
مام دەروێش چرای قورئان لە دڵی منداڵاندا دادەگیرسێنێت
مام دەروێش لە گوندی قەرەوەیس سەربە ناحیەی قەرەھەنجیر لە پارێزگای کەرکووک، بووەتە چرایەکی ڕووناک بۆ منداڵانی گوندەکە و ماوەیەکی زۆرە منداڵان فێری بنەماکانی ئیسلام و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەکات.
محەممەد عەبدوڵڵا حوسێن تەمەن 78ساڵ، ناسراو بە "مام دەروێش" بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی تەرخانکردووە بۆ ئەوەی منداڵان فێری قورئانی پیرۆز بکات و ھەوڵ دەدات بەردەوام بن لەسەر بەھاکانی برایەتی و خۆشەویستی. مام دەروێش سەرەڕای سەختی ژیان، ھیچ کاتێک لە فێرکردنی منداڵانی گوندەکەی سارد نەبووەتەوە. چیڕۆکی ئەو لەگەڵ قورئاندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی خۆی، کاتێک لەلایەن مامۆستای گوندەکەیانەوە فێری بنەماکانی ئیسلام و خوێندنەوە قورئان دەبێت و دواتر خۆیشی دەبێتە مامۆستای منداڵانی گوندەکە.






















