رێکەوت زەکی: خەڵك لە قەیراندا دەژین ئەنجوومەنی سلێمانیش باسی گۆڕینی ناوی شارۆچكەیەك دەكات
چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەیان بایکۆت کردووە

K24- سلێمانیی:
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی رایگەیاند، لە كاتێكدا خەڵك لە قەیراندا دەژین، ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر گۆڕینی ناوی شارۆچكەیەك كۆدەبێتەوە.
رێكەوت زەكی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنمان كرد، لە كۆی 32 ئەندام 11 یان ئامادەی كۆبوونەوە بوون، بۆیە كۆبوونەوەكە دواخرا".
گوتیشی: "بایكۆتكردنمان بەھۆی تەوەری كۆبوونەوەكە بوو، چونكە لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان لە قەیراندا دەژین، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەدا باس لە گۆڕینی ناوی ناحییەی پێباز دەكات بۆ باوەنوور، ئەمە ھۆكاری بایكۆتكردنمان بوو بۆ كۆبوونەكە".
بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی بایكۆتكردنی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، كۆبوونەوەكە بۆ سێشەمەی داھاتوو دواخرا.