
مزگەوتی ئامێدی؛ جوانی و مێژوو لە یەک شوێندا
مزگەوتی گەورەی ئامێدی و منارە سەرنجڕاکێشەکەی کە ڕێکخراوی یونسکۆ وەک شوێنەواری مێژوویی دانیپێدا ناوە، دەکەوێتە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک و مێژووی دروستکردنی دەگەرێتەوە بو ساڵی 573 بەرامبەر بە 1177 م لە کۆتایی سەردەمی دەوڵەتی ئەمەوی.
قەزای ئامێدی جیاوازترین ھەڵکەوتەی لە نێو شارەکانی کوردستاندا ھەیە، ئەم شارۆچکەیە کە 90 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دھۆک دوورە، بە شێوەی ئەڵقەیی و قەڵایی لەسەر تاشە بەردێکی گەورە لە لووتکەی شاخێک بونیاد نراوە، سروشتی جوان و شوێنەواری مێژوویی نایابی ئامێدی وەک مەدرەسەی قوبەھان، دەروازەی شارەکە، مزگەوتە کۆنەکەی، ئەم شارۆچکەیەی کردووەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری.
لە نێو شوێنەوارە مێژووییەکانی ئامێدی دا، منارەی مزگەوتی گەورە شوێنێکی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەم منارەیە کە لە سەردەمی سوڵتان حوسێن والی پێش شەش سەدە بونیاد نراوە، 30 مەتر بەرزە و بنکەکەی سێ مەتر پانییە، لە ڕێگەی دەرگاکەیەوە کە یەک مەتر و نیو پانییە، دەتوانیت بەناو 103 پەیژەکەیدا سەربکەویت بۆ سەرەوە.
بە ڕووبەرێکی دوو هەزار مەتریی چوارگۆشە، مزگەوتی گەورەی ئامێدی لە حەرەمێکی بەرفراوان پێکدێت کە قوبەی جیاوازی بەردین و قوری تێکەڵاوە. حەرەمەکە کە لە دوو ئاستی سەرەوە و خوارەوە دروست بووە، بەشی سەرەوەی لە دەوری سوڵتان حسین والی بونیاد نراوە و بۆ نوێژیکردنی ئافرەتان شوێنی تایبەتی تێدا دروستکراوە.
ژمارەی دانیشتووانی ئامێدی شەش ھەزار کەسە و لە ھەزار و 200 خانووی ئەم شارەدا دەژین، ئەم شارۆچکە بچووکە بووەتە شوێنی پێکەوەژیانی چەند نەتەوە و پەیڕەوانی چەند ئایینێک.

















