مەحموود سەنگاویی: كاك كۆسرەت ھەقی خۆیەتی بە دۆسییەی نەوتی كەركووكدا بچێتەوە
"ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ توركمانی شیعە دەیكات سیاسەتی خۆكوشتنە"

K24- كەركووك
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند، كاك كۆسرەت رەسوول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی ھەقی خۆیەتی بە دۆسییەی نەوتی كەركووكدا بچێتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كوردستان24)، مەحموود سەنگاویی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان راشیگەیاند: "ئەوانەی كێشە دروست دەكەن لە خورماتوو جەماعەتی مالیكین، ئەوان قازانجیان لە ئاژاوەدایە، بەڵام خەڵكی توركمانی شیعە زەرەر دەكەن، دوایان لێدەكەم دووژمنایەتیی لەسەر خۆیان كەم بكەنەوە ئەگەرنا دوا رۆژ ناتوانن لە خورماتوو بژین، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ توركمانی شیعە دەیكات سیاسەتی خۆكوشتنە".
لە بەرامبەر داوای حەشدی شەعبیی بۆ چۆڵكردنی سایلۆی شارۆچکەی خورماتوو لە لایەن پێشمەرگە، مەحموود سەنگاویی، گوتی: "بە ھیچ شێوەیەك ئامادەنین سایلۆی خورماتوو چۆڵ بكەین، چەندین ساڵە پێشمەرگە لەوێ نیشتەجێیە و شوێنێكی ستراتیژییە بۆ پاراستنی شارەكە، ئەوانەی ھاتوون لەوێ كێشە بۆ توركمانی شیعە دروست دەكەن بەشێكیان خەڵكی ئەوێ نین، خورماتوو شارێكی كوردستانییە و كەس ناتوانێ داگیری بكات".
لە بارەی دۆسییەی نەوت و پێكھێنانی لێژنەیەك لە لایەن كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركووك لەسەر داھاتی نەوتی كەركووك، مەحموود سەنگاویی دەڵێ: "ھەموومان پشتگیریی لەوە دەكەین لێژنەیەك دروست بكرێت بە داھاتی نەوتدا بچێتەوە، ئەگەر دكتۆر نەجمەدین نەوتی فرۆشتووە بۆ خزمەتی كەركووك ھەقوایە سوپاسی بكەین، ئەگەر بە فیڕۆشدراوە ھەقی خۆیەتی كاك كۆسرەت وەك جیگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە دۆسییەی نەوت و ھەموو دۆسییەكانی دیكەدا بچێتەوە".