
وێنەی دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024، دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەرواریی باڵا، لە گوندی بریفکای سنووری پارێزگای دهۆک دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 100 خێوەت بۆ نیشاندانی بەرهەمە خۆماڵیەکان دانراون، بازارێکی ئازاد و شوێنێکی تایبەتیش وەکوو چێشتخانە بۆ فرۆشتنی خواردنە کوردەوارییەکان کراوەتەوە.
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمە بۆ ناساندنی بەرهەمی جووتیارانی دەڤەرەکە و دەڤەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و بە بازاڕکردنیان هەم لە ناوخۆ و هەمیش هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات. لە فێستیڤاڵەکەدا، بێجگە لە نیشاندانی بەروبوومی جووتیاران، چالاکییەکی هونەریش بە بەشداریی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە چوو.
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە کە تێیدا وێنەی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەروبوومە خۆماڵییەکان، ناوچە شوێنەوارییەکان و کاری دەستی ئافرەتان نیشان دران.










