یەكگرتوو: بڕیارەمان نەداوە لە حكوومەت بكشێینەوە
"كامێرا لە كۆبوونەوەكان رۆڵی نەرێنی گێراوە"

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند کە بڕیاریان نەداوە لە حكوومەتی هەرێم بكشێنەوە و لەم پرسەدا بڕیاری یەكگرتوو پەیوەندیی بە ھیچ لایەنێكەوە نییە.
لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژی كوردستان 24، لەسەر مژاری دانووستان و رێكەوتنی سیاسیی لە نێوان حزبە سیاسییەكان لە باشووری كوردستان، خەلیل ئیبراھیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو گوتی: "وەك یەكگرتوو بڕیارمان نەداوە لە حكوومەت بكشێینەوە و بڕیاری یەكگرتوو پەیوەندیی بە ھیچ لایەنێکی دیکەوە نییە و لە ھەر ئەگەرێكیشدا بۆ رای جەماوەری خۆمان دەگەرێینەوە، چونكە پێشتر بۆ بەشداریكردن لە كابینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەر لایەنێكی سیاسیی بە جیا لەگەڵ پارتی رێكەوتنیان كردووە".
ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو ئاماژەشی کرد کە: دوور لە چاوی كامێرا ئەوان بەردەوامن لە ھەوڵەكانیان بۆ سازان و رێكەوتنی سیاسیی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، گوتیشی: "كامێرا لە كۆبوونەوەكان رۆڵی سلبی ھەبووە، بەڵام لە نێو حزبەكان نییەت ھەیە بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان".
خەلیل ئیبراھیم جەختیشی کرد لەوەی کە: "دەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕان كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لە نێوانیاندا ھەیە بییان خەنەڕوو تا بتوانن چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە".