گوته‌بێژی گۆڕان چی له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ده‌ڵێت

زانیاریی نوێ لای كێیه‌

K24 – سلێمانی:

گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئاگاداری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نیيە بۆ ھەرێمی كوردستان.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان 24، شۆڕش حاجی, گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند, "ئاگام لە وادەی گەڕانەوەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نییە".

لە بارەی دەنگۆی ھاتنەوەی نەوشیروان مستەفا و ھەبوونی پڕۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەكان و دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان شۆڕش حاجی گوتی: "ئەوەندەی پەیوەست بێت بە منەوە ئاگام لەو پڕۆژەیە نییە".

سەبارە بە گفتوگۆی لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گوتی: "زۆر پێویست و گرنگە ھەموو لایەنەكان كۆببنەوە, بەڵام تەنھا بۆ كۆبوونەوە نەبێت، كە دانیشتن تەنازولیشی تێدابێت با لایەنێك تۆزێك سازش بۆ ئەوەی دیكە بكات، ئەوەی كە برا گەورە بێت با سینگی لەوانی دیكە فراوانتر بێت، ھەر لایەنێك پڕۆژەیەكی باشی ھەیە بە ھەمووان جێبەجێی بكەین. چونكە چەپڵە بە دەستێك لێ نادرێت".

فارس ناوڕۆڵی، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی رایگەیاند, "پارتی لە دوا كۆبوونەوەدا كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو داوای كرد كۆتایی بە كۆبوونەوەكان نەھێنرێت بگەینە پڕۆژەیەكی كۆتایی, به‌ڵام لایەنەكان كۆتاییان پێھێنا، پارتی دوای رووداوەكانیش رایگەیاندووە بە دیلی گفتوگۆ ھەر گفتوگۆییە، ئامادەین بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ گۆڕان و ھەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبینەوە".

نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر لە سێ مانگە كوردستانی جێ ھێشتووە، بە گوێرەی لێدوانی بەرپرس و میدیای بزوتنەوەكە بۆ چارەسەری تەندروستی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە نەوشیروان مستەفا، دەگەڕێتەوە و پڕۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ھەرێمی كوردستان و نێوان لایەنە سیاسییەكان رادەگەیەنێت، بەڵام گوتەبێژی بزوتنەوەكە رایگەیاند، كە ئەو ئاگاداری گەڕانەوە و پڕۆژەكەی رێكخەری گشتی گۆڕان نییە.

Fly Erbil Advertisment