ئارین مەسرور بارزانی لە ئاکرێ پێشوازیی لە وەزیری لاوانی بەحرەین کرد
ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری دامەزراوەی کوردستان، لە ئاکرێ پێشوازیی لە وەزیری کاروباری لاوانی شانشینی بەحرەین و نوێنەرانی لاوانی جیهان کرد؛ ئەم کۆبوونەوەیە وەک ئامادەکارییەکە بۆ لووتکەی جیهانیی لاوان کە بە بەشداریی زیاتر لە 800 گەنجی 47 وڵات لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری دامەزراوەی کوردستان، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی دووەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکی تۆڕی هیوای جیهانیدا لە ئاکرێ، پێشوازیی لە خاتوو رەوان بنت نەجیب تەوفیقی، وەزیری کاروباری لاوانی شانشینی بەحرەین کرد.

ئەم ئێوارەخوانەی پێشوازیکردن کە بە هاوکاریی دامەزراوەی کوردستان سازکرابوو، میوانانی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی لاوانی کۆکردەوە بەر لە دەستپێکردنی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026، کە بڕیارە لە رۆژانی 24 تاوەکو 26ـی تشرینی دووەم لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەکە بەشداریی لاوانی نێودەوڵەتیی لەگەڵ میواندۆستیی کوردی، موزیکی رەسەن و ئاڵوگۆڕی کولتووریدا تێکەڵ کرد، بەمەش دەرفەتێکی بە میوانەکان بەخشی تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای میراتی کولتووریی هەرێمی کوردستان بن و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە بەشداربووەکان بەهێزتر بکەن.

هەروەها چالاکییەکە رەنگدانەوەی پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی نێوان دامەزراوەی کوردستان و تۆڕی هیوای جیهانی بوو، کە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتییە بە سەرۆکایەتیی بەحرەین بۆ برەودان بە بەهێزکردنی لاوان، گەشەپێدانی سەرکردایەتی، داهێنان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە سەرکەوتووەکان لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا.

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کوردستان و بەحرەین
کۆبوونەوەکەی ئاکرێ دوای چەندین ساڵ لە پەیوەندی و کارکردنی هاوبەش دێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین، کە کۆبوونەوەی دیپلۆماسیی ئاستبەرز و هاوکاریی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و دامەزراوەکانی تایبەت بە لاوانی لەخۆگرتووە.

لە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئارین بارزانی وەک بەرپرسی یەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، سەردانێکی فەرمییان بۆ بەحرەین ئەنجام دا و لەگەڵ خاوەن شکۆ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە و شازادە سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بەحرەین کۆبوونەوە. لە میانی سەردانەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، فراوانکردنی هەماهەنگی و دیاریکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری لە بوارە جێبایەخە هاوبەشەکاندا کرد.
ئەو پەیوەندییە ئاستبەرزانە یارمەتیدەر بوون لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەحرەین، کە زەمینەیەکی گرنگیان بۆ هاوکارییەکانی دواتر لە بواری گەشەپێدانی لاوان، هاوبەشیی دامەزراوەیی و ئاڵوگۆڕی کولتووریدا رەخساند.

پەیوەندییەکانی ئارین بارزانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لەوانە بەحرەین، ئیمارات و قەتەر، بەشێکە لە کارەکانی بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە دامەزراوە هەرێمییەکان و دەرفەتە نێودەوڵەتییەکانەوە.
هەروەها لە رێگەی سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەی کوردستانەوە، ئارین بارزانی پشتگیریی لە پەرەپێدانی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە جەخت لە بەهێزکردنی گەنجان، پتەوکردنی دەرفەتەکانی خوێندن و هاندانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەنەوە.

بەشداریی دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن لە تۆڕی هیوای جیهانیدا
وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکاندا لە ساڵی 2025 رووی دا، کاتێک کوردستان فاوندەیشن بووە ئەندامی تۆڕی هیوای جیهانی. بە رێنمایی و دیدگای دامەزرێنەرەکەی، ئارین بارزانی، شاندێکی دامەزراوەکە لە 22ـی ئابی 2025 لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی کاروباری لاوانی شانشینەکە سەردانی بەحرەینی کرد. شاندەکە کە بە سەرۆکایەتیی د. یارا بەرزنجی بوو، لەگەڵ بەرپرسانی بەحرەین، لەوانەش وەزیر رەوان بنت نەجیب تەوفیقی، کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری لە بوارەکانی گەشەپێدانی لاوان، ئاڵوگۆڕی کولتووری، داهێنان و هاوبەشیی دامەزراوەیی.
دواتر لە میانی کۆبوونەوەیەکی تۆڕی هیوا لە تشرینی یەکەمی 2025، ئەندامێتیی دامەزراوەی کوردستان راگەیەندرا، کە ئەمەش هەرێمی کوردستانی زیاتر بە سەکۆیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بەهێزکردنی لاوانەوە بەستەوە.
تۆڕی هیوای جیهانی کە لە ساڵی 2024 لەلایەن شانشینی بەحرەینەوە دامەزراوە، وەزارەتەکانی لاوان، دامەزراوە حکوومییەکان و رێکخراوەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونە نیشتمانییە سەرکەوتووەکان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی نەوەی نوێ دەبنەوە.

تۆڕەکە لە رێگەی کۆبوونەوە و چالاکییە نێودەوڵەتییەکانییەوە، نوێنەرانی بەشداربوو هان دەدات بۆ هاوبەشیکردنی باشترین ئەزموونەکان لە بوارەکانی خوێندن، هەلی کار، کارسازی، داهێنان و سەرکردایەتیدا.
دامەزراوەی کوردستان بەشداریی لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی تۆڕەکەدا کردووە و بەشدار بووە لە گفتوگۆکان لەسەر دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە لاوان و دەرفەتەکانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە بەشداربووەکان.
کۆبوونەوەی ئاکرێ دەرفەتێکی دیکەی رەخساند بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە، بە هێنانی نوێنەرانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بەر لە دەستپێکردنی لووتکەی سێ رۆژەی جیهانیی لاوان.
دیدگای ئارین بارزانی بۆ بەهێزکردنی لاوان
وەک دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، ئارین بارزانی بەهێزکردنی لاوان، پەروەردە، بەردەوامی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی خستووەتە چەقی کارەکانی دامەزراوەکەوە.
دامەزراوەکە لە ساڵی 2024 دامەزراوە و لە رێگەی سێ کۆڵەکەی سەرەکییەوە کار دەکات: ئینتیما (Belong)، بنیاتنان (Build) و بوون (Become).
دەستپێشخەرییەکانی بریتین لە: خۆبەخش (Volunteer.KRD)، کار (Jobs.KRD)، کەشوهەوا (Climate.KRD)، بەهێزکردن (Empower.KRD)، 10 کێشە و 10 چارەسەر (10 Problems, 10 Solutions) و ناوەندی لاوان (Youth Hub)، کە لە رێگەی کاری خۆبەخشی، رەخساندنی هەلی کار، داهێنان و بەشداریی کۆمەڵایەتییەوە پشتگیریی گەنجان دەکەن.
کوردستان فاوندەیشن دەستپێشخەرییەکانیان گەیشتوونەتە زیاتر لە دوو ملیۆن سوودمەند و لە ساڵی 2026ـدا 38 پرۆژە جێبەجێ کراون.
