لە سامەڕا 7 چەكداری داعش كوژران

پۆلیسی ئيتيحادى ده‌ڵێت: "بلدۆزەرێكی بۆمبڕێژكراومان تەقاندووەتەوە"

K24 – سامه‌ڕا:

پۆلیسی ئيتيحادى عێراق لە پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند، ھێزەكانیان لە  مەكحول و سامەڕا 7 چەكداری داعشیان كووشتووە و ژمارەیەك پێگەی ئەو چەكدارانەشیان خاپوور كردووه‌.

فەرماندەیی پۆلیسی ئيتيحادى ئاشكرایكردووە، ھێزەكانیان لە لیوای 4 لە بەرزاییەكانی مەكحول و بە دیاریكراوی لە گوندێكی ناوچەكە سێ چەكداری داعشیان كووشتووە و ھەروەھا بە مووشەكی فەجریش بلدۆزەرێكی بۆمبڕێژكراویان تەقاندووه‌تەوە.

ھاوكات لە رۆژئاوای شاری سامەڕا، ھێزەكانی لیوای 10، چوار چەكداری داعشیان لە شەڕوپێكدادانێكدا كووشتووە. مۆڵگەیەكشیان تەقاندووه‌تەوە كە چەك وتەقەمەنییەكی زۆری تێدابووە.

لە لایەكیدیكەوه‌ وەزارەتی بەرگری عێراق دیمەنی بۆردومانكردنی چەكدارانی داعشی لە پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین بڵاوكردەوە.

ئاماژەی به‌وه‌ كردووە، فڕۆكە جەنگییەكانیان لە ژمارەیەك میحوەر لە پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین، گورزی كوشندەیان لە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش وەشاندووە و زیانی زۆری گیانی و ماددیان پێ گەیاندوون.

وەزارەتی بەرگری عێراق راشیگەیاندووە، ئەو ئامانجانەی دەستنیشانكرابوون، بە وردی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆردومانكران. بەو ھۆیەوە ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و مۆڵگەكانی داعش، تێكشكێندران.

Fly Erbil Advertisment