رۆژنامەیه‌ك: ئێران له‌ په‌ره‌پێدانی مووشه‌كی بالیستی به‌رده‌وامه‌

کۆشکی سپی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران دوادەخات

K24 -هەولێر:

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی رایگەیاند، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران فەرمانی بە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کردووە به‌خێرایی درێژە بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكیی ئێران بدات.

رۆژنامەکە دەڵێت: "کۆشکی سپی ئەمریکا بڕیاریدا سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران دوابخات".

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه كردووه‌، رۆحانی فەرمانی بە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کردووە بەجدی و خیرایی درێژە بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی دوورهاوێژی ئێران بدات.

ئەم فەرمانەی رۆحانی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونەوەی هه‌واڵی سزادانی ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ په‌ره‌پێدانی سیسته‌می مووشه‌كی بالیستی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  رۆحانی لە نامەیەكدا بۆ حوسێن دھقان، وەزیری بەرگریی ئێران نووسیویەتی: "لەبەرئەوەی حكوومەتی ئەمریكا درێژە بە سیاسەتی دوژمنكارانەی خۆی و دەستێوەردانی ناڕەوا و نایاسایی لە كاروباری وڵاتەكەماندا دەدات، پێویستە لەسەر هێزە چەکدارەکانمان بە خێرا و بەشێوەیەکی گەورە توانا مووشەکییەکانیان زیاتر بکەن".

رۆژنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دوای تاقیكردنەوەی مووشەكی عیماد لە لایەن ئێرانەوە، (ئەگەر هەبوو) باراك ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆ بخاتەسەر 12 كۆمپانیا و چەندین كەسایەتیی لە ئێران و ھۆنگ كۆنگ و میرنشینی عەرەبیی یەكگرتوو، بەڵام ئێران ئەو گەمارۆیانە بە نایاسایی دەزانێت". هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "کۆشکی سپی دواجار بڕیاریدا پرسی زیاتر سزادانی ئێران دوابخات".

سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی كردووەتەوە كە بەرنامەی مووشەكیی ئێران ھیچ پەیوەندییەكی بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی (5+1) نییە.

Fly Erbil Advertisment