
یونیسێف: لە غەززە 64 هەزار منداڵ کوژرا و برینداربوون
ڕێکخراوی یونیسێف، تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە تازەترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، لە دوو ساڵی ڕابردووی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس، 64 هەزار منداڵ کوژراو بریندار بوون، لە نێوانیاندا نزیکەی هەزاریان منداڵی ساوان.
یونیسێف لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداریداوە لە بەردەوامی برسێتییەکی توند لە باکووری کەرتی غەززە و ئاماژەیداوە، خەریکە باشووری کەرتەکە دەگرێتەوە، بەدخۆراکی و نەبوونی خۆراکی پێویست، بە تایبەت بۆ منداڵان جێگەی نیگەرانییە و شۆک هێنەرە، هەروەها گەشەکردنی منداڵان بە تەواوی زیانی پێگەیشتووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە 14 منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون، هەروەها نازانرێت ژمارەی ئەو منداڵانەی بە هۆی نەخۆشی و پێنەدانی ڤاکسین و پێکوتەکان، گیانیان لە دەست داوە، چەندە، جگە لەوەش هیچ ئامارێک نییە لە بارەی تەرمی ئەو منداڵانەی کە لە ژێر باڵەخانە ڕوخاوەکاندا ماونەتەوە.
یونسێف ڕایگەیاندووە، ئەوان پێشوازی لە هەموو هەوڵێک بۆ ئاشتی و ئاگربەست دەکەن، پێویستە شەڕ ڕابگیرێت، هاوکات جەخت دەکاتەوە، دەیانەوێت کەرتی غەززە و ناوچەکە بە گشتی لە ئاشتیدا بژین، پشگیری پلانی ڕاگرتنی شەڕ ئازادکردنی بارمەتەکان دەکەن، هیوادارین بە خێرایی و بێ دروستکردنی بەربەست، پڕۆسەی ئاشتی بەرەو پێشەوە بچێت.
هەروەها ڕێگاکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە دەست دانیشتووانی غەززە، بە تایبەتی بۆ منداڵان.