سوپاى پاسداران 200 "جاشى كورد" ره‌وانه‌ى سووريا ده‌كات
مه‌ترسى ئه‌وه هه‌يه ره‌وانه‌ى عێراقيش بكرێن و بخرێنه
K24 – مهاباد:
حزبى ديموكراتى كوردستان (حدك)، ئاشكرايكرد، له چه‌ند رۆژى رابردوودا، كۆمارى ئيسلامى ئێران زياتر له 200 "جاش"ى ره‌وانه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ له سووريا كردووه.
له لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی ديموكراتی كوردستان، خالید وەنەوشە، رايگەیاند، "چەند رۆژ بەر لە ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران 200 كەس لە جاشه‌كانى شاری مھاباد بە بیانووی زیارەتى شوێنه مه‌زهه‌بييه‌كان ناردووە بۆ شاری مەشھەد، بۆ ئەوەی لەوێوە بە پاسپۆرتی تایبەت بیانێرێت بۆ شەڕی سووریا".
ئەو بەرپرسەی حزبی ديموكراتی كوردستان گوتی: "لەبەر بارودۆخی خراپی ئابووری و ھەژاری لە رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، هه‌ندێك كه‌س ناچاركراوون په‌نا ببه‌نه به‌ر هه‌ڵگرتنى چه‌ك بۆ كۆمارى ئيسلامى و ببنه جاش".
روونيشيكرده‌وه، "رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشوەختە 30 مليۆن تمەنی ئێرانی بە ھەر كه‌سێك ده‌دات، كه ده‌بێته جاش و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه بڕياره ره‌وانه‌ى سووريا بكرێن پێشوه‌خته ئه‌و بڕه پاره‌يه‌يان وه‌رگرتووه".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردايه‌تى حدك، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، "سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاژاوەگێڕی و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی دەوروبەر دامەزراوە، لە عێراق ھەر بە قسە حكوومەتی به‌غدا ھەیە، ئەگینا چەرخی سیاسەتی عێراق لەدەست ئێران دایە".
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌رى ناردنى ئه‌و "جاشانه" بۆ ناو عێراق و به‌شداريكردنيان له شه‌ڕى داعش له ريزى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبييدا، ئه‌و به‌رپرسه باڵايه‌ى حزبى ديموكرات، كه له رێكخستنه‌كانى ناوخۆى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه زانيارييان به‌ده‌ستده‌گات، گوتى: "دوور نییە ھێزی چەكداریی ئه‌و جاشانه‌ى بۆ ناو ریزەكانی حەشدی شەعبیش ناردبێت."
بە گوتەی خالید وەنەوشە، ئێران لەبەر ئەوەی ژمارەی كوژراوەكانی لە سووریا بەرز بووەتەوە و كەوتووەتە بەر رەخنە و ناڕەزایەتی بنەماڵەی پاسدارە كوژراوەكانی، ھەوڵ دەدات لە ناو كوردەكان ھێزی چەكدار بنێرێتە ناو ریزەكانی سوپای سووریاوە.
ھەرچەندە ئێران نايه‌وێت، ھەواڵی بەشداريكردنى فه‌رمانده و هێزه‌كانى سه‌ر به سوپاى پاسداران و فه‌يله‌قى قودسى ئه‌و سوپايه له شه‌ڕى سووريا به فه‌رميى بڵاوبكاته‌وه و ئامارى كوژرا و برينداره‌كانيان ده‌شارێته‌وه، بەڵام بە گوێرەی ھەواڵه‌كانی میدیاى ناوخۆيى ئێران و ده‌ره‌كييه‌كان، لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا نزيكه‌ى 5 ھەزار ئەندامی سوپای پاسداران بۆ پارێزگاری لە رژێمی بەشار ئەسەد چوونەتە سووریا و ژماره‌يه‌كى به‌رچاو له فه‌رمانده به ئه‌زموونه‌كانى ئه‌و سوپايه‌ش له سووريا له لايه‌ن گرووپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سوورياوه كوژراوون.
دەگوترێت تائێستا ژمارەی كوژراوانی سوپای پاسداران لە سووریا گەیشتووەتە 400 كەس، كە زۆربەشیان لە ئەندامانی پلە بەرزی سووپای پاسداران بوون.
ئێران و سووریا دوو ھاوپەیمانی ستراتيژین، لە ئەدەبیاتی سیاسی سەربازی ئێران‌دا، سووریا وەك ئەندامی ميحوه‌ری بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و پردی پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان ھەژمار دەكرێت.
ئا: له‌يلا قادرى