داعش پەلامارى عامریەى فەلوجەى دا
چەكدارانى داعش بەردەوامن لە پەلامارەكانیان بۆ سەر ناوەندە حكومییەكانى عێراق
K24 – ھەولێر
چەكدارانى داعش بەردەوامن لە پەلامارەكانیان بۆ سەر ناوەندە حكومییەكانى عێراق و لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ پەلامارى دامەزراوەیەكى حكومییان لە ناوچەى عامریەى فەلوجە لە خۆرئاواى بەغدا دا.
رۆژى چوارشەممە (10-6-2015) "سەباح عەبدوڵڵا"، ئەندامى ئەنجومەنى خۆجێى عامریەى فەلوجە، رایگەیاند: "دوو چەكدارى خۆكوژى داعش بە جلوبەرگى هێزەكانى پۆلیسى عێراق، بە پشتێنى بۆمبڕێژكراوەوە پەلامارى بیناى ئەنجومەنى شارەوانى ناحیەى عامریەیان دا، لەو كاتەدا ئەنجومەن لە كۆبوونەوەدا بوو".
گوتیشى: "هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانى بیناكە، توانیان رێگرى لە گەیشتنى ئەو چەكدارانە بە ئامانجەكەیان بكەن و بەر لەوەى خۆیان بتەقێننەوە، هەردووكیان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژران".
لەو بارەیەوە، "رائد عارف ئەلجەنابى"، بەڕێوبەرى پۆلیسى فەلوجە، رایگەیاند، دوو خۆكوژەكەى داعش بە چەكى كڵاشینكۆف و دەمانچە پەلامارى پۆلیسەكانى بەردەرگایان داوە و لە ئاكامى رووبەڕووبوونەوەى چەكدارى نێوان هەردوولا توانراوە دوو خۆكوژەكە بكوژرێن.
ئەو ئەفسەرە روونیشیكردەوە، دوو هاووڵاتى و دوو پۆلیس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.