ئه‌ردۆغان: پێويستمان به ئیسرائیله
ره‌وشی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌كه وا ده‌خوازێت
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پێویستی به ئیسرائیله و چه‌ند ههنگاوێكیشیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانییان ناوه.
ناكۆكی نێوان ئه‌نقه‌ره و ته‌لئه‌بيب به‌هۆی كه‌شتی ئازادی، كه بۆ شكاندنی ئابڵۆقه‌ی غه‌زه له ساڵی 2010، توركیا ره‌وانه‌ی كه‌ناراوه‌كانی فه‌له‌ستینیی كردبوو، هاته ئارا و 10 چالاكی تورك له‌ناو كه‌شتییه‌كه له‌لایه‌ن تیمێكی تایبه‌تی ئیسرائیله‌وه كوژران.
به‌ر له‌و رووداوه، به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، توركیا تاكه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئیسرائیله له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر 2016 گوتی: "ئیسرائیل پێویستی به وڵاتێكی وه‌ك توركیایه له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه قه‌بوڵ بكه‌ین كه ئێمه‌ش پێویستمان به ئیسرائیله و ئه‌وه‌ش ره‌وشی راسته‌قینه‌ی ناوچه‌كه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كانی نێوانمان به راستگۆییانه جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئاسایی ده‌كه‌ینه‌وه".
به‌رپرسانی ئیسرائیلیش ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانییانی رووداوی كه‌شتی ئازادی توركیا، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی.
ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌بێت نووسراوێك له‌نێوانماندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی زامنی جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان بكات".