ئەمریكا گەمارۆی نوێی خستە سەر بەرنامەی مووشەكی ئێران
"گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر 11 كۆمپانیا و بەرپرسی ئێرانی"
.jpg)
K24 - ئێران:
تەنیا چەند كاتژمێرێك دوای ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانی پەیوەندار بە بەرنامەی ناووكی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەدا، گەمارۆی نوێی لە دژی بەرنامەی مووشەكی ئەو وڵاتە دەركرد.
وەزارەتی گەنجینەی چاودێریی داراییە دەرەكییەكانی ئەمریكا (OFAC) رایگەیاند، "گەمارۆی ئابووریی بۆ 11 كۆمپانیا و بەرپرسی ئێرانی پەیوەندار بە بەرنامەی مووشەكی بالێستیی تاران دەركردووە".
ئەو وەزارەتەی ئەمریكا لە دژی تاقیكردنەوەی مووشەكی بالێستیی (عیماد) لە لایەن ئێرانەوە ئەو بڕیارەی دەركردووە، بەڵام تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە باراك ئۆباما بڕیاری خۆی بۆ جێبەجێكردنی ئەو گەمارۆ نوێیانە بە گۆنگرێس راگەیاندووە.
بەرپرسانی ئەمریكا گوتوویانە: "ئەو كۆمپانیا و كەسە ئێرانیانەی ئەو گەمارۆیانە دەیانگرێتەوە، لە ھۆنگ كۆنگ و ئیمارات نیشتەجێن".
بە پێی ئەو بەیاننامەیە، كۆمپانیای مەبروكە (Mabrooka) لە دوبەی و دامەزرێنەری ئەو كۆمپانیایە (حوسین پوورنەقشبەند) بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئێران لە بەرھەمھێنانی (فیبری كاربۆن)، كە بۆ بەرھەمھێنانی مووشەكی بالێستی بەكار دێت لە پێڕستی ئەو گەمارۆیانەدان.
ئەو گەمارۆیانە دوو كەناڵی دیكەی پەیوەندار بە ئێرانیش دەگرێتەوە كە دەگوترێ لە بەرنامەی مووشەكی ئێراندا رۆڵیان ھەیە، بە گوێرەی ئەو بڕیارە، پارەی ئەو كەس و كۆمپانیایانە لە بانكەكانی ئەمریكا دا دەستیان بەسەرداگیراوە.
ھەروەھا كۆمپانیایی (ئانھۆی لەند گرووپ) لە ھۆنگ كۆنگ كە دەگوترێ لەگەڵ پورنەقشبەند پەیوەندی ھەیە گەمارۆی خراوەتەسەر.
ئەو گەمارۆیانە، 5 بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئێرانیش دەگرێتەوە، لە بواری پشتیوانی ھێزە سەربازیی و كۆمپانیاكانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی مووشەكی چالاكن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاروونیشیكردەوە: "ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ كۆمپانیاكانی كوریای باكوور لە پەیوەندیدان، كە ئەوانیش گەمارۆی ئەمریكایان لەسەرە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا، ئێرانی بە ناردنی پسپۆڕانی مووشەكی بۆ كوریای باكوور تۆمەتبار كردووە".