووشەممە، 16-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی (بەنداوی دووین)ـی لە سنووری پارێزگای هەولێر دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد "ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیيانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان ڕابكێشن.