نوێنەری سیستانیی باسی مووچە دەکات و هۆشداریی دەدات

"ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایی کۆمەڵایەتیی ترسناک هەیە"

K24 – به‌غدا:

عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانیی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق هۆشداری دایە حکوومەت و رایگەیاند, بڕیاری لە ناکاو ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایی کۆمەڵایەتیی ترسناک و هەڕەشە لە بناغەی سەرەکیی گوزەرانی هاوڵاتییان بكه‌ن.

عەبدولمەهدی کەربەلائی لە وتاری نوێژی هەینی ئەمڕۆ 15ى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، لە شاری کەربەلا، رایگەیاند: "عێراق لە دۆخێکی دارایی و ئابووریی سەختدایە، بەهۆی بەردەوام دابەزینی نرخی نەوت کە سەرچاوەی زۆربەی داهاتی بودجەی ساڵانەی عێراقە، بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان".

عەبدولمەهدی کەربەلائی گوتیشی: "دەربازبوون لەم قۆناغە سەختە بە کەمترین زیان بەدی نایەت، مەگەر بە هەماهەنگیی هەمووان و پەیڕەوکردنی پلانێکی زانستیی داڕێژراو نەبێت، کە خەڵکی بە ئەزموون دایدەڕێژن".

نوێنەری سیستانیی هاوکات له‌ باره‌ی بڕیاره‌ له‌ ناكاوه‌كانی حكوومه‌ت هۆشداریدا و رایگه‌یاند: "بڕیاری لە ناکاو کە ره‌نگه‌ ببنە هۆی دروستبوونی زەمینە لەرزەی کۆمەڵایەتیی ترسناک و هەڕەشە لە بناغەی سەرەکیی گوزەرانی هاوڵاتییان دەکەن".

نوێنەری مەرجەعییەتی باڵای شیعە ئاماژەی هه‌روه‌ها گوتی: "گرنگییدانی حکوومەت بە بواری ئەمنیی بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی داعش, پاساو نییە بۆ گرنگینەدانى لایەنی پەیوەندیدار, بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی گونجاو".

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان لە دوو ساڵی رابردوو نزیکەی 60% دابه‌زیوه‌ كه‌ ئێستا نرخه‌كه‌ی کەمتر له‌ 30 دۆلاری ئەمریکیيه‌، ئەمەش وەک حکوومەتی عێراق دەڵێت لەپاڵ تێچووی شەڕی داعش بوونه‌ته‌ هۆی ئەوەی داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینکراوانی ئەو وڵاتە نەکات.