دوای 25 ساڵ سعوودیه باڵیۆزخانه‌ی خۆی له به‌غدا ده‌كاته‌وه
K24 - به‌غدا:
كه‌ناڵی "ئه‌لعه‌ره‌بییه" بڵاویكرده‌وه، عه‌ره‌بستانی سعوودیه بڕیاریداوه دوای 25 ساڵ، باڵیۆزخانه‌ی خۆی له به‌غدا ده‌كاته‌وه.
دوای داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه له ساڵی 1990، عه‌ره‌بستانی سعوودیه بڕیاریدا باڵیۆزخانه‌ی خۆی له عێراق دابخات و باڵیۆزی خۆی له‌و وڵاته بكێشێته‌وه.
حكوومه‌تی ریاز سامر سه‌بهانی وه‌ك باڵیۆزی نوێی خۆی له عێراق دیاریكرد و سه‌بهان، بۆ كه‌ناڵه‌كه "ئه‌لعه‌ره‌بیه" گوتی: "دووباره كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه، واده‌كات هه‌ردوو وڵات هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانی ئاسایش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی".
سامر راشیگه‌یاند، ده‌كرێت به‌هۆی كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ببێته، هاوكارییه‌كی باشتر پێشكه‌ش به هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بكات.
بڕیاریشه دوای پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ، ده‌رگای باڵیۆزخانه‌ی سعوودیه له به‌غدا، له رێوڕه‌سمێكدا به به‌شداربووانی به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوو وڵات بكرێته‌وه.
له دوای 2003ه‌وه و هاتنه سه‌ر حوكمی شیعه له عێراق، ریاز به به‌رده‌وام به‌غدای به چه‌وساندنه‌وه‌ی عه‌ره‌به سوننه‌كان تۆمه‌تباركردووه و به‌رپرسانی به‌غداش ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه.